'دەمیرتاش و هاوڕێکانی وێنەی مرۆڤایەتی باڵا و درەوشاوەی دۆزی کوردن'

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، ئاگری ئەو کورەیەی تەلبەندی بۆ زیندانەکانی باکوری نیشتیمان دروستکردوە و سەلاحەدین دەمیرتاشەکانی تێدا زیندانی کراوە، بە نەوتی تاڵانفرۆشکراوی باشور کراوەتەوە.

چەند ڕۆژێکە بەهۆی داوای دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، گەلی باشور پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکە دەردەبڕن و بەو داواکاریە دڵخۆشن.

هۆشیار عەبدوڵلا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش  لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبارەی بڕیارەکە بۆچوونی خۆی نووسیوە.

هۆشیار عەبدوڵلا دەڵێت، " هیچ خیانەتێک لە مێژویی نوێی کوردا، هێندەی خیانەتیی تاڵانفرۆشیی نەوتی هەرێم بە تورکیا گەورە نیە و ئەو زیندانانەی کە دەمیرتاش و هاوڕێکانی تێیایدا زیندانیکراون بە پارەی نەوتی باشوری کوردستان دروستکراون.

نووسینەکەی هۆشیار عەبدوڵلا بەم شێوەیەیە:

" ئاگری ئەو کورەیەی تەلبەندی بۆ زیندانەکانی باکوری نیشتیمان دروستکردوە و  سەلاحەدین دەمیرتاشەکانی تێدا زیندانی کراوە بە نەوتی تاڵانفرۆشکراوی باشور کراوەتەوە.

هیچ خیانەتێک لە مێژویی نوێی کوردا هێندەی خیانەتیی تاڵانفرۆشیی نەوتی هەرێم بە تورکیا گەورە نیە.

 دەمیرتاش و هاوڕێکانی وێنە ئینسانیە باڵا و درەوشاوەکەی دۆزی کوردن، نەک ئەوانەی کە نەوتیان لەسەر حسابیی میللەتەکەیان کردە سپەر و قەڵغانیی خۆیان و خێزانەکانیان."

ف.ق