بە دیمەن

ژنان لە بەرلین کۆبوونەوە: پێویستە ڕێکخستن و یەکگرتن بەهێز بکرێت

ژنان لە کۆنفرانسی بەرلین کۆبوونەوە، دەربارەی عەسکەرتارییەت و توندوتیژی باوکسالاری دوان و پەیامیاندا " پێویستە ڕێکخستن و یەکگرتن بەهێز بکرێت".

کۆنفرانسی ژنان

لە کۆنفرانسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سەدان ژن کۆبوونەوە، کاریگەری وێرانکەری عەسکەرتارییەت و توندوتیژیی باوکسالارییان لەسەر کۆمەڵگە هەڵسەنگاند.

کۆنفرانسەکە بە بەشداری نووسینگەی ئاشتی ژنانی کوردی جەنی و (Feministische Organisierung Gemeinsam Kämpfen) و (Women Defend Rojava) و کژار و (Jugendkommune) بەڕێوەچوو.

ڕەوشی شەڕ و قەیرانەکان لە وڵاتانی وەک سودان و تیگرای و کۆنگۆ و کوردستان و فەڵەستین، هەروەها ڕێگەکانی چارەسەر تاوتوێ کران. ژنان لە گەلی جیاوازەوە کۆبوونەوە و تیشکیان خستەسەر توندوتیژی دژی ژنانی جیهان.

هەروەها ئاماژەکرا بە کاریگەری جەنگی جیهانیی سێیەم لەسەر ژنان.

"هەوڵ دەدەن بەزۆرەملێ گەل بکەنە بەشێک لە سیستەم"

لە دانیشتنی یەکەمدا، لەسەر ناوی یەکێتیی گابریالای ژنانی فلیپین لە ئەڵمانیا، کاسی قسەی کرد، گوتی: "هەرچەند گەل نایەوێت، کەچی هێزە ئیمپریالیستەکان دەیانەوێت بە زۆرەملێ گەل بکەنە بەشێک لەم سیستەمە".

لانکویرای کە خەڵکی چیلییە، ڕایگەیاند کە بۆ هەرێمی والماپو بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە و گوتی:"کۆمەڵگای ئەمڕۆ ناتوانێت بیر لە ژیانێک بکاتەوە بەبێ هەبوونی شار، بەڵام لە ڕابردوودا مرۆڤ بە شێوەیەکی زۆر جیاواز ڕێکدەخران. دەبێت دووبارە لەوە تێبگەین کە لە ڕابردوودا چۆن ڕێکخراو بووین، لەسەر ئەم بناغەیە ئەم یەکگرتن و ڕێکخستنە گرنگە".

تیشکخرایە سەر "هەڕەشەی پیاوی سپی پێست"

لەسەر ناوی پلاتفۆرمی (Gemeinsam Kâmpfen) ئێمیلی قسەی کرد، تیشکی خستەسەر سەرهەڵدانەوەی ڕاستڕەوەکان، بەتایبەت پیاوی سپی پێستی باوکسالار، گوتی: "بۆ ئێمەی ژن و دایک، ئەم سەرهەڵدانەوەی پیاوی سپی پێست، مەترسییەکی جدییە. ئەم ڕەوشە نامۆبوون دەخوڵقێنێت. کاتێک باسی یەکێتی ئەوروپا دەکەین دەبێت تێبگەین کێ ئەم سیاسەتانەی دیزاین کردووە. لە نەمسا ڕاستڕەوەکان هاتنە سەر دەسەڵات، لە هەڵبژاردنی یەکەمی ئەڵمانیاش هەمان ئەنجام بینرا. لە هەنگاریا و فینلەندا و فەرەنسا و چەندین دەڤەری ئەوروپاش ڕاستڕەوەکان بەهێز دەبن. پێویستە لە سەلامەتی دەوڵەت دووربکەوینەوە و لەسەر مسۆگەرکردنی سەلامەتی کۆمەڵگە هەڵوەستە بکەین".

هەروەها لە بەلوجستانەوە، سافیە مونزور قسەی کرد تیشکی خستەسەر ڕەوشی خراپی ژنان و مناڵان لە بەلوجستان.

لە دانیشتنی دووەمدا، لە سودانەوە مەی عەلی، لە فەڵەستینەوە نورا ڕەجەب، لە کوردستان دلارا دێرک، لە بزووتنەوەی ئاشتی چالاکوانی ئەڵمانی گیسێلا نۆتز قسەیان کرد. لە کۆنفرانسەکەدا وتوێژی جدی کرا و ژنان پەیامی "پێویستە ڕێکخستن و یەکگرتن بەهێز بکرێت"یان دووپاتکردەوە.

لە کۆنفرانسەکەدا گرووپی فۆلکلۆری کورد چوونە سەر ستەیج و دواتریش ژنانی ئەفریقی گۆرانیان چڕی.