كارمەندانی دەزگای ئیتلاعات و دامەزراوەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد لەچەند رۆژی رابردوودا بەبانگهێشت كردنی بنەماڵەی یوسف رەبانی، ناسراو بەرێزان جاوید رێگری لەبەردەوامی و دانانی مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشی لە ماڵی بنەماڵەكەی لەشاری مەهاباد دەكەن. رژێمی ئێران رۆژی شەممە ١٣ی ئاب، هەڕەشە و گۆشاریان خستبووە سەر دایە فاتمە سۆهرابی، دایكی شەهید رێزان و هاوكات براكانی شەهید تاوەکو لە وتووێژی تەلەفزیۆنیدا بەرپرسیاریەتی شەهیدبوونی منداڵەكەیان بخەنە ئەستۆی پەژاكەوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لەراپۆرتێكدا بەپشتبەستن بەزانیاریی باوەڕپێكراو رایگەیاندوە؛ دامەزراوە ئەمنیەكانی رژێم لەشاری مەهاباد لەرۆژانی رابردوودا فاتمە سۆهرابی، دایكی یوسف رەبانی و براكانی شەهید رێزان جاویدیان بانگهێشت كردوە و بۆ چەندین كاتژمێر لێپرسینەوەیان لێیانكردوە. كارمەندانی هێزە ئەمنیەكان بە هەڕەشە و گۆشارخستنە سەر كەس و كار و ئەندامانی بنەماڵەی شەهید رێزان، داوایان لێیان كردوە لە وتووێژی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تەلەفزیۆن و رادیوی رژێم، بەرپرسیارێتیی شەهیدبوونی ڕۆڵەكەیان بخەنە ئەستۆی پەژاكەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای گۆشار و هەڕەشەكان، بنەماڵەی یوسف رەبانی ئامادەی وەها كارێك نەبوون، كە هیچ وتووێژێك لەگەڵ رادیو و تەلەفزیۆنی رژێمدا بكەن. هاوكات بەهۆی رێگری لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشی لەلایەن دامەزراوە ئەمنیەكانی رژێمی ئێرانەوە، لەرۆژی دووشەممە، ١٥ی ئاب، ئەم بنەماڵەیە بەناچاری و بەشێوەیەكی كاتی ماڵیان بەجێهێشتووە.
ئەو سەرچاوەیە لەكۆتاییدا راشیگەیاندوە؛ هاوكات لەچەند رۆژی رابردوودا دەزگای ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد بەبیانۆی بەشداریكردن لەمەراسیمی پرسە و سەرەخۆشی یوسف رەبانی چەند هاوڵاتیەكی شاری مەهابادیان دەستگیر و رووبەرووی لێپرسینەوە كردووەتەوە.
یوسف رەبانی ناسراو بەرێزان جاوید، هاوسەرۆكی پێشووی كۆمەڵگەی ئازاد و دیموكراتیكی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار" و یەكێك لەئەندامانی بەرێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پەژاك"، لە بەرواری ٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی دەزگا سیخۆڕییەكانی رژێمی ئێران و دەوڵەتی توركی داگیركەر لەشاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەرتەشی توركەوە کرایە ئامانج و شەهید بوو.
ژ.ت