ئۆپەراسیۆنی تورکیا و سووتانی بازاڕەکانی کوردستان

هەموو کەس دەزانێ بازاڕی لەنگە هەژارترین بازاڕە و سەرمایەی خاوەن سەرمایە و بەرپرسی ملیاردێری حیزبی تێدایە نیە، بەپێچەوانەوە بازرگانەکانی حیزب بە ئاواتی رووخان و نەمانی بازاڕی لەنگەن بۆ ئەوەی ئەوێش بکەن مۆڵی زەبەلاح. بۆ بازاڕەکانی دیکەش هەر ڕاستە.

هێنانی هێزی تورکیا بە ئاشکرا و بە زرێپۆشەوە بۆ ئامێدی و دهۆک، سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر. باشبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ناردنی مووچە تاوەکو دەگاتە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە سووتانی بازاڕەکان یەک پاکێجن. پاکێجێک بۆ رەوایەتیدان بە هێرشێکی نابەرانبەری فراوان دژی سنووری پارێزگای سلێمانی و پەکەکە.

ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆن

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تورکیا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینیی فراوان لە هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەش بە قۆناغی جیا ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردووە و لە ئانووساتی دەستپێکردندایە.

هەنگاوەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە بەهاردا خێرابوون و کۆتایی بەهار گەیشتە لووتکە، مانگەکانی سێ، چوار و پێنج، سوپای تورکیا بەشێکی لەو ناوچە سنووریانە کۆنترۆڵکرد، کە لەلایەن پاسەوانی سنوور یان هێزەکانی سنووری بادینانەوە (سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان) پێشتر بەڕێوەدەبران. دوای ئەوە ئەو لووتکانەی کە سەختن، تورکیا لە رێگەی ئەو کوردانەی لەژێر ناوی پاسەوانی سنووردا دەوام دەکەن، بە ئاڵای عێراقەوە دەینناردنە ئەوێ و پێیان کۆنترۆڵ دەکردن و دواتر ئەوان دەگەڕانەوە و سەربازی تورک دەچوونە شوێنیان.

یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی تورکیا بە هاوکاری دەسەڵاتی ناوچەکە کە پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا دەسەڵاتدارە، ڕاکێشانی هێڵی کارەبا بوو بۆ ناوچە سەختەکان و جێگیرکردنی خۆیان، بەشێوەیەک لە هەندیک شوێن خانوویان دروستکردووە و هەموو پێداویستییەکانی جەنگییان تێدا جێگیر کردووە.

هەروەها لە چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری ئامێدی چەندین رێگەیان بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل دروستکردووە، کە جگە لە تورک، دەسەڵات و بەشێکی بەکرێگیراوان لەو سنوورە کاریان بۆ کردوون.

لە مانگی پێنجدا ئامادەکارییەکان بەرەو کۆتایی چوون و هێزێکی زۆری تورکیا هێندرایە دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ، بیانووی هێزەکە پاراستنی سنوورەکە بووە گوایە نۆژەن دەکرێتەوە.

قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی تورکیا لە هەفتەی رابردووەوە گەیشتووەتە کۆتایی، ئەویش دوای ئەوەی هێزەکانی سنووری سەرزێڕێ بە ئاشکرا و بە بەرچاوی خەڵکەوە هێندرانە نێو شارەکان، بەشێوەیەک لە سنووری قەزای ئامێدی بازگەیان داناوە و لێپرسینەوە لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن.

سەردانی ئەردۆغان

تورکیا بە پاساوی پەکەکە ساڵانێکی زۆرە هەوڵی داگیرکردنی زۆرینەی باشووری کوردستان دەدات و تاڕادەیەک لە زۆنی زەرددا سەرکەوتووە. تەنگاوبوونی تورکیا بە جۆرێک بوو، دوای ١٣ساڵ ئەردۆغان ناچار بوو خۆی مل بدات و ٢٢یمانگی چواری ٢٠٢٤سەردانی بەغدا بکات و دواتر بچێتە هەولێر.

ئەردۆغان زۆرینەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بینی، ئامانجی یەکەمی پشتیوانیکردنی بەغدا و هەولێر بوو لە هێرشەکانی، هەرچەند لە رابردوو هەولێر هەمووکات گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا کراوە بووە، بەڵام بەغدا ئەگەر جارێک گڵۆپی پرتەقاڵیشی هەڵکردبێ، ١٠جار سووری کردووە و لەو بابەتەدا رەق بووە لەگەڵ تورکیا.

دوای سەردانەکەی ئەردۆغان و سەردانی پێشتری هاکان فیدان بۆ بەغدا، حکومەتەکەی شیاع سوودانیش بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا نەرمی نووند و شل بوویەوە.

لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا و لە پڕ ناردنی پارەیەکی زۆر بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک لیتر نەوت یان یەک دینار داهاتی نانەوتی بداتە بەغدا رێککەوت نەبووە، بەڵکو 'رێککەوتنێەکە' بە نێوندگیریی تورکیا کراوە، لە بەرامبەردا تورکیا رێگەیەک بەناوی "گەشە پێدان" لەگەڵ عێراق دەکاتەوە، هاوکات ئاڵوگۆڕی بازرگانیان دەبەنە پێشەوە و بەڵینیشیان بە بەغدا داوە، نەوتی کوردستان نەکڕن بەبێ رەزامەندی تورکیا و هیچ هاوکارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکەن بەبێ گڵۆپی سەوزی تورکیا، بۆ ئەوەش هەرێمی کوردستان بەرەو بچووکی دەبەن و پێکەوەش هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، لێرەدا عێراق بە لاواز بوونی هەرێمی کوردستان قازانجی گەورە دەکات و تورکیاش بە ئاواتەکەی دەگات، کە بە پشتیوانی راستەوخۆی بەغدا هێرش بکات و پارتیش بە فەرمیی هاوکاریی بکات.

ئاگرەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک

ئەمساڵ دوو جار ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە، یەکەم جار شەوی ٢٧ی مانگی دوو و دووەمجاریش بەیانیی ٨ی مانگی چوار، هەروەها رۆژی یەکی مانگی چوار ئاگرێک لە بازاڕی چەلێی دهۆک کەوتەوە. 5ی مانگی پێنجیش بازاڕ لە قەیسەری هەولێر کەوتەوە و ١٩ی هەمان مانگ ئاگر لە قەیسەری کۆنی کەرکووک کەوتەوە، هەر لەو چەند مانگەی ئەمسالدا چەند ئاگرێک لە کۆگا نایاساییەکانی سووتەمەنی کە تایبەتن بە بەرپرسانی حیزب کەوتنەوە.

زۆرینەی ئاگرەکان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە دەرکەتن کە چی بوون، بەشێکیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و ئەوانەی بازاڕی لەنەگەش ئەو کەسانە تۆمەتبار کراون و دەستگیرکران کە پاراستنی بازاڕەکەیان لە ئەستۆ بوو (سکوریتییەکان) ئێستاش بەشێکیان زیندانن. ئەوانەی سووتەمەنییەکانیش هەمووی بە دیمەن بڵاوکرانەوە کە هۆکار زۆرینەی پەستان و کاتی بەتاڵکردنی سووتەمەنی بوون.

کاتی ئۆپەراسیۆن

ئێستا کە تورکیا پشتیوانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدای بەدەستهێناوە و ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی فراوانی زەمینی و ئاسمانی، تەنیا پێویستییەک کە ماویەتی پشتیوانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. ئێستا بەغدا و هەولێر پێکەوە ئەو رووداوی ئاگرانە دەخەنە ئەستۆی پەکەکە بۆ ئەوەیە، لە ناوخۆ و دەرەوەدا بڵێن ئەها پەکەکە چی بەو خەڵکە و بازاڕ و قوتی خەڵک کردووە، لەو کاتەدا رەزامەندی بەشێکی خەڵکی نزیک خۆیان بەدەستدێنن، کە لە بیانوون دژی خەباتی پەکەکە و هەمیشە پاساو بۆ تورکیا دەهێننەوە و بەدوای پاساوی ناڕاست و بێ بنەمادان.

هەموو مرۆڤێکی ژیر گرنگە لەو یارییانە تێبگات؛ ئایا پەکەکە بۆ بازاڕی لەنگە دەسووتێنێت! لەکاتێکدا هەموو کەس دەزانێ بازاڕی لەنگە هەژارترین بازاڕە و نە سەرمایەداری تێدایە، نە خاوەن سەرمایە و بەرپرسی ملیاردێری حیزبی تێدایە، بەپێچەوانەوە بازرگانەکانی حیزب بە ئاواتی رووخان و نەمانی بازاڕی لەنگەن بۆ ئەوەی ئەوێش بکەن مۆڵی زەبەلاح. ئەمە بۆ بازاڕەکانی دیکەش هەروایە.

بۆچی یەکێتی تێوەدەگلێنن!

هەولێر و بەغدا دەڵێن، گوایە دووان لەوانەی ئەو بازاڕانەیان سووتاندووە چەکداری سنووری سلێمانی و دژە تیرۆری یەکێتین! ئەردۆغان دوای گوشارەکانی بە داخستنی ئاسمانیان بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی و بێ ئومێدبوونیان لە دەسەڵاتدارانی یەکێتی ناچارن ئەم فیلمانە دروست بکەن، هەم لە یەکێتی بدەن هەمیش لە پەکەکە، بۆ ئەوەشە یەکێتی نەتوانێ بە ئاشکرا دژی پیلانەکە بووەستێتەوە، چونکە ئەوکات تورکیا و پارتی بە میدیا و خەڵک دەڵێن "ئەوەتا وتمان یەکێتی شەریکی پەکەکەیە".

سیناریۆکان کۆن و چەند بارە و بێ بنەمان، لای خەڵکی هۆشیار ڕوونە و ناهۆشیارەکانیش خۆیان لە گێلی دەدەن، ئەگەرنا ئەوانیش هەر تێدەگەن.