بە سەدان ئاوارەی شەنگال ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێونەتەوەیی لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە کەمپەکانی ئاوارەکانەوە گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال. ئەو ژمارەیە تادێت روو لە زیادبوون دەکات و بەسەدان ئاوارەی دیکەش ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە.

بەهۆی فەرمانەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ خەڵکی ئێزدی بەتایبەتی خەڵکی شەنگال وەک ئاوارە و کۆچبەر بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوونەوە و ژمارەیەکی زۆریشیان روویان لە کەمپەکانی باشووری کوردستان کرد.

لە سەرتاسەری هەرێمی باشووری کوردستان ٢٦ کەم هەیە، کە زۆرینەیان لە پاڕێزگای دهۆکن. ١٠ لەو کەمپانە تایبەتن بە خەڵکی شەنگال و کەمپێکی ئێدییەکانیش لە سلێمانییە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێونەتەوەیی (ئای ئۆ ئێم) لە ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە بۆ شەنگا و ئەو ژمارەیە روو لە بەرزبوونەوەیە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش رایگەیاند کە دەبێت هەموو ئاوارە و کۆچبەرانی شەنگال بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵوحاڵی خۆیان. لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان رایگەیاندووە، کە ئامادەییان نییە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە. تائێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شەنگا رێکنەکەوتوون.

هەرچی خەڵکی شەنگالن لە کەمپەکانی ئاوارەکان تا دێت ژمارەیەکی زیاتریان روو لە نوسینگەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن و بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس ناوی خۆیان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ شەنگال تۆمار کردووە.

هـ . ب