' بەهۆی دەستوەردانی سیاسییەوە زیندانیان ئازاد ناکرێن'

کەسوکاری زیندانییانی بادینان و مانگرتووانی چاکسازیی گەوەرانی هەولێر لەبەردەم دادگای دووی تیهەڵچوونی هەولێر گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ڕەوشی مانگرتووەکان لە زیندان زۆر خراپە و ئاشكرایانكرد، “بەهۆی دەستوەردانی سیاسیی لە دادگا، گیراوانی بادینان ئازاد ناکرێن”.

بەشێك لە كەسوكاری زیندانیانی بادینان و چالاكوانان، لەبەردەم دادگای دووی تیهەڵچوونی هەولێر گردبوونەوە و وێنەی بەشێك لە زیندانییان بەرزكردەوە.

محەمەد ئەمین، باوکی گۆهدار زێباریی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: بارودۆخ و تەندروستی زیندانییانی بادینان لە زیندان زۆر خراپە، سەروەریی یاسا نیە، چونکە ئەمە زوڵمێکە لە زیندانیان دەکرێت، پێویستە ئازاد بکرێن.
هەروەها، میهڤان سەعید، برای شڤان سەعید ڕوونیكردەوە، كە دادگا توانای بڕیاردانی سەربەخۆی نییە و وتی: پێویستە دەستی سیاسیی لە نێو دادگا دەربهێندرێت، بڕیارێکی سەربەخۆ بدرێت.

میهڤان وتیشی: وڵات وێرانبووە بەهۆی نەبوونی سەروەریی یاسایی و سەربەخۆیی دادگاکان، لەئێستادا گیراوانی بادینان و مانگرتووان تەندرورستییان خراپە، هەروەها حکومەت بەرپرسیارە لە گیانی هەموو زیندانیان، لەکاتێکدا پێویستە ئازاد بکرێن، بەڵام بەهۆی دەستوەرانی سیاسییەوە ڕێگریی لە ئازادبوونیان دەكرێت.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا پارێزەر محەمەد عەبدوڵا، یەکێک لە پارێزەرانی زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند:”بەهۆی مانگرتنەوە بارودۆخی گیراوانی بادینان لە چاکسازی گەوران زۆر خراپە، کاریگەری لەسەر تەندروستییان هەبووە، هەروەها دەستی دەستیی بە كەیسی زیندانیان دەکرێت، بۆ ئەوەی ئازاد نەکرێن بە ئازادکردنی مەرجدار”.

ف.ق