ڕژاک لە سلێمانی ناگیهان ئاکارسەلی بیرهێنایەوە

ڕژاک لە شاری سلێمانی بە مەراسیمێک یادی نووسەر و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاکارسەلی لە ساڵیادی شەهیدبوونی بەرزڕاگرت.

ناگیهان ئاکارسەل

ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تیشکی خستەسەر خەبات و تێکۆشان و ژیانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە بواری ژنۆلۆژی و گوتی: "هاوڕێمان ڕۆژنامەنووس و نووسەر و لێکۆڵەر و تێکۆشەر، دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە بەدەستی خیانەت تیرۆر کرا، ئێمە لێرەین بەڵام بۆ یادکردنەوەی نا چونکە ئێمە هەرگیز لە یادمان نەکردووە و لە یادیشی ناکەین".

لە بەشێکی دیکەی یادەکەدا ئەنجامی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە ناگیهان ئاکارسەلیان تیرۆر کرد، لەلایەن ئاڵا ئەبووبەکرەوە ئەندامی ڕژاک خرایە ڕوو، ئاڵا گوتی: "تا ئەوکاتەی دەوڵەتی تورک لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە دادگایی نەکرێت، گەڕانی ئێمە بۆ دادپەروەریی بەردەوام دەبێت، ئێمە خواستی خۆمان بۆ پاراستنی ژنان و مافەکانیان دەڕدەبڕین و جەخت دەکەینەوە لە دادگاییکردن و سزادانی تۆمەتبارانی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە کوشتنەکانی دەرەوەی دادگا و هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارن لەم تیرۆرانەدا".

نوێنەری کۆنگرەی ستاری باشووری کوردستان ڕۆزا حەسەن لە مەراسیمەکەدا گوتی: " ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە هەڤاڵ ناگیهان وەکو ژنێکی ئازادیخواز پێناسەی تێکۆشانی دەکرد، ئێمە وەک ژنان لە هەرچوارپاچەی کوردستان گرنگترین ئەرکمان پاراستنی ئەو کار و خەباتانەی ژنانە کە ناگیهان بەڕێوەی دەبرد، ناگیهان ئاکارسەل بە جەستە  لە ئێمە ڕۆشت بەڵام وەک فکر لە ناو ئێمەدا دایم زیندووە."

لەکۆتاییدا سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیان و کار و تێکۆشانی شەهید ناگیهان پیشاندرا، دواتر کتێبی شیعری شەهید ناگیهان بە بەشداربووان ناسێنرا، چەند شیعرێکی خوێنرایەوە و چالاکییەکە کۆتایی هات.