'بۆ ئەوەی دوژمنایەتی پەدەکە ئاشکرا نەبێت، کۆمەڵکوژی هەولێر ئاشکرا ناکرێت'

لەیلا ئارزو ئیلهان کچی قوربانیەکی کۆمەڵکوژی هەولێر رایگەیاند، پەدەکە بۆ ئەوەی خیانەت و دوژمنیەتی خۆی لە نێو کوردستاندا بشارێتەوە، ئەم کۆمەڵکوژیە ئاشکرا ناکات و وتی، " پەدەکە رێگە بە لێکۆلینەوە نادات و رێگری دەکات."

لە هەولێر ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ زیاتر لە ٨٣ گەریلای تەڤگەری ئازادی کوردستان بە شێوەیەکی دڕندانە و نائەخلاقی لەلایەن پەدەکە و سوپای تورکەوە کۆمەڵکوژکران کە وەک کۆمەڵکوژی هەولێر پێناسە دەکرێت. ٢٦ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکە تیدەپەڕێت تاوەکو ئێستاش ئەو برینە قەتماخەی نەکردووە و خوێنی لێدەچۆڕێت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ١٩٨٣ەوە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان و هەوڵ دەدات بە بانگەشەی 'شەڕی دژی پەکەکە، هەرێمەکە داگیر بکات، خەیاڵی سنورەکانی میساقی میللی جێبەجێ بکات." لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و جاش، هێرشی ئەنجامدا. دەوڵەتی تورک بە ناوی ئۆپراسیۆنی (چەکوش) بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئامانجی تەسفیەکردنی بریارگەی ناوەندی پەکەکەیە لە زاپ.

دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی داگیرکەری ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ لە هەولێر لە نەخۆشخانەیەکدا کە بریندارانی پەکەک تێیدا چارەسەریان وەردەگرت، کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا کە لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ئەنجامدراوە، ٨٣ برینداری پەکەکە و وڵاتپارێزی کورد شەهید بوون.

هێزەکانی پەدەکە بە شێوەیەکی هاوکات هەم هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانە و هەمیش هێرشیان کردە سەر ناوەندی گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (یەنەدەکە)، ئۆفیسی ناوەندی کەلتوری میزۆپۆتامیا لە هەولێر، کۆمەڵەی یەکێتی ژنانی ئازادی کوردستان (یەئاژەکە). هەروەها هێرشیان کردە سەر رۆژنامەی وڵات و وڵاتی رۆژ و ئەو ناوەندانەیان گولەباران کرد. لەو هێرشانەدا زۆر مرۆڤ شەهیدکران. دوای هێرشەکە دەستیان بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کرد و چەندین مانگ بەردەوام بوو.

لە ئەنجامی هێرشەکاندا نزیکەی ٨٣ گەریلای پەکەکە کە برینداربوون و لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەردەگرت و کارمەندانی نەخۆشخانەکە، رۆژنامەنووس و وڵاتپارێز شەهیدکران.

پەدەکە تاوەکو قوڕگی لەنێو خیانەتدایە

لەیلا ئارزو ئیلهان کچی مەحمود ئافارۆف یەکێک لە قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەولێر کە تاوەکو ئێستاش باوکی بێسەروشوێنە کە نازانرێت شەهیدکراوە یاخود لە زینداندایە، لەبارەی کۆمەڵکوژییەکە وتی، " هۆکاری ئەوەی تاوەکو ئێستا کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا ناکرێت، ئەوەیە کە سیستمی باشوری کوردستان ئەمڕۆ لە دەستی پەدەکەدایە و ئەمڕۆ پەدەکە تاوەکو قوڕگی لەنێو خیانەتدایە. لە بەرزترین ئاستدا دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات. لەبەرئەوەش بە هیچ شێوەیەک پەدەکە رێگە نادات کۆمەڵکوژی هەولێر کە بە دەستی دەوڵەتی تورک و پەدەکە ئەنجامدراوە ئاشکرا بکرێت. بگرە ئەو شتەی پەدەکە ئەمڕۆ دەیکات لە ٢٦ ساڵ لەمەوبەر جیاوازتر نییە، دەتوانین بڵێین کە لە ساڵەکانی ٩٠دا پەدەکە بە شێوەیەکی شاراوە دوژمنایەتی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی گەلی کوردی دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات."

پەدەگە رێگە نادات کۆمەڵکوژیەکە ئاشکرا بکرێت

لەبارەی ئاشکراکردنی کۆمەڵکوژیەکە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، ئارەزوو دەڵێت، " بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا پەنابەرین نەمانتوانیوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵ بۆ ئاشکراکردنی کۆمەڵکوژی هەولێر بدەین. بەڵام لە ئاستی باشوری کوردستاندا زۆر هەوڵماندایەوە کە کۆمەڵکوژی هەولێر ئاشکرا بکرێت و چارەنووسی قوربانیان بزانرێت، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی هەوڵێکی زۆرمان داوە هیچ ئەنجامێکمان بەدەست نەهێناوە. زۆر جار سەردانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، دەزگا نێودەوڵەتیەکانی عێراق، وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی عێراقمان کرد، بەڵام هەوڵەکانمان لەلایەن پەدەکەوە ئاستەنگ دەکرێن و ئەو دەزگایانە گوێمان لێناگرن. تاوەکو ئەمڕۆمان بەم شێوەیە کۆمەڵکوژی هەولێر ئاشکرا نەبووە."

خیانەت و دوژمنایەتی بەر لە ٢٦ ساڵ، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گەورەتر بەردەوامە

لەیلا ئارزوو ئیلهان لەبارەی شاردنەوەی راستییەکان لەلایەن پەدەکەوە وتی، " لەبەرئەوەی پەدەکە دوژمنایەتی خۆی لەدژی گەلی کورد بە فەرمی بەڕێوە نابات و خیانەتی خۆی لەنێو گەلی کورددا ئاشکرا ناکات، ئەم کۆموڵکوژیە دەشارێتەوە و رێگە نادات ئاشکرا بکرێت. پەدەکە خیانەت و دوژمنایەتی بەر لە ٢٦ ساڵ، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گەورەتر بەردەوامی پێدەدات. ئەگەر بیرتان بێت پەدەکە دەستی بەسەر ماسکی دژی کیماییدا گرت کە بۆ هێزەکانی گەریلا رەوانە دەکران. لەبەرئەوەش بە دەیان گەریلا بەهۆی چەکی کیمایی دەوڵەتی تورک شەهیدکران. دەبینرێت کە پەدەکە دەبێتە سورەی بەرلەشکری تورک و چەتەکان و لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین و حەفتەنین رێگەیان پیشان دەدات. پەدەکە فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ چەتەکانی دەوڵەتی تورک دەکاتەوە. کاتێک سەیری ئەم دۆخە دەکەین، بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت کە پەدەکە بۆچی ئەم شتانە دەکات، پەدەکە بۆ بەرژەوەندی خێزانی و ئابوری خۆی خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد رادەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکان دەکات."

هێزەکانی پەدەکە لەگەڵ سەربازانی تورک کە بەناوی گوایە هێزەکانی ئاشتی لە هەرێم بوون، هێرشیان کردە سەر دەزگای مانگی سوری کوردستان  و بەم شێوەیە بە دەیان کەسی بێتاوانیان کۆمەڵکوژ کرد. لەگەڵ ئەوەی ٢٦ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان رادەستی خانەوادەکانیان نەکراوەتەوە. بگرە شوێنی بەخاکسپاردنشینیان ئاشکرا ناکات.

دوای کۆمەڵکوژیەکە پەدەکە تەرمی گەریلاکان و کارمەندەکانی نەخۆشخانەی رادەستی خانەوادەکانیان نەکرد. دەگۆترێت کە تەرمی هەندێک لەو کەسانە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بەخاکسپێردراوە. بەگوێرەی هەوالێکی ژمارە ٦٥ی رۆژنامەی چەتر کە لە ساڵی ٢٠١١دا چاوپکراوە، تەرمی بەشێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژیەکە لە شوێنێکی نێوان هەولێر و مەخمور بەناوی مەعمەل قیر بەخاکسپێردراون.

دەگۆترێت، بەشێک لە تەرمی ئەو گەریلایانە، لە تەنیشت رێگەی هەولێر و دهۆک لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بەخاکسپێردراون.

لەسەر ئەم پرسە، پێشمەرگەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتبووی، " ئەرکی من لەو ناوچەیە بوو. بە بارهەڵگر تەرمیان هێنا و ئێمەیان وەک گروپێک پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە رەوانەی ئەوێ کرد. بە بارهەڵگری داخراو تەرمەکانیان هێنا. ئێمە لەو شوێنە نەبووین کە گۆڕەکانیان هەڵدەکەند، بەڵام تەرمەکانمان بینی. تەرمەکانیان لە بەتانی و چارشەفەوە پێچرابوون، یەک بە یەک لەنێو ئەو چاڵانەدا بەخاکدەسپێردران. لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمەکاندا بە ئێمەیان وت کە دەبێت ناوچەکە جێبهێڵین.  ئێمەش ناوچەکەمان جێهێشت. منیش نەمدەزانی تەرمەکان کێن. دواتر پێشەمەرگەکانی دیکە پێیان وتم. وتیان ئەوانە پەکەکەن."

ئەو پێشمەرگەیە راشیگەیاند، هەتاوەکو ئەوان لەوێ بوون، بیست تەرم بەخاکسپێردران و ئەو شوێنەش، گۆڕەپانێکە لە گۆشەی کۆتایی رێگەی دهۆک لای فڕۆکەخانەی هەولێر. پێشمەرگەکە دەڵێت، " ئەو شوێنە پێشتر گۆڕستان نەبوو. چەند گۆڕێکی کەم هەبوون. دوای ئەوەی کە بیستیان تەرمی ئەندامانی پەکەکە لەوێ بەخاکسپێردراون، ئەوێیان کردە گۆڕستان. چەند کەس لەوێ بەخاکسپێدران و ناویان چیبوو؟ نازانم. بەڵام تۆماریان هەیە. دواتر لەوێ فڕۆکەخانە دروست کرا و گۆڕستانەکە ئێستا لە تەنیشت قولەی کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکەیە کە لەسەر رێگەی دهۆکە."

خزم و کەسوکاری ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژیەکەدا بێسەروشوێن، شەهید و کۆمەڵکوژکران و کۆمەڵەی هێڤی بۆ پاراستنی قوربانیانی شەڕ، چەندین جار بۆ ئاشکراکردنی شوێنی بەخاکسپاردنیان داواکاریان پێشکەش بە لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و پەرلەمانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

دوای ساڵەکانی ٢٠٠٠ بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانیان هەوڵێکی زۆر دراوە. خزم و کەسوکاری شەهیدان بۆ رادەستکردنی تەرمی کەسوکاریان هەوڵیانداوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا کۆمەڵەی پشتگیری لە قوربانیانی شەڕ پێکهێنرا و بە قوڵی کاری لەسەر ئەم پرسە کرد.

لە ساڵی ٢٠١١دا لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی بەکارکردن لەسەر دۆسیەکە کرد. داواکاریەک پێشەکش بە وەزارەتی ناوخۆ کرا. تێیدا داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان کرا.

لە ساڵی ٢٠١٢دا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دانی بەوەدانا کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا هیچ کەسێک رزگار نەبووە و هەمووان شەهید کراون. بەڵام شوێنی بەخاکسپاردنیانی ئاشکرا نەکرد و باسی ئەوەش نەکرا کە لەلایەن کێوە شەهیدکراون و چۆن کۆمەڵکوژیەکە ئەنجامدراوە.

وەزارەتی ناوخۆ باسی ئەوەی کردبوو کە ئامادەیە ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژی هەولێردا شەهیدکراون، بە فەرمی وەک شەهید لەقەڵەم بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بەڵێنەشی نەبردووەتە سەر."

ف.ق