بەرخۆدان دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە بەردەوامە

ئەو گرووپەی ئێشکگری "ڕێزگرتن لە ئیرادە"یان گرتەئەستۆ، گوتیان "هیچ هێزێک ناتوانێت دژی داخوازییە ڕەواکانمان بوەستێت. هیچ هێزێک ناتوانێت بمانوەستێنێت".

ئێشکگری جولەمێرگ

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ٣ ی حوزەیران، شارەوانی جولەمێرگ دەستبەسەرکرا، ئێشكگری بە درووشمی "ڕێزگرتن لە ئیرادە" لە ٢٥ ی حوزەیرانەوە لەبەردەم پارێزگای جولەمێرگ بەردەوامە و ٥ ڕۆژە بەردەوامە. چالاکییەکەی ئەمڕۆ لەبەردەم بازاڕی گەلی شارەوانی تا نیوەشەو بەردەوام دەبێت و لەلایەن هەڵبژێردراوانی وان و دەوروبەرییەوە لەئەستۆ گیرا. درووشمەکان دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ بەرزکرانەوە.

پاش ڕێپێوانەکە دەربارەی یادی شێخ سەعید و ئەو سزای لەسێدارەدانەی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەپێنرا، ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە قادر شاهین خوێنرایەوە.

شاهین تیشکی خستەسەر مێژووی فشارکردنە سەر گەلی کورد و ڕایگەیاند ئەم زیهنیەتە دەخوازێت هەبوونی خۆی لەسەر لەناوبردنی کوردان درێژە پێ بدات، گوتی: " لەم ڕووەوە ٢٩ی حوزەیران ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد و کوردستان. دوای ٧٤ ساڵ لە لەسێدارەدانی شێخ سەعید، لە ساڵی ١٩٩٩ سزای لەسێدارەدان بەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان درا. بێگومان ئەمە ڕێکەوت نییە! ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ گەڕانی گەلی کورد بۆ ئازادی. هەر بۆیە ئێمە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی شێخ سەعید، بە گۆشەگیریی توند و سیستەمی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکان و سیاسەتی پاکتاوکردن و نکوڵی دژ بە گەلی کورد ئەزموون دەکەین".

شاهین ڕایگەیاند پاش سەد ساڵ دووپاتی دەکەینەوە دەبێت کۆمەڵکوژی دژی شێخ سەعید و هەڤاڵانی ڕوون بکرێتەوە، ئەوانەی ڕۆڵیان هەبووە لە کۆمەڵکوژییەکە یان ڕاستییەکانی شۆڕشەکەیان شێواندووە یەک یەک دەستنیشان بکرێن، گوتی: "پێویستە گۆڕی شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی ئاشکرا بکرێن و مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە".

شاهین ڕایگەیاند هیچ پلان و هەوڵێک لە مێژوودا نەیتوانی چۆک بە تێکۆشانی کورد دابدات، ناتوانن گەشتی ئازادیمان ڕابگرن، گوتی: " دژی فاشیزم و دژی هێرش و کۆمەڵکوژی و سیاسەتی گۆشەگیری و دژیی زیهنیەتی قەیوم، تێکۆشانمان ئێمە بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت! لە ساڵی ١٩٢٥ تا ١٩٩٩ ڕادەست نەبووین و هەرگیز ڕادەست نابین!".

"داخوازی خۆبەڕێوەبەری، داخوازییەکی سرووشتی ئێمەیە"

پاشان ئەو گرووپەی دوێنێ چالاکییەکەی ڕادەستی گرووپی نوێ کرد. هاوسەرۆکی ملازگری دەم پارتی لەسەر ناوی گرووپی دووەم، گوتی: " با هەمووان بزانن کە گەلی کورد لە کەس ناترسێت و ئێمە لێرەین. خۆبەڕێوەبردن بە ناسنامە و زمان و چاندی خۆمان، سروشتیترین مافی ئێمەیە. هیچ کەسێک ناتوانێت دژی داخوازییە ڕەوا و شکۆدارەکانمان ئێمە بوەستێت. هیچ هێزێک ناتوانێت بمانوەستێنێت، ئێمە لێرەین، خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین".

پاشان جەماوەر بە درووشـمی "بەرخۆدان ژیانە" بەرەو بینای دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد.