بەهۆی دەربڕین خۆشحاڵی چەند کەسێک لە جوانڕۆ دەستبەسەرکران

دوابەدوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە جامی ئاسیا، لە ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتیان خۆشحاڵیان دەربڕیبوو، بەو هۆیەوە لە شاری جوانڕۆ چەند کەسێک دەستبەسەرکراون.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی ئەوەی دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەرامبەر بە قەتەر، خۆشحاڵییان دەربڕیوە ژمارەیەک گەنج دەستبەسەرکراون، کە ناسنامەی سێ مێرمنداڵ بە ناوەکانی محەمەد مەحمودی تەمەن ١٦ ساڵ، حەمزە بەرزگەر تەمەن ١٦ ساڵ و محەمەد یوسفی تەمەن ١٧ ساڵ راگەیەندراوە.

هێزە ئەمنییەکان دوای هەڵکوتانە سەر ماڵ و کاری ئەو کەسانە بە لێدان و ئەشکەنجە دەستگیریکردوون و دواتر سەرجەمیانی بۆ ناوەندە ئەمنییەکان لە کرماشان گواستووەتەوە.

لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا شاری جوانڕۆ یەکێک لەو شارانەبوو کە خۆپیشاندانی بەرفراوانی تێدا ئەنجامدرا و لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان چەندین کەس لەو شارە گیانیان بەخت کرد و دەیان کەسیش دەستبەسەرکران. لەدوای ئەو خۆپیشاندانانەوە کەشێکی توندی ئەمنی بەسەر شارەکەدا سەپێندراوە.

هـ . ب