بارودۆخی بەغدای پایتەختی عێراق تەواو ناسەقامگیرە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، ڕێگە سەرەکیەکان داخراون، هێزە چەکدارەکانی سەر بە لایەنە شیعەکان بۆ پاراستنی بارەگانیان، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
موقتەدا سەدر کۆڵ نادات، گۆڕەپانەکە بۆ ڕکابەرەکانی جێناهێڵێت، خاوەنی جەماوەرێکی توڕە و ئامادەیە، جێگای باسە پێنج رۆژ لەمەوبەر لەدژی لێدوانێکی حەکیم دا، کە میانڕەوترین سەرکردەی شیعەیە، لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی حیکمە، هەڵکوتانە سەر بارەگای یەکتر لە لایەن هێزە شیعەکانەوە، پێشهاتێکی تازە و مەترسیداریشە.
لەئیستاشدا بەهۆی جوڵەی لایەنگرانی سەدر، هێزە شیعەکان حەشدی شەعبیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە جاران توندترن بەرامبەر سەدر، پەیامێکی دوو دێڕی هەڕەشە ئامێزیشیان بۆ سەدر ناردبوو.
ئێستا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە عێراق هەیە كە ماوەی چەندین ڕۆژە بەردەوامە و خۆپیشاندەران لەناو پەڕلەمانی وڵاتەكەدان، رۆژی شەممە لایەنگرانی سەركردەی رەوتی سەدر لە دژی كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەكدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە ناو ناوچەی سەوز و هەڵیانكوتایە سەر پەڕلەمان و تا ئیستاش بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک مانگرتنی لایەنگرانی سەدر لەناو پەرلەمانی عێراق و ناچەی سەوز بەردەوامی هەیە، ئێستا دۆخەکە بە شێوەیەکە پێشبینیکردن بۆ ئەنجامەکەی قورسە، هەموو ئەگەرەکان کراوەن، ڕوودانی ئاڵۆزی و پێکدادان، یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیکە.
چوارچیوەی هەماهەنگی پێیانوایە تا ئێستاش سەدر و پارتی و عەرەبی سونە و کازمی لەیەک بەرەن و پشتیوانیەکی گەورەی دەرەکییان هەیە، واتە ململانێ نێوخۆییەکانی عێراق بەتەواوی بە ئەجێندای دەرەکی بارگاوی بوون و چیتر بابەتەکە بە شاراوەیی نەماوەتەوە، بۆیە ئێستا دۆخەکە بەدوو ئاراستەدا دەڕوات، ئاراستەیەک پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئاراستەکەی تریش ڕێگر.
بۆیە سەرباری ئاڵۆزییەکان کە گەیشتوونەتە ترۆپک، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی ململانێکان قورسن، بەپی چاودێران ئەگەر ناکۆکییەکان سەربکێشن بۆ پێکدادان، هەم حەشدی شەعبی و هەم سەدریش خاوەنی هێز و چەکن و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئاسان نابێت.
لەلای خۆیەوە حوسێن کەرکوکی ئەندامی دێوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، سەبارەت بەدواین دۆخی عێراق، مەترسییەکانی ئاڵۆزبوون و قولبوونەوەی ململانییەکان، لاوازبوونی کورد و نەبوونی پرۆژەی کورد لە بەغدا، دەستێوەردانی ولاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەعێراق، هێرش و لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان و عێراق و چەند پرسێکی دیکە، ناوبراو لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کرد
سەبارەت بەدۆخی ئیستای عێراق، حوسێن کەرکوکی ئەندامی دێوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی وتی: "لای هەمووان ئاشکرایە کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕەوتی سەدر زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و پلانی دروستکردنی حکومەتی زۆرینەی هەبوو، بەڵام ئاستەنگی بەهێز لەبەردەم سەدر هەبوو بۆ پێکهێنانی حکومەت کە لەکۆتایدا پەرلەمانتارانی سەدر لە حکومەت کشانەوە و باردۆخی عێراقی ئاڵۆز کرد، لەپاشان بەهۆی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز بوو، چونکە سەدر و سوونەکان ئەو کاندیدە بە پیاوی نوری مالیکی دەزانن کە هەریەک لە سوونە و سەدرییەکان مێژوویەکی دوژمنکارانەیان لەگەڵ نوری مالیکی هەیە، دوای ئەوەی جێگای پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی سەدر پڕکرایەوە و چوارچیوەی هەماهەنگی سورن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، سەدر بۆی ئاشکرا بوو کە پلانەکەی جێبەجێ نەبوو".
بۆ گەلانی عێراق ئاشکرابووە کە سیاسەتمەداران هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان نیە
سەبارەت بە دەستێوەرانی دەرەکی لەپرۆسەی سیاسی عیراق حوسێن کەرکوکی ئاشکرای کرد: "بەپی هەلومەرجی عێراق لەڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و دەستێوەدانی وڵاتانی دەرەکی لەکاروباری عێراق هەیە، سەڕەڕای هەموو ئەمانە وڵاتانی هەرێمی و وڵاتانی زلهێز ئەجندای خۆیان هەیە لە عێڕاق، بەشێکی دەسەلاتدارانی عێراق کار بۆ جێبەجێ کردنی ئەجندانی دەرەکی دەکەن کە گەلی عێراق بەتەواوی پێکهاتەکانیەوە زۆر توڕەن لەو دەسەڵاتدارانەی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هاتوون و دۆخی عێڕاقیان بەم رۆژە گەیاند کە عێڕاق لەڕووی دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتیش قەیرانەکانی قۆلتر ئاڵۆزتر بوونەوە، گەلانی عێراق بۆیان ئاشکرابووە کە لایەنە سیاسیەکانی عێراق هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان نیە بۆ عێراق، کە لەدواین هەڵبژاردنیش ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیان بایکۆتی پرۆسەی دەنگدانیان کرد".
دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت ئەگەری پێکدادانی نێوان شیعەکان هەیە
هەروەها حوسێن کەرکوکی ئەندامی دێوانی سەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە: "دژایەتی نێوان سەدر و مالیکی بۆتە دژایەتیەکی نێوان دوو کەس، نەک دژایەتی نێوان دوو لایەنی سیاسی، هەموو بیربۆچوون و خوێندنەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ئەگەری پێکدادانی نێوان شیعەکان هەیە".
کورد یەکگرتوو نیە و هیچ پرۆژە و پلانێکی نیە لە بەغدا
هەروەها سەبارەت بە رۆڵی کورد لەپرۆسەی سیاسی عێراق و هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی کورد، ناوبراو ڕایگەیاند: "پێشتر کورد ڕۆلێ کاریگەر هەبووە لەیەکلاکردنەوەی دروستکردنی حکومەتی عێراق، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی ٢٠٢١، دەردەکەویت کە کورد هیچ پرۆژە و پلانێکی نیە، تەنها پۆستی سەرۆک کۆمار بە دەستکەوت دەبینین و ململانێی لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵات هەیە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، جگە لەهەردوو حزبی دەسەڵاتی کوردی، چەندین حزبی دیکە هەیە کە پلان و پرۆژەی ئەوانیش ڕوون نیە، بۆیە کورد لەبەغدا یەکگرتوو نیە و خاوەن پرۆژە نیە، لە ڕابردووشدا ئەو پاکێجانەی کورد هەیبووە لە بەغدا باکێجی حزبی بوونە نەک نەتەوەیی، ئەو ململانیەی لە نێوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان هەیە گواستراوەتەوە بۆ بەغدا کە ئەمەش خاڵێکی لاوازی کوردە".
حزبی دەسەڵاتی کوردی هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی بەدەستنەهێناوە
ئەو ئەندامەی دێوانی سەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی وتی: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی هەمیشە داوامان کردووە کە کورد دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا کەش و هەوایەکی دیموکراتی هەبێت تا تەواوی حزبە کوردییەکان ڕاوبۆچوونی خۆیان ڕابگەینن لەو بابەتانەی کە پەیوەسەتە بەمافی نەتەوەیی کورد لە عێڕاق، بەڵام نەبوونی تێگەیشتنی دیموکراتی لەنێوان لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕەنگی داوەتەوە، سیاسەتی ئیستا حزبە کوردییەکانی دەسەڵات لە بەغدا هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی بۆ کورد تێدانیە، تەنها بەیەکگرتوویی دەتوانین لەبەرژەوەندی گەلی کورد بابەتەکان یەکلایی بکەینەوە لە بەغدا".
دەتوانین بەرەیەکی دیموکراتی پێکبهێنین
سەبارەت بە لاوازی رۆڵی حزبەکانی دەروەی هەردوو حزبی دەسەڵات کوردی، حوسێن کەرکوکی وتی: "بەداخەوە زۆرجار لایەنە سیاسیەکانی دیکە چاوەڕێی (یەنەکە و پەدەکە) دەکەن بۆ بڕیاردان لە داواکارییەکانی گەلی کورد لە باشوری کوردستان. ئەو ڕێکخراوانەی کە خاوەن پرۆژەن لەگەڵ حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەتوانن بەرەیەکی دیموکراتی پێکبهێنن و ببنە دەنگی شەقامی کوردی لە بەغدا، چونکە هەردوو حزبی دەسەڵات تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەوێت نەک گەل، پێکهێنانی بەرەیەکی لەو جۆرە هەنگاوێکی دیموکراسی و نەتەوەییە تا بتوانین مافی نەتەوەکەمان لە بەغدا بەدەستبهێنین".
شەری فراوانبوونی هەژموون بەڕێوەدەبن لە عێراق
سەبارەت بەدەستێوەردانەکانی دەوڵەتانی هەرێمی لەناوچەکە و بەتایبەتی چربوونی هێرش و لەشکرکێشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، حوسێن کەرکوکی ئەوەی خستەڕوو: " لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣وە، دەوڵەتانی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەوڵیانداوە کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی عیراقدا لەڕێگەی دەستنیشانکردنی کەسە پلەدارەکانی دەسەڵات لە عێراق، ولاتانی وەکو ئەمریکا و تورکیا و ئیران شەری فراوانبوونی هەژموون بەڕێوەدەبن لە عێراق، بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا لە زۆرترین پێشێڵکاری دژی سەروەری دژی خاکی عێراق ئەنجامداوە و بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دامەزراندووە، هەروەها لە شارو شاروچکەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بۆمباران ئەنجامدەدات و هاوڵاتیانی سڤیل شەهید دەکات".
بەداخەوە ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ بڕیارێکی دژی تورکیا نەدا
دەربارەی سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ناوبراو وتی: " لە کۆتا بۆردومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بینیمان لەناوچەی زاخۆ کۆمەڵکوژییەکی دژی گەشتیارانی عێراقی ئەنجامدا و ٩ کەس شەهید بوون و نزیکەی ٣٠ کەس بریندار بوونب. ئەمەش کارادنەوەی بەهێزی لێکەوتەوە لەلایەن شەقامی عێراقی و حکومەتی عێراق کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵایان دژی تورکیا تۆمارکرد، کە بەداخەوە هێچ بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرنەچوو بۆ ناچارکردنی تورکیا کە هێزەکانی بکشێنێتەوە لە عێراق، پێیوست بوو وەزیری دەرەوەی عێراق کە کوردە باسی لەهۆکاری شەری دەوڵتی تورکیا لەگەل کورد و کێشەی کورد بکردایە لەباکوری کوردستان و پێشنیاری چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا بە ڕێگەی دیالۆک بکردایە".
قوربانیدانی پەکەکە بۆتە هۆی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە مەترسی دەرەکی
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە سکاڵای عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حوسین کەرکوکی ئاماژەی بەوەدا: "لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی دەرکردنی هێزەکانی تورکیا و پەکەکەش کرا، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنیوان دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پەکەکە دەبینین کە تورکیا هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردیداوە، لەکاتێکدا لەدوای رووخانی رژێمی بەعس هێزی پاراستنی گەل(هەپەگە) سنورەکان باکور و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لە داگیرکەری وەکو تورکیا و ئێران پاراستووە، هەروەها لەسەردەمی شەری داعشدا پەکەکە و هەپەگە بوون کە سنوری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی هەولێر، شەنگال، کەرکوک، مەخمور، جەلەولا و سەعیدیە و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان پاراست، قوربانیدانی پەکەکە بۆتە هۆی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەبەرامبەر هەڕەشەی دەرەکی".
تورکیا هەوڵی تێکدانی دۆخی عێراق دەدات
لەکۆتایدا حوسێن کەرکوکی ئەندامی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی وتی: "هەموو گەلانی عێراق دەزانن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەرەڕای ئەوەی کە عیراق سەرچاوەیەکی داهات و سەرمایەیەکی زۆرە بۆ ولاتەکەی و نەوتەکەی تاڵان دەکات و رۆژانە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆردوومان دەکات، گوندەکان ناچار بەچۆلکردن دەکات، خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانجی بۆردوومانەکانی. هەروەها لەڕێگەی میدیا و کەسە سیاسیەکانی نزیک لەخۆی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدات بۆ تێکدانی دۆخی عێراق، حکومەتی عێراق و هەریمی کوردستان دەتوانن ڕۆڵ ببینن لە چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە باکوری کوردستاندا، پێویست بوو دکتۆر فوئاد حوسێن کە کوردە و وەزیری دەرەوەی عێراقە، رۆڵی زیاتر ببینێت بۆ داواکردنی چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا لەڕێگەی گەیاندنی ئەو کەیسە بەناوەند نێودەوڵەتییەکان".
ف.ق