پارێزەر بیلمەز: نابێت چیتر سی پی تی بێدەنگی بنوێنێت

پارێزەر بیلمەز وتی: "لە کۆتا خاڵی دۆخی خراپی ئیمرڵیداین، لەمە خراپتر نابێت، پێویستە ئیدی سی پی تی خاڵی ٢/١٠ی ڕێکارەکانی خۆی بەرامبەر تورکیا جێبەجێ بکات."

گۆشەگیری ئیمراڵی کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەپێنراوە لە چ ئاستێکدایە؟ مافی حوکمدراوانی ئیمراڵی بۆ دیداری پارێزەر و بنەماڵەکانیان بە چ شێوەیەک ئاستەنگ دەکرێت؟ بۆچی سی پی تی لەبەرامبەر ئەو بێ یاسانەدا بێدەنگە؟ پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ شکاندی گۆشەگیری چ جۆرە کارێک دەکەن؟

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵێ فورات (ANF)ەوە پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئیبراهیم بیلمەز وەڵامی کۆی ئەم پرسیارانەی دایەوە و هەڵسەنگاندی بۆ دۆخی ئیمراڵی کرد.

لە دەستپێکی قسەکانیدا ئیبراهیم بیلمەز باسی بارودۆخی زیندانی ئیمراڵی کرد و وتی: "زیندانی ئیمراڵی لە ستاتۆی زیندانی جۆری ئێفی  وەزارەتی داد دایە، کە ستاتۆی جۆری ئێف لەو گرتوخانەن قبوڵکراو نین. بارودۆخ لەو زیندانەدا گۆشەگیرییە. لەبەرامبەر ئەمەدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا، ماوەیەکی زۆرە لە تێکۆشاندان. بارودۆخی گرتووخانەی ئیمراڵی دووهێندەی بارودۆخی زیندانەکانی جۆری ئێف سەختترە.

ڕەوشی ئیمراڵی تابێت خراپتردەبێت. نزیکەی ٤٠مانگە ناتوانین لە موەکیلمان بەڕێز ئۆجالانەوە هیچ زانیارییەک وەرگرین. لە کۆتا تەلەفونی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ەوە لەو کاتەوە نەمانتوانیوە زانیاری لە بەڕێز ئۆجالانەوە وەربگرین. لەو قسەکردنەدا بەڕێز ئۆجالان بە براکەی ڕاگەیاندبوو 'دەمەوێت تورکیا یاساکانی خۆی جێبەجێبکات. دەمەوێت چاوم بە پارێزەرکانم بکەوێت'.

لەو ڕۆژە بەدواوە ئێمە نەمانتوانیوە هیچ زانیاریەکمان لە بەڕێز ئۆجالانەوە دەستکەوێت. بۆ بەدەستهێنانی دیدار، هەفتەی دووجار وەک پارێزەران داواکاری پێشکەش بە داواکاری گشتی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەری زیندانی ئیمراڵی دەکەین. هەروەها بنەماڵەکانش هەفتەی جارێک داواکاری تۆمار دەکەن. لەسەر ئەم دۆسیەیە لە دادگای جێبەجێکردنی بورسا سکاڵا تۆمار دەکەین، کاتێک لەوێ سکاڵاکانمان وەرناگیرێت سەردانی دادگای تاوانی قورس دەکەین. کاتێکیش لەوێ سکاڵاکانمان وەڵام نادرێنەوە سەردانی دادگای دەستوری دەکەین.

ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی ئەوەداین دادگای دەستوری هەنگاوبنێت. بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بڕیاری ئەرێنی لەوڕوەوە نەداوە."

پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز ئەوەی بیرهێنایەوە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پێنج لە موەکیلەکانیان لە ئیمراڵی دانراون و وتی: " ئەم پێنج کەسە بۆ لابردنی گۆشەگیری خرانە ئیمراڵی و دانران. بەڵام کەچی ئەم پێنج کەسەی دیکەش وەکو بەڕێز ئۆجالان خرانە گۆشەگیرییەوە، لە زیندانی جۆری ئێفەوە هێنرانە ئیمراڵی، بەڵام ئەو مافانەی لە جۆری ئێف هەیانبوو ئەوانەشیان لێ وەرگیرایەوە. بەو مانایەی لە ئیمراڵیدا نەیانتوانی مافی چاوپێکەوتنی پارێزەرانیشیان هەبێت. ناتوانن بنەماڵەکانیان ببینن، ناتوانن سود لە مافی قسەکردن بە تەلەفونی خۆیان وەربگرن. ئەوانیش کەوتنە ناو گۆشەگیری ئیمراڵیەوە. ئەم دۆخەمان وەک گۆشەگیری بە کۆمەڵ پێناسەکرد. لەو پێناوەدا سەردانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپامان (DMME) کرد. ئەمە داواکارییەک بوو کە ئێمە پێی دەڵێین گۆشەگیری بەکۆمەڵ. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا هیچ بڕیارێکی لەم بارەیەوە نەداوە. ئەوە ١٢ساڵ تێپەڕ دەکات، بەداخەوە دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە هیچ بڕیارێکی نەداوە. بە بڕوای من ئەمە هەڵوێستێکی سیاسی دادگای مافەکانی مرۆڤە.

'ئێمەی پارێزەران خراوینەتە دەرەوەی هەموو پرۆسەکانەوە'

مرۆڤ توشی سەرسوڕمان دەکەن کە چۆن گۆشەگیرکردنێکی لەم شێوەیە، نایاساییەکەی لەم شێوەیە دەتوانرێت جێبەجێبکرێت؛ بۆ ئاستەنگکردنی دیداری بنەماڵەکان سزای دیسپلین بەکار دەهێنن. سێ مانگ جارێک ئەم سزایە لەسەر گۆشەگیرکراوانی ئیمراڵی تازەدەکرێتەوە و بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان قەدەغەدەکرێتەوە. هۆکاری ئەو قەدەغەکردنەش ڕوون نیە.

تا ئێستا لە هۆکاری سزای دیسپلینمان بۆ ڕوون نیە. ئێمەی پارێزەران خراوینەتە دەرەوەی ئەم پرۆسانەوە. هاوکات لەگەڵ داواکارییەکانمان، بڕیارەکانی سزای دیسپلینمان بۆ نانێرن، هەروەها فایلەکەشمان پێنادەن لەسەر تانەدانەکەمان، نە ڕێگەمان پێدەدەن دۆسیەکە بپشکنین. بە هیچ شێوەیەک پێمان ناگەیەنرێت. وەک پارێزەران بە تەواوی لە سیستەمی دادوەریدا بێبەشکراوین."

'لە خراپترین خاڵداین'

سەبارەت بە هەڵوێستی سی پی تی، پارێزەر بیلمەز ئاماژەی بەوەدا ئەو دامەزراوەیە بە هیچ جۆرێک هاوکاری لابردنی گۆشەگیری ئیمراڵی ناکات و وتی: "لەسەرەتاوە سی پی تی بەشداری ئەم کارەبوو. لە کاتی پیلانگێڕێکەی سەر بەرێز ئۆجالانەوە سی پی تی بەشداری کارەکانی ئیمراڵییە.

تاوەکو ئێستا نۆ جار سەردانی ئیمراڵی کردووە و لە ڕاپۆرتی هەشت جاریاندا تورکیای ڕەخنەکردووە. ئەوەی دیاریکردووە کە بارودۆخی ئیمراڵی جێگەی قبوڵکردن نیە، گۆشەگیرییەکی زۆر سەخت بەڕێوەدەبرێت. لە کۆتا ڕاپۆرتیدا دۆخی گۆشەگیری ئیمراڵی بە دۆخی 'ونبوون' چواندووە.

بەڵام تورکیا بەهیچ شێوەیەک ڕەخنەکانی سی پی تی لەبەرچاو نەگرتووە و سەرڕاستی نەکردۆتەوە. لەمرۆدا لە خراپترین خاڵێ گۆشەگیری ئیمراڵیداین. ماوەی ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک نادرێت. چاوپێکەوتن ڕاگیراون. وەڵامی نامەکان نادرێتەوە. هیچ پەیوەندیەک نیە. تەنها گریمانەی ئەوە دەکەین کە موەکیلەکانمان لە ئیمراڵیدان.

وەک پارێزەران ناتوانین ئەمە پشتڕاستبکەینەوە. ناتوانین دۆخی تەندروستیان پشتڕاستبکەینەوە. دۆخی لەم شێوەیە دەگوزەرێت، گەر سی پی تی لە دامەزراندی ئەم سیستەمەدا هەبێت ئەو کاتە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت سی پی تی هیچ ڕۆڵیکی نیە. سی پی تی لەم ڕووەو بەرپرسارێتی دەکەوێتە ئەستۆ.

'ئیمراڵی زیندانێکی ئاسایی نیە'

تا ئێستا سی پی تی ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە کۆتا سەردانی ئیمراڵی ئاشکرا نەکردووە. بەڵی ڕاستە؛ بۆ ئەوەی سی پی تی بتوانێت ڕاپۆرتی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە، پێویستە تورکیا قبوڵی بکات. بەڵام لە قۆناغی ئێستادا ٢٥ ساڵە گۆشەگیرییەکی سەخت هەیە، ماوەی ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک نیە. ئیمراڵی زیندانێکی ئاسایی نیە. تەمەنی بەڕێز ئۆجالان لە هەڵکشاندایە و کێشەی تەندروستی هەیە. دۆخەکە بە هیچ جۆرێک ئاسایی نیە. بۆیە نابێت سی پی تی ئەم دۆخە بە ئاسایی وەربگرێت. گەر تورکیا ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە نەدا، پێویستە سی پی تی خاڵی ٢/١٠ی ڕێکارە یاساییەکانی جێبەجێبکات، کاتی ئەوە هاتووە.

'پێویستە ئیتر سی پی تی قسە بۆ ڕای گشتی بکات'

لە چوارچێوەی ئەم خاڵەدا، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەی کە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە نادات، یان سەبارەت بە وڵاتێک کە ساڵانێکی زۆرە پێشنیارەکانی سی پی تی جێبەجێناکات، سی پی تی دەتوانێت ڕاگەیاندراو بدات. ئەوە ئاشکرا بکات کە ئەو وڵاتە بەپێی پەیمانی ئەوروپا ناجوڵێتەوە. بۆیە بەڕای ئێمە تورکیا بەرەوە ئەو خاڵە هەنگاو دەنێت. بەم پێییە پێویستە ئیدی سی پی تی ڕاگەیاندراو بدات. کاتی ئەوە هاتووە، چونکە دۆخەکە لەمە خراپتر نابێت."