بە ڤیدیۆ؛ بەڵگەی نوێ بۆ سەلماندنی تاوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تۆمار کرا

لە گرتە ڤیدیۆییەکی نوێدا دیسانەوە ئەوە سەلمێنرایەوە، کە سەربازە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕی شەهید هەژار لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری.

هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر ئەمساڵ لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستیپێکردووە و ماوەی ٥ مانگە ئەو ھێرشانە بەردەوامن. سوپای تورکی داگیرکەر، کە نەیتوانی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان پێشڕەوی بکات و لە ماوەیەکی کورت دا تووشی کێشە و تەنگەتاوی بوو، بۆ خۆڕزگارکردن لەو لاوازیی و شکستەیان دیسانەوە شێوازی شەڕی چەپەڵیان گرتەوەبەر. ئەو تونێل و سەنگەرانە، کە لە گۆڕەپان و مەیدانی بەرخۆدان دا لەلایەن گەریلاوە دەپارێزرێن بە فڕۆکەى جەنگی، هەلیکۆپتەرەکان، بە تۆپ و هاوەن بە چڕی بۆردومان دەکرێن.

دەوڵەتی تورک بە پشتیوانیی بێسنووری ناتۆ هەموو دەرفەت و توانا تەکنەلۆژییەکان بەکاردەهێنێت و ڕۆژانە دەیان جار جوگرافیای کوردستان بۆردومان دەکات و بە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی چەندین جار تاوانی جەنگی دژ بە گەریلا ئەنجامداوە.

چەندین جار تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک بە ڤیدیۆ تۆمارکراون و سەلمێنراون و بڵاوکراونەتەوە. ئەمجارەش بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی دیکە بۆ جارێکیتر تاوانەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دەسەلمێنریتەوە. لە نوێترین گرتە ڤیدیۆیی دا، سەربازە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردن بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕی شەهید هەژار لە گۆڕەپان و مەیدانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری. ڤیدیۆکە جارێکی دیکە لایەنی جەنگی چەپەڵ و قێزەونی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نیشان دەداتەوە.

لەم نوێترین گرتە ڤیدیۆییەدا ئەوە دیارە، سەربازە داگیرکەرەکانی تورک بۆمبی تایبەت و بە هێز بە بانداژ و تیپ بە دەوروبەری ئەو تەقەمەنیانەدا دەبەستنەوە و بۆمبی تایبەت و کاریگەری ئەتۆمی تاکتیکی دروست دەکەن. بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی، کە ٥ سەرباز هەوڵ دەدەن بە هەستیارییەکی زۆرەوە جێگیری بکەن، سەربازەکان هەموویان بە وایەر و کێبڵ پێکەوە دەبەستنەوە و دەیانبەن بۆ ئەو  شوێنانە، کە چوونەتە ناو تونێلەکان. داگیرکەران گرنگی و بایەخێکی زۆر بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی دەدەن و هیوای خۆیان لەسەر ئەو بۆمبە هەڵچنیوە. ئەو بۆمبانە لە باوەش دەگرن و وێنەی لەگەڵ دەگرن. ئەوەش سەلمێنەری زانیارییەکانمانن.

ئەو داگیرکەرانە، کە هەوڵ دەدەن بە تەقینەوەی گەورە بەرخۆدانی گەریلا تێکبشکێنن، ئەوەندەی لە دەستیان دێت بەبێ ڕاوەستان تونێلەکانی شەڕ بۆردومان دەکەن.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیاندراوی ١٧ی ئابدا بڵاویکردەوە، سوپای تورک لە ٤ مانگی ڕابردوودا هەزار و ٥٣٢ جار بە بۆمبی قەدەغەکراوی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی لە دژی تونێل و سەنگەرەکانی شەڕ تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجامداوە.

ژ.ت