بۆ سێیەمین ڕۆژ لە مەخمور، بەرخۆدان و خۆپاراستن بەردەوامە

ژنانی کەمپی بەرخۆدانی مەخمور ڕایانگەیاند، دژی گەمارۆدان و تەلبەندکردنی کەمپەکە، تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان دەکەن و خۆیان دەپارێزن.

بۆ سێیەم ڕۆژ وەستانی ناڕەزایەتی گەلی مەخمور بەردەوامە بۆ بەرگری و پاراستنی شکۆیان دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ تەلبەنکردنی کەمپەکە و دانانی قولەی چاودێری.

لەم بارەیەوە، ژنانی نێو کەمپی مەخمور بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و دەڵێن، بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و خۆپاراستن.

«ئێمە پەنابەرین، چیتان لێمان دەوێت؟»

فاتیمە جەزیری گوتی «دەوڵەتی عێراق ستەممان لێ دەکات و ئێمە پێشوەختە بە خەندەق دەورەدراوین، ئێستە دەیانەوێت هەمووی تەلبەند بکەن، چیتان لە ئێمە دەوێت؟ تا ئەوان لێرەبن، ئێمەش لێرەین، چۆڵی ناکەین. هەموو دەوڵەتان ستەممان لێ دەکەن، ئێمە پەنابەرین، چییان لە ئێمە دەوێت. ئێمە لە بنەڕەتدا لەنێو زیندانێکی سەرکراوەین، لەوە زیاتر چیتان دەوێت؟ تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان دەکەین».

«گەنجان و دایکان بەرخۆدان دەکەن»

ژیان پۆسات، سێ ڕۆژە بەشداری لە چالاکی و ناڕەزایەتییەکان دەکات، ڕایگەیاند، وەک گەنجان هەر لە سەرەتاوە دژی ئەم هەوڵەی سوپای عێراق وەستاونەتەوە، گوتی: «لە پێنج خاڵەوە هێرشیان کرد، گەل لە هەریەک لەو خاڵانە بەرامبەریان وەستانەوە، بەرخۆدانێکی جەماوەریی بێ‌وێنە هەیە، گەنجان و دایکان بەرخۆدان دەکەن».

«ئێمە بەرخۆدان دەکەین، پێویستە هەمووان پشتگیرمان بکەن»

ژیان پۆسات داوا دەکات جیهان پشتگیری خەڵکی مەخمور بکەن، گوتی: «ئێمە بەرخۆدان دەکەین، بەڵام پێویستە پشتیوانیمان بکەن، بەتایبەت گەلی باشوری کوردستان و گەنجان و نەتەوە یەکگرتووەکان و گەلەکەمان لە ئەوروپا، چونکە بەبێ پشتیوانییەکی بەهێز، دەوڵەتی عێراق ناوەستێت».

«ئێمە شەڕ ناخوازین»

ژیان پۆسات ڕایگەیاند ئەوان لایەنگری شەڕ نین، نایانەوێت کەس لە هیچ لایەنێک بکوژرێت، بەڵام ئێستە ئەوان بەهۆی هێرشەکانی عێراقەوە برینداریان هەیە.

پۆسات گوتی: «نامانەوێت دەورمان تەلبەند بکرێت. حکومەتی عێراق دەڵێت ئەمە خواستی گەلە، ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، گەل ئەمەی ناوێت. بە چەندین ڕێگە ڕوونی دەکەینەوە دژی ئەم ڕێکارەین، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، بە شەڕ ڕوونی دەکەینەوە».

«خۆمان دەپارێزین»

پۆسات گوتی: «ئەوە ٣٠ ساڵە خۆمان دەپارێزین. ئەم ٣٠ ساڵە چی گۆڕاوە وا ئێستە دەڵێن چواردەورتان تەلبەند دەکەین؟ دەڵێن گوایە دەمانپارێزن، نامانەوێت بمانپارێزن. ئەگەر پاراستنی ئێمەیان دەوێت، با ڕێگە لە هێرشە ئاسمانییەکان بگرن، بە چ مافێک دەیانەوێت دەورمان تەلبەند بکەن؟ چەندین ساڵە ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە. هەرگیز تەلبەندکردنی کەمپەکە قبووڵ ناکەین. مافی خۆپاراستنمان هەیە، خۆمان دەپارێزین».

ف.ق