لەدوای کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەری سەرۆککۆمار و ئەوانەی لەگەڵیدابوون، کە بووە هۆی مردنی ئیبراهیم رەئیسی و حسێن ئەمیرعەبدووڵاهیان وەزیری دەرەوە، لە کاتێکدا کە تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا بە دوای تەرمەکانی کوژراوانی رووداوەکەدا دەگەڕان، عەلی خامنەیی بە خستنەڕووی ئەوەی کە مردنی رەئیسی هیچ بۆشاییەک لە ئیدارەدانی دەوڵەت ناهێنێتەئاراوە دڵئارخەیانی بە هەمووان بەخشی. هەرچەندە گومانەکان لە بارەی چۆنیەتی رووداوەکە لە ئارادابوون و تائێستاش نەڕەویونەتەوە، بە خێرایی بەخاکسپاردنی تەرمی رەئیسی و هاوەڵەکانی بواری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە رەخساند و جارێکی دیکە کەشی سیاسی ئێرانی تووشی کفوکوڵ کرد.
دوای دوو هەفتە هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار، رۆژی هەینی رابردوو بە هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان ئەو هەڵمەتە تەواو بوو. چۆنێتی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری سەرۆککۆمار لە کاتێکدا دوو هەلیکۆپتەرەکەی دیکە بە بێ هیچ زیانێک گەیشتنە شوێنی مەبەست، بووەتە هۆی ئەوەی باس لە پاکتاوی ناوخۆییش بکرێت. دۆخی هەرێمایەتی و گرژی و پێکدادانەکانی ئێران و ئیسرائیل کە تا لێواری شەڕێکی هەمەلایەنەش چوو، وەرسوڕانی دەوڵەت لە بناژۆخوازانەوە بەرەو روخسارێکی نوێ کە هەردوو باڵەکە بە هی خۆیانی دەزانن و دەتوانرێت بە تێکەڵەیەک لە هەردوو باڵەکە دابنرێت، گریمانەی زۆر دەخاتە بەردەممان. هەڵبژاردنی پزیشکیان وەک ریفۆرمخوازێک، لە کاتێکدا کە زۆرێک لە رێبەرانی ریفۆرخوازی لەئێستادا یا بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان قەدەغە کراوە یاخود لە ماڵدا دەستبەسەرن، ئەمەش جێگەی راوەستە و تێڕامانە.
بۆچی لەوەها قۆناغێکدا وەرچەرخانێکی لەم جۆرە پێویست بووە؟ لە خولی رابردوودا بە هاتنەسەرکاری رەئسی سیاسەتەکانی ئێران بە ئاراستەی هەژمونی هەرێمایەتی بوون، عەلی خامنەیی وەک دەستە راستی خۆی ئەوی ناودێر کردبوو. رەئیسی لەو کەسانەبوو کە لە "لیژنەی مەرگ"دا بەشداربوو، پێشبینیش دەکرا یەک لە بژاردەکانی شوینگرتنەوەی خامنەیی بێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران لە ژێر کارتێکەری دوو رووداوی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکیدا ئەنجامدرا. بەر لە هەموو شتێک بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی دۆخێکی نوێی کۆمەڵایەتی هێناوەتە کایەوە و بووەتە مایەی دروستبوونی کەلێن و قەڵشتێکی قووڵ لە نێوان دەسەڵات و خەڵک و دەرخەری باڵادەستی گوتاری هێزەکانی پەراوێز بەرامبەر بە ناوەندە، لە هەگبەیدا داواکاری نوێ ورادیکاڵ هەیە و رێکارەکان و بوارەکانی دەرچوون لە کۆماری ئیسلامی لە خۆیدا حەشارداوە. ئەم بزوتنەوەیە توانیویەتی یەکگرتوویەکی قووڵ لە نێوان هێزە کۆمەڵایەتیەکان ەوانە ژنان، گەنجان، نەتەوەکان و ئایینزاکان ناو ئێران ساز بکات کە چەندین ساڵ بوو لەلایەن گوتاری دەسەڵاتەوە لە ژێر گوشاری چڕدابوون. ئەوان توانیان کە لە سەردەمی ئەم جوڵانەوە نوێیەدا داواکارییەکانیان بە روون و راشکاوی بخەنەڕوو. بەم جۆرە دوور لە چاوەڕوانی نەبوو کە ئەندازیاریکردن و داڕشتنی هەڵبژاردن بە جۆرێک بێت کە وەڵامدەری بەشێک لە داواکارییەکان بێت. لەبەرامبەردا سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران و گرژییەکانی دوای شەڕی غەززە زیاتر لە جاران ئێران و ئیسرائیلی بەرەو رووی یەکتر کردەوە. دۆخێکی لەم جۆرە نەک هەر لەلای ئێران بەڵکوو لای ئەمریکاش خوازراو نییە، هەربۆیە دەبوو سیاسەتێک بە ئاراستەی هاوکاری لەگەڵ دەرەوە بگیرێتەبەر، لەم پەیوەندیەدا هەڵبژاردنی دەرفەتێکی لەباربوو لەپێناو وەڵامدانەوە بۆ هەردوو دۆخی ناوخۆ و دەرەوە.
لەئێستادا ئێران لە رووی سیاسەتی دەرەوەی تەنگیپێهەڵچنراوە و لە رێگەی شەڕی غەززەوە کە داوێک بوو، ئیسرائیل ویستی ئێران پەلکێشی ناو شەڕێکی هەمەلایەنە بکات. بەم ئاراستەدا تورکیاش رۆڵی هاندانی گێڕا. گرژییەکانی دەوروپشتی ئێران زیاتر بوون و هاوکارییەکانی ئیسرائیل-تورکیا-ئازەربایجان مەترسیان بۆ سەر ئێران دروست کردووە. لەم چوارچێوەدا ئیسرائیل هەوڵ دەدات چۆک بە ئێران دابدات، تورکیش با خوڵقاندنی دۆخی قیراناوی شەڕانگێزی دەکات و هەوڵ دەدات سنوورەکانی میساقی میللی فراوان بکات. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە دەوڵەتی تورک کە هاوپەیمانێتیەکی نێوان ئیخوان موسلمین و گورگە بۆرەکانە کەڵکەڵەی دامەزراندنی تورکستانی گەورەی لە مێشکدایە، کە لە مۆنگولیاوە دەستپێدەکات و بە تێپەڕبوون لە ئاسیان ناوەڕاست، لەخۆگرتنی چەند بەشێکی ئێران، تا کەناراوەکانی دەریای رەش و دەریای ناوەڕاست شۆڕدەبێتەوە. پەرەپێدان بە پان تورکیزم کە راستەوخۆ لەلایەن مەهەپەوە رێکدەخرێت، مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئێران.
هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان کە هەڵگری ناسنامەی ئیتنیکی کوردی و تورکی ئازەریە بژاردەیەکی گونجاو بوو کە سیستم بە شێوەی مەبەستدا هێنایە پێشەوە. هەروەها دەزانین کە پزیشکیان لە دوای سەرکەوتنی لە کێبرکێی هەڵبژاردندا بە روونی وتی، "ئەگەر ئایەتوڵا خامنەیی نەبووایە. ناوەکەم لە سندووقەکانەوە نەدەهاتە دەرەوە". پزیشکیان مەلا نییە و لە بەرەی ریفۆرمخوازانەوە نزیکە و سیستمی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات کە لە رێگەی روخسارێکی نوێوە چیتر مەلاکان نەکاتە ئامانج بۆ خەڵک و لە پاڵ ئەوەشدا کۆدەنگی دیموکراتیکی نێوان نەتەوەکانی ئێران کە بەرهەمی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادییە، لە رێگەی پزیشکیانەوە کاریکاتۆریزەی بکات و داواکارییەکانیان ریفۆرمیزە بکات.
ئایا پزیشکیان توانا یاخود دەسەڵات و رێگەپێدانێکی بەم جۆرەی هەیە؟
نابێت لەبیر بکرێت کە رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو زۆر کەمتر بووە. ئەگەر پێشتر رژێم لەرێگەی شانۆی هەڵبژاردنەوە دەیتوانی لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی رەوایەتی بەدەستبخات، ئەمجارە کەمبوونەوەی ئاستی بەشداری، هاواری کەسەکانی سەر بە دەسەڵاتیشی بەرزکردەوە. خەڵک یەکجار بێهیوان لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە رێگەی ریفۆرمخوازییەوە. لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنەکەدا لە ماوەی هەفتەی هەفتەی رابردوو نەیانتوانی بە ترس و تۆقاندن و هەڕەشە ئاستی بەشداری خەڵک بگەیەنە لەسەدا ٥٠.
لە کاتێکدا کە دەسەڵات لە رێگەی سەرکوت و تۆقاندن بە پشت بەستن بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەن هەوڵی دەدا چۆک بە خەڵک دابدات، بەڵام بایکۆتی کارای خەڵک دەریخست کە براوەی سەرەکی ئەن هەڵبژاردنە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە. لە ئەگەرێکدا کە سیستمی کۆماری ئیسلامی لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادییەوە مەترسیەکانی سەر خۆی باشتر هەست پێنەکردبێت وهەوڵ نەدات بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی، هەڵبژاردنی پزیشکیان نەک هەر رێگە چارە نییە، بەڵکو کۆتایی هاتنی ئەو دەرفەتەیە کە هاتووەتە ئاراوە. ئەوانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە جارێکی دیکە بە هیوای ریفۆرم و چاکسازی دەنگی خۆیان خستووتە سندووقە، ئەمانەش دوایین بەشی خۆڵەمێشی کۆمەڵگان کە هێشتاش هەوڵ دەدەن لە رێگەی چاکسازی و ریفۆرمەوە داواکارییەکانیان بهێننە دی.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی و هێزە دیموکراتیکەکان کە لە رەوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا بەشداری کارایان هەبوو و خوازیاری دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دیموکراتیک لە هەناوی کۆمەڵگابوون، دەتوانن رۆڵی کارایان لە دەرچوون لەم چەقبەستووییە هەبێت. نابێت لە بیر بکرێت کە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی راستڕەوی دژبەرانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادی بوونیان هەیە، هەربۆیە تێکۆشان لە چوارچێوەی رێکخراو و هاوپەیمانی پتەو پێویستیەکی بەردەوامی شۆڕشە. مەسعود پزیشکیان و تیمەکەی دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە ئەگەر پشت بە خەڵ نەبەستن و داواکارییە دیموکراتیەکەکانیان نەهێننە دی، چارەنوسی ئەوان لەوانەی پێش خۆیان باشتر نابێت. هەروەها گەمەی ناو بازنەی دەسەڵات و بەکارهێنانی دەنگی خەڵک بۆ ئەم گەمەیە دەتوانێت دوایین بەخت و دەرفەتی رژێم بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لەبار ببات و لە لێواری هەڵدێر نزیکی بکاتەوە.
هـ . ب