بنەماڵەی شەنیاشار: ئێمە مافدارین و بەرەنگاری دەکەین
فەرید شەنیاشار ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران بکوژەکان دەپارێزن و وتی: "ئێمە مافدارین و بەرەنگاری دەکەین".
فەرید شەنیاشار ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران بکوژەکان دەپارێزن و وتی: "ئێمە مافدارین و بەرەنگاری دەکەین".
پاسەوانەکان و خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا هێرشیان کردە سەر دوکانی بنەماڵەی شەنیاشار لە پرسوس، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا حاجی ئەسوەد هاوژینی دایە ئەمینە شەنیاشار و دوو کوڕی کوژران. ئەمینە شەنیاشار لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١، دا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە ئەویش لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری ببوو، لەبەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەری کرد. ئەمڕۆ چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەری لە ڕۆژی ٦٤٤هەمیندایە.
ئەمینە شەنیاشار، کە ماڵیان لە ناوچەی پرسوسی ڕحایە و هاتووە بۆ بەردەم دادگای ڕحا بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکەیان، ئەوەیان بینی، کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بە تابلۆی فەرمیی حکومییەوە جارێکی دیکە لەبەردەم ئەو شوێنەدا، کە پۆستەری چالاکیی "دادپەروەریی" تیادا هەڵواسراوە پارکیان کردووە، بنەماڵەى شەنیشاریش پۆستەرەکەیان بە ئۆمبێلەکەی خۆیانەوە بەستەوە و ئەمڕۆش وەک رۆژانی تر پۆستەری چالاکییەکان بە بەرزی ڕاگرت تاوەکو هەموان بیبینن.
'بکوژەکان دەبپارێزن'
فەرید شەنیاشار لە چالاکیەکەدا ڕایگەیاند، بکوژەکە ئەندامی پارتی دەسەڵاتدارە و وتی: "بەڵام وەزیری ناوخۆ بەرگری لە بکوژەکە دەکات و دەیپارێزێت، سەرۆک کۆماریش لەبەرامبەر ئەو بێ یاسایی و بێ مافییەدا بێدەنگە و لایەنگری لە پەرلەمانتارەکەی خۆی دەکات. هەموو کەس دەزانێت، لە تورکیا هیچ دادگایەکی دادپەروەرانە بوونی نابێت کە سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ لایەنگریی تیادا بکەن".
شەنیاشار ئاماژەی بەوەدا، سەرباری ئەوەش دوای دوو ساڵ دۆزەکەیان کردووە بە دوو بەشەوە، بەشی "کارگە و دوکان" و بەشی "نەخۆشخانە" و دەیانەوێت بەوەش دۆزەکە پارچە پارچە بکەن و لەوبارەیەوە وتی، "نزیکەی ٥ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە. دادگای تێهەڵچوونەوە دەیەوێت ئەو دوو دۆزە بکرێنەوە بە یەک. دۆزەکە سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە. کەسێک کە دەڵێت، دادوەری لە تورکیا سەربەخۆ و بێلایەنە و سیاسەتی رێگری لە کاری دادگا ناکات دەبێت سەیری کەیسەک و دۆزەکەی ئێمە بکات".
شەنیاشار وتی: "ئێمە لەبەردەم دەرگای دادگاداین، ئێمە مافدارین. هەموو ئەو شتانەی، کە لە کارگەکە و دوکانەکە کردوومانە و وەک لە گرتەی ڤیدیۆی کامێراکانیشدا دەبینرێت، هەموو بەرگریکردنە لە خۆ. براکەم کەسی نەکوشتووە. ئەو تەنها تەقەی لە دوو کەس کرد، کە هێرشیان دەکردە سەرمان. هەر دوو کەسە هێرشبەرەکە بریندار بوون. ئێمە دەڵێین، براکەمان زیندانیکراوە و لەژێر فشاری سیاسیدا بە دیل گیراوە، بۆیە ئێمە ئەم زوڵمە قبوڵ ناکەین".
شەنیاشار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە، سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراویان بۆ داواکراوە، بەڵام ئەو کەسانە بە ئازادی بۆ خۆیان دەسوڕێنەوە و کەس نایانگرێت و وتیشی: "بەڵام براکەم، کە کارگەکەدا بەرگری لە خۆی کرد ئێستا لە زینداندایە. ئێمە مافدارین و بەرەنگاری بکەین و بەردەم دادگا بەجێناهێڵین. سبەی و دوو سبەی پەرلەمانتارانی حیزبی دەسەڵاتدار، یان کاندیدەکانیان دێنە ڕحا. خەڵکی ڕحا ئەم زوڵمە و ئەم نادادییە دەبینن. کاتێک کاندیدێک هات بۆ ئێرە، یەکەم پرسیار، کە خەڵک لێی دەپرسن، پرسیارە لەسەر ئەم زوڵم و نادادییە. ئێمەش لە بەرامبەریاندا دەوەستینەوە. هەتا ئەم زوڵم و نادادیە کۆتایی پێ نەیەت ئێمە واز لە تێکۆشانەکەمان ناهێنین".
ژ.ت