٣٩ ڕۆژە زانیاری لەبارەی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەدەوە نییە

٣٩ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕۆژنامەوان و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەدەوە بەردەست نییە.

هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژی ١ ی تشرینی یەکەم بۆ سەردان چوو بووە لای بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب. ڕۆژی ٢٥ ی تشرینی یەکەم، ئەوکاتەی دەیویست لەڕێگەی دەروازی پێشخابوور (سێمالکا)ـەوە بگەڕێتەوە باشوری کوردستان، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێنرا و ئەمە ٣٩ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە.

هەفتەیەک پاش سەرنگونبوونی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکەی دهۆک بە ڕاگەیاندراوێکی ناڕاست و پڕ لە چەواشەکاری، دووپاتیان کردەوە، ڕفاندنی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد "بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە" بە ئاشکرا هەڕەشەی سزادانی ئەم ڕۆژنامەوانەیان کرد و دانیان بە ڕفاندنیدا نا. سلێمان ئەحمەد نزیکەی ٥ ساڵە لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز وەک هەواڵساز کاردەکات.

ڕۆژنیوز تۆمەتبارکردنەکەی ئاسایشی دهۆکی پەدەکەی شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەدی کرد.

هەرچەند هەڵوێست و ناڕەزایەتییەکان دژی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد زیاتر دەبن، تا دێت گومان و نیگەرانییەکان دەربارەی ژیانی سلێمان ئەحمەد زیاتر دەبن.