"حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ تورکیا هەیە"

هیوا حەسەن چاودێری سیاسی دەڵێت: "هەڵوێستانەکانی حکومەتی عێراق دژی هێرشەکانی تورکیا تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراقی بوو".

لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بۆسەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە، لەماوەی ڕابردووش رۆژ لەدوای رۆژ هێرش و لەشکرکێشەیەکان چرتربوون و دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە سەرکردایەتی ئاکەپە و فاشستی ئەردۆغان، پیلانگێرییەکانیان بەئاشکرا ڕاگەیاند کە ئامانجیان داگیرکردنی ولایەتی موسڵ و کەرکوکە.

لە بەردەوامی هێرشی دڕندەیی و نامرۆڤایەتیەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، لە ڕۆژی ٢٠ی تەمووزی مانگی ڕابردوو، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی پەرەخی سەر بە زاخۆ گەشتیارانی عێراقی تۆپباران کرد، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا ٩ کەس لە گەشتیارەکان کۆمەڵکوژکران و ٢٣ کەسی دیکەش بریندار بوون کە قوربانییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە خەڵکی ناوەند و باشوری عێراق بوون، ئەمەش ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی لێکەوتەوە، بەجۆرێک کە لەتەواوی شارە عێراقییەکان جگە لە هەرێمی کوردستان هێرش کرایە سەر ناوەندەکانی سەر بەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و تەواوی ناوەندەکانی تورکیا بە فشاری هاوڵاتیان لە عێراق داخران.

هەروەها دوای زیادبوونی فشارەکانی شەقامی عێراقی حکومەتی عێراق ناچارکرا کە بەیاننامە دژی هیرشە دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک ڕابگەینێت، هەروەها لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراقەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا دژی هێرشەکانی تورکیا تۆمارکرا و شەقامی عێراقی داوای ڕاگەیاندنی کەمپینی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی کرد، بەڵام پاش ماویەکی کەم و لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و قولبوونەوەی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی لایەنە سیاسیەکانی عێراق لەسەر دەسەڵات، بابەتی کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا پشتگوێخرا و بێ دەنگی باڵی کێشا بەسەر حکومەتی عیراقەدا و هەڵوێستەکان بەرەو دووبارە بێ هەڵوێستی هەنگاویان نایەوە.

لەلای خۆیەوە، مامۆستا هیوا حەسەن عەلی چاودێری سیاسی و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، سەبارەت بە بێدەنگی دژ بە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژ بە گەلانی عێراق و هەرێمی کوردستان، نەمانی سەروەری عێراق، دەرنەچوونی هیچ بڕیارێک دژی تورکیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشێ نێودەوڵەتی و هەروەها هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کوردعەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی گەلانی عیراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

عێراق هیچ پێناسەیەکی دەوڵەت بوونی نەماوە

هیوا حەسەن چاودێری سیاسی و کەسایەتی رۆشنبیر، سەبارەت بەبێدەنگبوونی حکومەت عێراق بەرامبەر هێرش و کۆمەڵکوژیە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک وتی: "دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکی زۆرە کە سەروەری عێراق پێشێڵدەکات و خەڵکی عێراق و باشوری کوردستان شەهید و تیرۆر دەکات، دوایین کۆمەڵکوژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە ئامانج کردنی گەشتیارانی عەرەبی عێراق بوو لە گوندی پەرخ لە زاخۆ، کۆمەڵکوژی گەشتیارانی عێراقی کارادنەوەی بەدوای خویدا هێناو و بووە جێگای باسی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان و شەقامی عێراقی حکومەتی ناچارکرد کە هەڵوێست بنوێنێت و بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر هێرش و پێشەڵکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە دەزانین کە عێراق وڵاتێکی فشۆڵە بێ سەروەرییە، تەنها بەناو عێراق دەوڵەتە، ئەگەر نا هیچ پێناسەیەکی دەوڵەتبوونی نەماوە".

هەڵوێستانەکانی حکومەت دژی تورکیا تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراقی بوو

هەروەها هیوا حەسەن، سەبارەت بە بێئەنجامی هەڵوێستەکانی عێراق دژ بەهێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا، وتی: " سەرەتای ڕووداوی کۆمەڵکوژیەکەی زاخۆ، لە چەند رۆژی سەرەتایی ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی گەورەی هەبوو بەجۆرێک کە حکومەت هاتە سەرخەت، بەڵام بەهۆی پارچەبوون و قەیران و ئاڵۆزی قووڵ و گەورەی سیاسی لە عێراق، حکومەتی عێراق توانای ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتانی لەدەستداوە، لەدوای ڕووداوەکە لە ئەنجوومەنی ئاسایشێ نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمارکرا و لێدوان دژی ئەو کۆمەلکوژیە دەدران لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراقەوە، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم هەڵوێستانە دژی هێرشەکانی تورکیا تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراقی بوو".

ولاتانی زلهێز لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار دەدەن

سەبارەت بە بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەگرتنی هیچ ڕیکارێک بۆ ناچارکردنی تورکیا بە کشانەوەی هێزەکانی و وەستاندنی هێرشەکانی لەناو خاکی عێراقدا، ئەو چاودێرە سیاسییە وتی: "بەرەژوەندی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ تورکیا و ولاتانی هەرێمی، زۆر لەوە گەورەترە کە بەشەهیدبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی بێنە سەرخەت و پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بپچرێنن، ولاتانی زلهێز ڕاستەوخۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار دەدەن، بۆیە هیچ بڕیارێکی کۆتاییان دژی پێشێڵکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نەدا".

دەسەڵاتدارانی عێراق ئامرازن بۆ جێبەجێکردنی ئەجیندای دەرەکی

سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەری ناوخۆ لە عێراق بەهۆی قوولبوونەوەی ململانێی لایەنەکانی عێراق لەسەر دەسەڵات و کاریگەری لەسەر لاوازکردنی زیاتری سەروەری عیراق لەبەردەم هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: "بە بۆچوونی من شەری ناوخۆی شیعە – شیعە لە عیراق ڕوونادات، لەئیستاشدا عێراق هیچ سەروەرییەکی نیە، ئەوەی لە عێراق حوکم دەکات دراوسێ و وڵاتانی زلهێز دەسەڵاتدارانی عێراق وەکو ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و ئەجیندای خۆیان لە عێراق، چارەنووسی عێراق بەدەستی هاوڵاتیانی عێراقەوە نیە".  

حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی ژێر بەژێری لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە

سەبارەت بە بیانووی پێشێڵکردنی سەروەری عێراق و بەزاندنی سنورەکانی، ئەو چاودیرە ئاشکرای کرد: "دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ رژێمی بەعس هەبووە بۆ بەزاندنی سنورەکان هەرچەندە دوای ساڵی ١٩٩١ حکومەتی عێراق هەڵیوەشاندەوە، بەڵام تورکیا تائیستا ئەو ڕێککەوتنامەیە وەکو بیانویەک بەکاردهێنێت، هەرچەندە لەئیستادا هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشکرا نییە لەنیوان تورکیا و حکومەتی عێراق، بەڵام بە بۆچوونی من بەهۆی بەرژەوەندییەوە، حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی ژێر بەژێری لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تورکیا حکومەت هیچ ڕێکارێک ناگرێتەبەر. بۆیە پێویستە خەڵکی باشوری کوردستان و عێراق بەفشارخستنە سەر کەسایەتییە سیاسیە جیهانیەکان و لە رێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە، هێرش و داگیرکارییەکان تورکیا بوەستێنن، ئەگەر نا تورکیا بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی دڕندە و نامرۆیی خۆی".

پێم وایە پرۆگرامی بەرێز ئۆجەلان باشترین چارەسەرە

لە کۆتایدا سەبارت بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدولا ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلانی عێراق و دەربازبوونیان لەم دۆخەی کە عێراق تیدایە، هیوا حەسەن چاودیری سیاسی و کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک ئەوەی خستەڕوو: "بەرێز ئۆجەلان پرۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەت و ناوچانەی کە فرە ئاین و فرە پێکهاتەن، دەبینین کە لەم وڵاتە پێشکەوتووانەی وەکو سویسرا سیستەمی کانتۆن پەیڕەو دەکرێت کە هەر کانتۆنێک سیستەم و دابونەریەت و کەلتوری تایبەت بە خۆی هەیە، بەرێز ئۆجالانیش لەو ڕووانگەیەوە دەیەوێت ئەو وڵاتانەی کە فرە ڕەگەز، ئاین و نەتەوەن لەڕێگەی کانتۆنەکانەوە خۆیان بەڕێوەبەرن، بۆیە من پێم وایە ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە فرە نەتەوەیین لە عێراق و جیهان".

ف.ق