دوای بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا، دەستبەجێ هەموو دەزگاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەستیان بە هەڵمەتی هاوکاری کۆکردنەوە و ناردن کرد.
باشووری کوردستانیش یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە هاوکارییەکان بەخێرایی تیادا کۆکرایەوە.
هەدەپەش لە بارەگای خۆی لە شاری هەولێر کەمپەینی 'ئێمە لەگەڵتانین' دەستپێکرد و دەستی بە کۆکردنەوەی هاوکاریی کرد .
بڕیاربوو هەڵمەتەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی پێشوازیی زۆر باشی گشتییەوە بۆ مانگێکی تر درێژکرایەوە.
دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە، کە هاوکاریەکان لە ڕێگەی حکومەتەوە ناگەنە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان و دەستی گەل، ئەمجارە گەل زیاتر ڕوویان کردە ناوەندە بڕواپێکراوەکانیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری تاوەکو هاوکاریەکانیان ڕاستەوخۆ بگاتە دەستی قوربانیانی بوومەلەرزەکە و ناوەندی هەدەپەش یەکێکە لەو ناوەندانە، کە گەل بڕوای پێیەتی و هاوکاری بۆ دەبەن.
پشتگیری و سەردانەکانی حزبەکانی باشور و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هەڵمەتەکەی هەدەپە بەردەوامە.
لەو چوارچێوەیەشدا خەڵکی زیاتر لە دوای ئەو بانگەوازە ڕوو دەکەنە ناوەندەکەی هەدەپە.
ژ.ت