لەمەراسیمی یادكردنەوەی شەهید رێزان دا؛ شەهید رێزان شۆڕشگێڕێكی كوردستانی بوو

بە ئامادەبونی بەشێكی زۆر لە نوێنەری پارت و لایەنەكانی چوارپارچەی كوردستان، مەراسیمێك بۆ شەهید ڕێزان جاوید لە شاری سلێمانی بەڕێوچوو.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لەهۆلی ئەكوا پارك لە گەڕەکی شەكەرەكە و بە بەشداریی نوێنەری بەشێك لە پارت و لایەنەكانی هەرچوارلای كوردستان، مەراسیمێكی ماتەمینی بۆ شەهید ڕێزان جاوید بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەكە بەخۆلەكێك رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی گەلی كوردستان دەستی پێكرد و پاشان، بە ناوی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پەژاك"، ئامەد شاهۆ وتەیەکی پێشکەش کرد. ئامەد شاهۆ ووتی؛ هاتوین یادی یەكێك لە تێكۆشەرەكانی كوردستان بەرز ڕابگرین، بۆیەش سەرەخۆشی لە هەموو گەلی كورد و پارتەكەمان دەكەین و خۆشحاڵین گەلەكەمان بە گشتی بە مەراسیمی پڕ شكۆ پێشوازییان لە بەڕێكردنی شەهید ڕێزان كرد.

ئامەد ووتیشی؛ لە ئەنجامی پیلانێكی نەگریسانەی دوژمنانی كورد هەڤاڵ ڕێزان و هەڤاڵانی شەهیدكران. دۆژمنانی كورد و كوردستان چاویان لەئاست پێشكەوتنەكانی كوردان هەڵنایەت و گەلەكەمان قەبوڵ ناكەن، هەر ڕۆڵەیەكی قارەمان لە هەر شوێنێكی كوردستان خەبات بكات دەكرێتە ئاماج، داگیركەران نایانەوێت كوردێكی ئازاد لە سەر ئەم خاكە بژیت. ئەوە شانازییەكە بۆ گەلی كورد هەڤاڵانێكی  وەكو؛ رێزان جاوید و ڕێناس ڕۆژ و دیار غەریب ڕێگە نادەن كوردستان ببێتە شوێنی داگیركەران.

ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی پەژاك ئامەد شاهۆ تیشكی خستە سەر كەسایەتیی شەهید رێزان جاوید و ووتی: شەهید ڕێزان جاوید، بە بزەی لێوی هێزی بەهەڤاڵان و دەوربەری و گەلەكەی دەبەخشی، شەهیدێكی كوردستانی بوو، لە پارچەیەكی كوردستان خۆی قەتیس نەكرد.

شاهۆ راشیگەیاند؛ بۆ بەدیهێنانی خەونی ڕێزانەكان پێویستە، هەموو لایەنەكان بێنە لای یەك، شەهید رێزان هەمیشە لەو پێناوەشدا تێكوشانێ دەكرد، لە پێناو خەباتی دیبلۆماسی سەردانی ڕۆژئاوای كوردسانی كرد، بە داخەوە لە ٦ی ئاب بە هاوكاری هەندێ هێزی بەكرێگیراوی كورد و پیلانێكی نێودەوڵەتی ئێران و توركیا شەهید كرا.

هەر لە مەراسیمەكەدا "حەكیم عەبدولكەریم"، بە نوێنەرایەتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان "كەنەكە" ڕایگەیاند، سەرەخۆشی لە پەژاك و گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئازادیخوان دەکات و بە پێوستی زانی خوێنی ڕێزان و شەهیدانی دیكە بكرێتە هەوێنی تێكۆشان دژی داگیركاری، تەنیا بژاردە لە بەردەم گەلانی ناوچەكەش ئازادی و پێكەوە ژیانی ئازادانەیە.

هاوكات لەمەراسیمەكەدا، مەروان حەسەن بە نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕژهەڵاتی سوڕیا لە سلێمانی وتاریكی پێشكەش كرد. لە وتارەكەیدا مەروان ووتی؛ وەكو ڕۆژئاوای كوردستان بەڵێن دەدەین تۆڵەی شەهید ڕێزان بكەینەوە.

لە بەردەوامیی مەراسیمەکەدا پەیمان ڤیان ئەندامی كۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "كەژار"یش وتارێكی پێشكەشكرد و تیشكی خستە سەر كەسایەتی شەهید و لە نزیكبوونەوەی بۆ پرسی ژن و ووتی؛ شەهید رێزان باوەڕی وابوو، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، كوردستان و كۆمەڵگای كوردستان ئازاد نابێت، چۆن دژمنان لە كەسایەتیی ژندا قڕكردنی كورد بە ئامانج دەگرن، دەبێت ئێمەش خەتی تێكۆشان و خەباتمان فراوانتر بكەین".

ژ.ت