٢٧٠ حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌لای كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا تۆمار كراوه‌

نوێنه‌ری لقی ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا ڕایگه‌یاند، له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا ٢٧٠ حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دانیان تۆمار كردووه‌.

پارێزه‌ر موراد ئابا، نوێنه‌ری لقی ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا ئاشكرای كرد، له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، به‌هۆی په‌یڕه‌و كردنی ئه‌شكه‌نجه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌، ٢٧٠ حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌یان تۆمار كردووه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا ئاماره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌لایه‌ن داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورك تۆمار ده‌كات، به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی لقی ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا له‌ ساڵی ٢٠٢٢دا، هه‌زار و ٢٠١ كه‌س ئه‌شكه‌نجه‌ دراون، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیدا، ٢٧٠ حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دان تۆمار كراون.

ئه‌شكه‌نجه‌دان ڕوو له‌ زیادبوونه‌

نوێنه‌ری ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا، پارێزه‌ر موراد ئا‌با له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگه‌یاند، له‌ كۆی هه‌زار و ٧٩ كه‌س كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دراوان، ٥٤٧ كه‌س له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش، ٦١ كه‌س له‌ بنكه‌كان، ٦٩ كه‌سی به‌فه‌رمی ده‌ستگیراو له‌ بنکەکانی جەندرمە ئه‌شكه‌نجه‌ دراون. ٣٣١ كه‌سیش له‌ نێو ئۆتۆمبێلی گرتن و گواستنه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دراون. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان زیادی كردووه‌. ئه‌و ئامارانه‌ تایبه‌ت به‌ سه‌رجه‌م لقه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماره‌كان زۆر له‌وه‌ زیاترن كه‌ تۆمار كراون.

حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان زۆر له‌وه‌ زیاترن

پارێزه‌ر موراد ئا‌با جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئاماره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا تۆمار كراون زۆر زیاتره‌، چونكه‌ به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌ چه‌ند مانگێك هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ لقی ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان تۆمار نه‌كراوه‌ و وتی: بومه‌له‌رزه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی توركیا هه‌بوو، چوونكه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌مانی تێدا بوو بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك داخرا و چوونه‌ ناو بینای نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌مان قه‌ده‌غه‌ كرا، لەبەر ئه‌م هۆكاره‌ و چه‌ند گرفتێكی تر، نه‌مانتوانی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان تۆمار بكه‌ین و هه‌ربۆیه‌ دڵنیاین كه‌ حاله‌ته‌كان زۆر له‌وه‌ زیاترن كه‌ تۆمار كراون.

ئه‌وه‌ كه‌سانه‌ی بۆ ماوه‌ی ٣٠ ساڵ له‌ زینداندان داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن

موردا ئا‌با ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نزیكه‌ی ٥٠ داواكاری و حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ماوه‌ی ٣٠ ساڵ له‌ زینداندا ماون، له‌ لقی ئامه‌دی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی توركیا تۆمار كردووه‌، وتیشی: ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ماوه‌ی ٣٠ ساڵ له‌ زینداندا بوون، ده‌یان ساڵ مافه‌ ته‌ندروستیه‌كانیان پێشل كراوه‌. ئێمه‌ وه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌دان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین و ده‌یبینین.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، به‌ گوێره‌ی په‌یمانه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان، ده‌بێت زیندانیان ١٠ كاتژمێر له‌ ڕۆژێكدا پشوو بده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ توركیا ناتوانن له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ١٠ كاتژمێر پشوو وه‌ربگرن. ئێمه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌بینین.

ژ.ن