٣٣ساڵ دوای شاڵاوی ئەنفال: هەرێمی كۆردستان بووەتە بەهەشتی رزگاربوونی تاوانباران لە سزادان و لێپرسینە

لە ٣٣هەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفال، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە کەرکوک دەڵێن: "هەرێمی كۆردستان بووەتە بەهەشتی رزگاربوونی تاوانباران لە سزادان و لێپرسینەوە".

 

لە ٣٣هەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفال، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە کەرکوک دەڵێن: "بەهۆی لاوازیی سیستمی دادوەری لە هەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن ئەو پارتانەی لانەی داڵدەدانی تاوانبارنن، كۆردستان بووەتە بەهەشتی رزگاربوونی تاوانباران لە سزادان و لێپرسینەوە."

پڕۆسەى ئەنفال، پڕۆسەیەکى کۆمەڵکوژى بوو، کە حکومەتى پێشوى عێراق بەسەرۆکایەتیى سەدام حوسەین، لەسالى ١٩٨٨ دا بەرامبەر بەکوردەکانى باشوری کوردستان ئەنجامى دا، سەرکردایەتیکردنى ئەو پڕۆسەیە ڕاسپێردرابوو بە " عەلى حەسەن مەجید" کە لەو کاتەدا ئەمین سڕى نووسینگەى باکورى حیزبى بەعسی عەرەبی ئیشتراکى بوو، هەروەها وەک فەرماندەى سەربازى کارى دەکرد، لەو کاتەدا "سوڵتان هاشم" ى وەزیرى بەرگرى سەرۆکایەتى هەڵمەتە سەربازییەکانى دەکرد.

ئەو پڕۆسەیە لەلایەن هەریەک لە فەیلەقی یەکەم و پینجەمەوە ئەنجام درا، کەبارەگاى سەرەکییان لە کەرکوک و هەولێر بوو. هەروەها چەند یەکەیەکى تایبەتى گاردى کۆمارى و جەیشی شەعبی و ئەفواجى خەفیفە بەشدارییان تیادا کرد و بەهەشت قۆناغ تەواو بوو، کە لەو هەشت قۆناغەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد جینۆساید کران.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە کتێبخانەی گشتیی کەرکوک، ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانانی مەدەنی و مافپارێز لە شاری کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا. ئەو ڕێکخراوانەی کە بەشداری کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بوون بریتیبوون لە (١- ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید، ٢- تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ٣- تۆڕی ئایكان، ٤- رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ  لە كوردستان، ٥- رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی). لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەیاننامەیەکی ١٢ خاڵی خوێنداریەوە، کە چەندین داواکاریی لەخۆ گرتبوو وەکو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر تاوانبارانی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان و قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری شەهیدان، جێبەجێ کردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە .....هتد،

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕەوان تالیب چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئەو بەیاننامەیە چەند داواکارییەکی لەخۆ گرتبوو، کەتیایدا هاتبوو: "ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر تاوانێکی تری ڕژێمی بەعس دەرهەق بە گەلی کورد تێدەپەڕێت.  ئەویش تاوانی کۆمەڵکوژی زیاتر لە ١٨٢ هەزار مرۆڤە لە پرۆسەیەکدا بە ناوی ئەنفال.

ئەمڕۆ یادی قوربانیانی ئەم تاوانە قیزەونە دەکەینەوە، هێشتا برینەکانی ئەو تاوانە خوێنی لێی دەچۆڕێت و قەرەبووی مەعنەوی و ماددیی قوربانیان و کەسوکارییان نەکراوەتەوە. هەر بۆیە لە یادی ٣٣ ساڵەی تاوانی ئەنفال داواكارین:

١-  ئەو تۆمەتبارانەی ناویان لە دادگای باڵای تاوانەكان وەك تۆمەتبار هاتووە بدرێنە دادگا، بەمەش تاوانباران سزای خۆیان وەردەگرن و بێتاوانیش مافەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

٢-  لە 20-5-2007 ەوە بە فەرمی بڕیاری دەستگیركردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە دەرچوو، داواكارین لیستی تۆمەتبارانی جینۆسایدی گەلی كورد بدرێتە پۆلیسی نێودەوڵەتیی ئینتەرپول بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە دەرەوەی وڵات دادگایی بكرێن، ئەمەش كاری راستەقینەی بە جینۆسایدناسینە لە جیهاندا.

٣-  سەرلەنوێ پێداچونەوەی ورد بە دۆسیەی دادگایی ئەنفالدا بكرێتەوە و هۆكاری نەبوونی ناوی هەندێك لە تۆمەتباران لە لیستەكە روونبكرێتەوە.

٤-  پێویستە تاوانبارانی ئەنفال لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم وەك تاوانبار سەیر بكرێن بە تایبەت لە وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی، ئەو داواكارییانە بجوڵێنن، كە بۆ دادگایی تاوانبارانی ئەنفال بەرز دەكرێنەوە.

٥-  جێبەجێنەكردنی بڕیاری دادگا بۆ خۆی تاوانە بە تایبەتیش لەلایەن لقەكانی دادوەرییەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی جێبەجێ بكات.

٦-  بە یاسای تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵاكەران و شایەدەكان بپارێزێت هاوكات چاودێری وردی تۆمەتباران بكرێت تا ئەوكاتەی لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن.

٧-  پارتە سیاسییەكان ئەستۆپاكی خۆیان لە بوونی تۆمەتباران لە ریزەكانیان رابگەیەنن.

٨-  داكۆكیكردن لە هەر یەكێك لەوانەی ناویان وەك تۆمەتباری هەڵاتوو لە دادگای باڵای تاوانەكان هاتۆتەوە وێڕای ئازاردانی كەسوكاری قوربانیان بۆ خۆشی تاوانە، هاوكات نكۆڵیكردنە لە تاوانی جینۆساید، پێویستە بە یاسا ئەو كەسانە لە هەر پۆستێكدا بن سزا بدرێن.

٩-  پێویستە سەرۆك كۆماری عێراق بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە سەرجەم قوربانیانی كوردستان و عێراق بكات.

١٠-  مووچەی بنەماڵەی قوربانیان لە جینۆساید, زیندانیان و پێشمەرگەی دێرین و .... بكرێتە ستاندارد بۆ موچە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی رێز لە قوربانیان و تێكۆشانیانیان بگرترێت.

١١-  هەموو لیستەكانی مووچەی " شەهیدان، جینۆساید، بریندارانی چەكی كیمیاوی، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین" بڵاو بكرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە.

١٢- لە كۆتاییدا بەهۆی لاوازیی سیستمی دادوەری لە كوردستان "وەزارەتی داد، ئەنجومەنی دادوەری، داواكاری گشتی..." كۆنترۆڵكردنی لەلایەن ئەو پارتانەی لانەی داڵدەدانی تاوانبارانن، كۆردستان بووەتە بەهەشتی رزگاربوونی تاوانباران لە سزادان و لێپرسینەوە، تا گەیشتووەتە ئاستێک لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كەناڵەكانی راگەیاندنەوە شانازی بە رابردووی خیانەتی خۆیانەوە دەكەن و هاوشان دەسەڵاتداران پرۆژەكان دەكەنەوە و لەسەردەمی كۆرۆنا مەراسیمی گەورەیان بۆ سازدەكرێت و وەك شۆڕشگێڕ نیشان دەدرێن و تەرمەكانیان بە ئاڵای كوردستان دەپێچرێتەوە، ئەمەش بۆ خۆی سوكایەتییە بەقوربانیان.

ژ.ت