بەدروشمی(نەورۆزی یەکڕیزی و ئاشتی و پێکەوەژیان) لە کەرکوک نەورۆز پیرۆز کرا

لە شاری کەرکوک بە دروشمی (با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی یەکڕیزی ئاشتی و پێكەوەژیان) لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا ئاگری نەورۆز کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.

دوانیوەرۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی شێوەسوری سەر بە ناحیەی شوانی شاری کەرکوک، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا بەدروشمی (با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی یەکڕیزی ئاشتی و پێكەوەژیان)  نەورۆز پیرۆز کرا، لە ئاهەنگەکەدا چەندین لایەنی سیاسی، ڕێکخراوی کۆمەڵاگی مەدەنی و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان بەشداری ئاهەنگە جەماوەرییەکە بوون بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێكرد، پاش چەند ساتێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، بانگ لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان کرا بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.

پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز، راگەیەنراوی، کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە کەرکوک، لەلایەن سۆران سەردار ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک پێشکەش کرا.

سۆران سەردار بەناوی کۆمیتەی ئاهەنگی نەورۆزەوە وتی: " سەرەتا بەناوی کۆمیتەی ئامادەکارەوە، گەرمترین پیرۆزبایی جەژنی نەوروز و ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان کە بە ئاگری نەورۆز لە یەکەمین رۆژی نەورۆزدا لەشاری باباگورگور پیرۆزکرا.

بەناوی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانەوە بەخێرهاتنی میوانان و پارت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین، وەک هەمووان دەزانین پیرۆزکردنی نەورۆز بەشێکە لە مێژوو و کەلتوری نەتەوەکەمان ئێمەش وەکو تەڤگەری ئازادی هەموو ساڵێك ئەو جەژنە بە ئاهەنگێکی جەماوەی پیرۆز دەکەین."

لەکۆتایی وتارەکەیەدا سۆران سەردار بەناوی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزەوە لە کەرکوک جارێکی دیکە نەورۆزی لە ئامادەبووانی ئاهەنگە پیرۆز کرد وتی: " ئەمساڵیش لەگەل بوونی چەندین قەیران و پەتای کۆرۆنا بڕیاری ئەوەماندا کە بە بەرچاوگرتنی ڕێنەماییە تەندروستییەکان ئەم چەژنەش پیرۆز بکەین، دیارە بۆ ئەم ئاهەنگە چەندین هونەرمەندی گەورەی کورد بەشداری دەکەن، هەریەک لە هوەنەرمەندان(دیار دەرسیم، ژینا سەقزی، عەباسی کوڕی سەڵاح داودە، سیروان شوانی، دیارعەلی و بەرهەم شەمامی)."

پاش کۆتایی هاتنی وتاری کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز، چەند بەرهەمێکی هونەرمەندی میللی شاری کەرکوک (عەباس سەڵاح داودە) لە ئاهەنگەکەدا پێشکەش کرا و پاشان هونەرمەند (سیروان شوانی) چەند بەرهەمێکی هونەری پێشکەش بە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کرد.

پاش پێشکەشکردنی گۆرانی لەلایەن سیروان شوانیەوە، راگەیەنراوی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لەلایەن کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانەوە پێشکەش کرا.

کۆمەڵ سەرمەند لە وتاری ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی وتی: "سەرەتا جەژنە پیرۆزە لە ماڵباتی شەهیدان و لە ئامادەبووان لە سەرجەم خەڵكی كەركوك بی جیاوازی دەكەین، دیارە لەگەڵ ئەوەی كە نەورۆز جەژنێكی نەتەوەیی و پەیامێكی میژوویی و سیاسیە بۆ سەر لەنۆی روح بەبەر كردنەوەی كۆمەڵگە و بە زیندووهێشتنەوەی بەها و نرخە پیرۆزەكانی كۆمەڵگە.

پەیامە سیاسییەكەی تەڤگەری ئازادی لە دروشمی نەورۆزی ئەمساڵدا رەنگ دەداتەوە و دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی ستراتیژی تەڤگەری ئازادیی لە چوارچێوەی كار و خەباتیدا لە شاری كەركوك."

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد وتی: " دروشمە پیرۆزەكەی نەورۆزی ئەم ساڵ داوایەكیشە لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كەركوك لەتەواوی نەتەوە و ئاین و باوەڕییە جیاوازەكان، دروشمەكەش بریتیە لە (با ئەم نەورۆزە بكەینە نەورۆزی یەكڕیزی و ئاشتی و پێكەوە ژیان لە كەركوكدا) لەگەڵ ئەوە تەواوی ئەو حوكم و ئیدارانەی كە كەركوكیان بەڕێوە بردووە. نەیان توانیوە ئاستی گوزەرانی خەڵكی باشبكەن لەگەڵ ئەوەشدا شارەكە تادێت بەرەو وێرانەتر دەڕوات، نەهامەتی لە دوای نەهامەتی بەسەر ئەم شارەدا هاتووە . ناسەقامگیری ئیداری سیاسی ئابووری ئەمنی كۆمەڵایەتی خەریكە جوومگەكانی كۆمەڵگاکە لەبن دێنی بە كردنە دووژمنی یەكدی نەتەوە و باوەڕێی جیاوازەكان خەریكە ئەو كەلتورەی كە هەزاران ساڵە بەشێكە لە بەها و نرخ و ئەخلاقی كەركوكیەکان بەتەواوی كاڵدەبێتەوە."

هەروەها هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی وتیشی: "لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی یەكریزی ئاشتی دراوە لە نێوان نەتەوەكان بەڵام بەداخەوە ئەنجام گیرنەبووە، ئەویش بە هۆی بوونی ئەقڵیەتی نەتەوەپەرەستی كە ئێستالە شارەکەدا زیاد بووە و چەندین دوكانی سیاسی كە ناوی خۆیان ناوە حزب كار لەسەر ئەو ئەقڵیەتە دەكەن. بۆیە تەڤگەری ئازادی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت تاوەكو پێشەنگایەتی دژ بەو ئەقڵیەتە نەتەوەپەرەستیە بکات و بیكاتە بەشێك لە سیاسەت و  پرەنسیپ و ئەخلاقی پارتەكەی."

لەکۆتاییدا کۆمەڵ سەرمەد بەناوی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی ئەوەی خستەڕوو: "ئەوەی لەلای تەڤگەرەكەمان گرنكە ئەوەیە خەڵكی كەركوك خۆی بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات و خۆی لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵ و دیموكراتدا بەڕێوە ببات و لە پرۆسە دیموكراتیەكانی وەك هەڵبژاردن بێبەش نەكرێت . وەك دەزانن ئەنجوومەنی پارێزگار لە ئێستادا پەك خراوە و لە ٢٠٠٥ەوە هەڵبژاردنی بۆنەكراوە، ئەوەش غەدرێكی دیکەیە لە كەركوك دەكرێت. بۆیە چیتر پێویستی تەواوی لایەنە سیاسیەكان یەكریز بین و یەكگرتوو بین  تاوەكو كەركوك بگەرێنینەوە بۆ سەردەمی شكۆمەندی، تەواوی نەتەوە و باوەڕییە جیاوازەكان و پێكەوە بژین، ئەمەش كارێكی قورس و گران نییە، بە پشتبەستن بەو مێژووە هەزاران ساڵەیەی شارەكە هەیەتی لە پێكەوە ژیان."

پاشان وتاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) لەلایەن (سۆما فەرهاد) خوێندرایەوە کە تیدا هاتبوو: "جەژنی نەتەوەییمان نەورۆزی گەلانی ئازادیخواز، بەڕۆحی سەرکەوتنی گاره پیرۆزبێت لە ڕێبەری گەلان  ڕێبەر ئۆجەلان و بەرخۆدانوانانی زیندان، تێکۆشەران، بنەماڵەی شەهیدان و ژنانی ئازادیخواز و هەر تاکێکی  نیشتیمان پەروەر پیرۆزبێت، لەکەسایەتیە ئەفسانەییەکان و ئاگری بەدەنی زەکیە ئالکان، مەزڵوم دۆغان، سەما یوجە و ڤیان سۆراندا، وەکو هەمووساڵێک، ئەمساڵیش بەگوڕ و تین بەرەو ساڵێکی نوێی پڕ لە دەستکەوتی مەزن و لەسەر نانی تاجی سەرکەوتن دەکەینە هەوێنی ئاشتی و هەنگاونانی زیاتر بۆ هێنانەدی خەونی گەلەکەمان و بە ئەنجامگەیاندنی هەوڵەکانمان بۆ ئازادی و یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و نەتەوەی دیموکراتیک.

لە دەقی بەیاننامەکەی (ڕەژاک)دا هاتبوو: " نەورۆز سەرەتای ساڵی نوێی کوردی و سەرەتای وەرزی بەهارە، بۆ هەموو نەورۆزێک سەرکەوتنێک هەیە، کە گیان بەبەر بەدەنی ساڵێکی نوێی  پڕ لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە و سەرفرازیدا دەکات، بۆ ئەمساڵیش سەرکەوتنی مەزنی گــارە و ئیرادەی بەرزی مانگرتوانی زیندانیانی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا و زیندانیان لەباشوری کوردستان زیاتر و زیاتر گوڕ بە ئاگری نەورۆز دەدەن و ئایندەی تێکۆشانی ئازادیمان ڕۆشن دەکەن.

نەورۆز تاکە جەژنێکە، کە هەموو لایەنە ژیانییەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و نەتەوایەتی لەخۆ دەگرێ و جوگرافیاکەشی هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەخۆ، کە سەردەمێک بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆری کوردستان، لەسەردەمی ماددەکاندا، جگە لە نەتەوەی کورد، چەندین نەتەوەی تریش لە جیهاندا ئەم ڕۆژە بە جەژن پێشوازی دەکەن، کە ژمارەیان نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن کەسە، هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی ٢٠١٠ بەفەرمی و بە بڕیارێک نەورۆزی ناساند."

هەروەها سۆما فەرهاد وتی: "نەورۆز بۆ گەلی کورد تەنیا لە چوارچێوەی بۆنەیەکی نەتەوەیی  و نیشتیمانیدا نەماوەتەوە، بەڵکو لە قۆناغی مێژووی تێکۆشانی هاوچەرخدا وەکو چەکێکی کاریگەر لەبەرامبەر داگیرکەرانی کوردستاندا بووە بە لە یەکنزیکبوونەوەی گەلی کورد ل،و مەشخەڵێکیش بووە بۆ ڕۆشنکردنی ڕێگای تێکۆشان و بڵندکردنی بانگی یەکگرتن و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد، سەرەڕای هێرش و داگیرکاری لەسەر کوردستان، کە ئامانجی دوژمنان لێی بەچۆکداهێنانی کورد و شکاندنی ئیرادە و بێ بایەخکردنی جەژنە نەتەوەییەکانیەتی، بەتایبەت جەژنی نەورۆز، لە وەڵامی ئەو هەوڵە چەپەڵانەی دژمندا گەلی کورد هەمیشه تێکۆشان و نەسرەوتنی هەڵبژاردووە و بە گڕی ئاگری نەورۆز باڵی خەونی ئەوانی سوتاندوە و لەسەر ڕەوتی تێکۆشان بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانی بەردەوام بووە و دەبێت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "هیوادارین ئەم نەورۆزە بکەین بە نەورۆزی یەکڕیزی ژنان، بەزوترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان ببەستین چونکە  ژنان بە یەکێتی و یەکڕیزی خۆیان ئەتوانن تێکۆشانی چارەسەری ئازادی بەهێز بکەن و مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێ، چونکە لەکەسایەتی ژندا هەموو مافێک ژێرپێ خراوە و کۆمەڵگە دادەڕوخێنن، ژن لەکوێ بێت و لەهەر بار و دۆخێکدا بێت، پرس و ئازارەکانمان یەکە و هەمان ئەقڵ ستەمی لێدەکات، با سەدەی ٢١ و ئەم نەورۆزە بکەین بەهەنگاوێکی نوێ و ڕادیکاڵانە تێبکوشین بە جەوهەری ژنی ئازاد، بۆ خاک و کۆمەڵگەیەکی ئازاد، وەک ڕێبەر ئۆجەلان دەڵێت (شۆڕشی باشور، شۆڕشی ژنە) بەو ڕۆحەوە هەموو دەنگمان بکەین بەیەک بۆ ڕاستکردنەوەی ژیانی کۆمەڵگەکەمان لە باشوری کوردستان، یەکڕیزی نەتەوەییمان و بیکەینە هەوڵێک بۆئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلان."

پاشان کەرکوکییەکان پێشوازییەکی گەرمیان لە (ژینا سەقزی) خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، ئەو خانمە هونەرمەند چەند بەرهەمێکی هونەری لە ئاهەنگەکە پێشکەش کرد.

پاشان لێدوانی هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لەلایەن بەرێز(محەمەد عەبدوڵا ) پێشکەش کرا و ناوبراو وتی: لە کەرکوکەوە جەژنە پیرۆزە ئاڕاستە هەموو ئەو شۆرشگێرانە دەکەین کە لەسەر چیاکانی کوردستان و زیندانەکان بەرگری لەگەل دەکەن، هەر لێرەوە پەیمانی پیرۆزبایی بۆ ئیمڕاڵی دەنێرین و نەورۆز لە ڕێبەری ئازادی و دیموکراتی گەلان پیرۆز دەکەین، نەورۆز بەبیرهێنانەوەی تێکۆشانی گەلە بەرامبەر زوحاکەکانی سەردەم، بەرزڕاگرتنی نەورۆز بەرزڕاگرتنی تێکۆشانە بەرامبەر بە زوڵم ستەم بەتایبەتی بۆ شاری کەرکوک کە لەم کاتەدا پیلانی گۆڕانی دیموگرافیای شارەکە هەیە، بەڵام ئێمە دەڵێن کەرکوک شاری پێکەوەژیانە بەڵام لە جوگرافیا کوردستاندا."

هەروەها محەمەد عەبدوڵا وتی: "بەداخەوە لە ئیستادا زۆرترین حزب هەیە بەڵام کەمترین هەڵوێستی نەتەوەیی هەیە، بۆیە بانگەواز لە حزبەکان دەکەم کە بە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانین وەڵامی ئەم قۆناغە بدەینەوە، و بانگ لەو هێز و لایەنانە دەکەین کە خزمەتی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و دەستی داگیرکەر دەهێننە نێو خاکی کوردستانەوە و دەخوازن دەستەکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لەدەست بدەن، ئەوە پێچەوانەی بانگەواز و تێکۆشانی گەلی کوردە، داوا لە تەواوی هێزە ئۆپزسیۆنەکان دەکەین کە بە یەکێتی نەتەوەیی فشارێک بۆسەر ئەو لایەنانە دروست بکەن کە یارمەتی دوژمنان دەدەن."

دوای پێشکەشکردنی وتار لەلایەن هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانەوە لە ئاهەنگەکەدا چەند بەرهەمێکی هونەری لەلایەن ئەو هونەرمەندەی کە هەرگیز سنورەکانی نەناسیوە کە هەمیشە لە خەمی خاك و گەلەکیدا بووە، بە دەنگە پر سۆزەکەیەوە بە مۆڕالی شۆرشگێرانەی بەردەوام لەگەراندایە، بۆ ئەوەی بۆ دوژمنانی گەلەکمان بسەلمێنێت کە هەردەم لەپێناو ئازادی تێدەکۆشین و بەگۆرانی و دەنگە خۆشەکەی تیر لە دڵی دوژمنان دەدات کە ئەویش هونەرمەندی باکوری کوردستانە هونەرمەند (دیار دەرسیم پێشکەش کران.

پاشان لێدوانی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان پێشکەش کرا کە تێیدا هاتبوو: "نەورۆز گڕی ئازادیە لە جەستەماندا، ئەی داگیرکار زوحاک، نەفرەتت لێ بێت. بە دەستی کاوە سوتایی. مێژوو بە دڵی تۆ نەبوو، نە گەنجی کورد بێ دەنگ و ڵاڵە و نە گەلانی جیهان، ئەو گڕەی کاوە و مەد لە سەر زاگرۆس سەرکەوتنیان پی نەخشاند وا بڵیسەی ئەو گڕە لە حەفتانینە و ژیلەمۆکەشی وا لە گارەیە هەر رۆژە لە چیایەک لە قەڵایەک دوژمنەکان لە ناو دەبات دارکاریان دەکات لە بەر چاوی جیهان.  کاوە و مەد نەورۆزتان پیرۆز بێت."

هەروەها لە دەقی بەیاننامەکەی گەنجانی وڵاتپارێزدا هاتبوو: "گڕی بەرخۆدان و سەرکەوتن ڕۆژێک بە دەستی میری بابانە و ڕۆژێک وا بە دەستی میری سۆران. رۆژێک بە دەستی میری بۆتانە و رۆژێک وا لەلای شکاکیەکان. نەورۆزتان پیرۆز بێت قازی محەمەد، شێخ رەزا، شێخ مەحمود و خانی لەپزێرین دروشمانە بژی کاوەکان و بژی گەنجانی شۆرشگێر لە هەر چور پارچەی کوردستان، داگیرکار تۆ دەستت برد بۆ قەسری شرین و بۆ لۆزان، نەفرەت لە سایکسبیکۆکەتان. داگیرکار ئەی زاڵم ئەی نەوەی زوحاک، رۆڵەکانی خوێن و بۆگەن و پیسی جیهان، پێش دۆزەخ لە کوردستان دەسوتێنرێن . ناهێلێن لەم خاکە لە گۆرتان بنێن، ئێرە جێگەی مامە رێشە و لەیلا قاسمە. نەورۆزتان پیرۆز بێت ئەی شۆرشگێرەکانی کوردستان و جیهان."

لەکۆتایدا بەگۆڕانی وتن لەلایەن هەردوو هونەرمەندی میڵی (بەرهەم شەمامی و دیار عەلی) ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان کۆتایی هات.

ف.ق