وتار

بەرخۆدان لە قەڵای مامڕەشۆوە تا تونێلەکانی تشرین و قەرەقۆزاق

هەڵوێستی سەرحەدەکان، زنارینەکان لە سەنگەرەکانی چیاکاندا چی بێت، هەڵوێستی هارون و بێریتانەکانیش لە تونێلەکانی رۆژئاوادا هەمان هەڵوێست و هەمان رۆحە. هەربۆیە ئەنجامەکە هێندەی ئەوان رێزدار و شکۆمەندە.

بەرخودان نە لە دوێنێ و نە لەمڕۆوە، لەو کاتانەوە هەبووە کە خوێنمژان دەستیان بەرەو خاکەکەمان درێژ کرد تا ئێستاش بەرۆکی کوردەکانی گرتووە. هەربۆیە بە بەرخودان کولتور، مێژوو و بەهاکانی پاراستن، خۆپاراستن و هەبوونی خۆیان درێژە پێدەدەن. بۆ ئەوەی گەلی کورد دەستکەوتەکانی خۆیان لەدەست نەدەن، بێپاراستن نەبن و لەسەر خاکی خۆیان بە ئازادی بژین، گەریلاکانی کوردستان لە چیاکان و شەڕڤانانی یەپەژە/یەپەگە و قەسەدەش بۆ پاراستنی شۆڕشی رۆژئاوا شوێنکەوتووی ئەو کولتورەن.

گۆڕەپان، شوێن یاخود کات بۆ ئەو شەڕڤانانە هیچ جیاوازییەکی نییە، لەبەر ئەوەی هەموویان بۆ یەک ئامانج دەجەنگن و خۆڕاگری دەکەن. هەربۆیە بەلایانەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان تونێلەکانی مامڕەشۆ، زەندورا، گرێ سۆر، یاخود تونێلەکانی تشرین و قەرەقۆزاقدا نییە. هەموو شوێنێک بەرخۆدان و هەموو سەنگەرێک گۆڕی نەیارانی کوردە. ئامانج یەکێکە و روونە. هەربۆیە لە درێژایی هەر تونێلێکدا، کۆتاییەکەی رووناکییە.

شەڕی تونێلەکان ئیلهامبەخشی سەرکەوتنە

لە شوباتی ٢٠٢١دا بە ئۆپراسیۆنی سیانێ بەرخودانی تونێلەکانی شەڕ دەستیپێکرد و دواتر بە وەرخەلێ، کوڕەژارۆ گەیشتە لوتکە. ئێستاش لە شاخی جودی و شاخی ئامێدی سەرکەوتن دەنەخشێندرێت. ئیرادەی گەریلاکان لە تونێلەکانی بەرخوداندا لە تۆپ و تانکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەهێزتر و خۆڕاگرترە. شەڕی تونێلەکان بەو ئەزمونانەوە پێشکەوت و بووە سەنگەری شەڕ و ژیان. هەموو ساڵێک بە ئەزمونی نوێوە شەڕی تونێلەکان بووە پایە و کۆڵەکەیەکی سەرەکی شەڕی گەریلا. یاخود شەڕی تونێلەکان بووە هیوا، بڕوا و ئیلهامی سەرکەوتن لە سەرتاسەری جیهان.

لەو قەڵایانەی کە گەریلاکانی ئازادی وەک سەنگەری ژیانی خۆیان و گۆڕی دوژمن ناودێری دەکەن، بێگومان تەنیا شەڕ بەڕێوەنابرێت. لەو تونێلانەی شەڕدا، بەرخودان، ژیان، پەروەردە هەرهەموویان پێکەوە بەڕێوەدەچن. هەربۆیە تونێلەکانی بەرخودان هەم بۆ خۆپاراستن و هەمیش بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەستهێنان، سەرەکی ترین رۆڵ دەگێڕن. وەک لە دیمەن، وتار و بەڵگەکانی ناو تونێلەکاندا دەبینرێت ماوەی پێنج ساڵ زیاترە هەمووان لەو پێداگرییەی گەریلاکانی ئازادیی تێگەیشتوون.

هەربۆیە لەو شەڕەی لەم سەردەمەدا بەڕێوەدەبرێت تونێلەکانی شەر رۆڵێکی زۆر لەپێشینەیان گرتووە و ئەوە راستە، بەڵام ئەوەی ئەم راستیەی بە هەموو جیهان سەلماند بێگومان پێداگریی گەریلاکانە کە لە سەنگەرەکانی ئازادیدا خۆڕاگری دەکەن. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە یەکەم رۆژەوە لە بەرامبەر بەرخودانی تونێلەکانی شەڕ چارەنووسی شکست بوو و هێشتاش نەیتوانیوە لەو گۆڕەپانانەی بەرخودانەدا هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت.

گەریلاکانی ئازادیی بۆ ئامانجێک، لەپێناو دۆزی وڵاتێکی ئازاددا دەجەنگن و تێدەکۆشن. بەڵام بە شەڕەکەیان تەنیا ئەزمونی شەریان زیاتر ناکەن، لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی بەدەستیان دەهێنن بۆ هەموو شوێنێک، بۆ هەموو سەنگەرەکانی ئازادی دەبنە نمونەی بەرخودانی شکۆمەند.

شۆڕشی رۆژئاوا بە بەرخوان پارێزگاری لێدەکرێت

نمونەی ئەو بەرخودانە بێهاوتایە لە هەڵوێستی شەڕڤانانی ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەرخودانی شەڕڤانانی رۆژئاوایە. لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی سەەر رۆژئاوا، شەڕڤانان لەوێ، بۆ پاراستنی شۆڕش و دەستکەوتەکانی گەلەکەیان دەستیان بە بەرخودانی بێهاوتا کرد. رۆژانە لەو دیمەنانەی بڵاودەکرێنەوە ئەوە دەبینرێت، سەربازان و چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گورزی گەورەیان بەردەکەوێت. لەبەرامبەر هەڵوێستی ئەو شەڕڤانانەدا ناتوانن بەرگە بگرن. دەزانن ئەو هێرشانەی بەدەستی چەتەکان ئەنجام دەدرێن ئامانجکەیان لەناوبردنی شۆڕشی رۆژئاوایە. هەربۆیە وەک گەلەکەمان لە رۆژئاواش دەڵێت، تا کۆتایی بەرخودان دەتوانێت شۆڕش رۆژئاوا و دەستکەوتەکانی گەل بپارێزێت. کاتێک لە دیمەنەکانی سەنگەرەکانی شەڕ لە تشرین و قەرەقۆزاق ورد دەبینەوە ئەو هەڵوێستە بە روونی دەبینین.

ئێستا شەرڤانانی یەپەگە/یەپەژە و قەسەدە ئەم شەڕەیان لە سەردەمێکی نوێدا دەستپێکرد و وەک قەڵاکان لە چیاکاندا ئەوانیش هەم لە سەرتاسەری گۆڕەپانەکان هەمیس لە تونێلەکاندا شەڕی پاراستنی رۆژئاوا بەڕێوەدەبەن. هەرچەندە لە شێوازی تاکتیکەکاندا بە گوێرەی شوێن گۆڕانکاریش هەبێت، ئەوەی دەردەکەوێت رۆح هەمان رۆحە. رۆحی گەنجانی کورد، رۆحی بیردۆزی رێبەر ئاپۆ و رۆحی سەرکەوتنە. یاخود لە سەنگەری جیاجیادا دڵەکان بۆ یەک ئامانج دەخورپێن. نمونەی ئەوە لە وتەکانی شەڕڤانانیشدا دەردەکەوێت. ئەو شەڕڤانانەی لە تونێلەکاندا شەڕدەکەن لە چیاکانیشدا، لە تونێلەکانی رۆژئاواشدا هەمان وتە دەڵێنەوە و قسەکانیان هەمان پەیامی لەخۆیدا هەڵگرتووە. وەک چۆن لە سەنگەرەکانی چیاکاندا پەیمانی بەرزکردنەوەی تێکۆشان دەدرێت، لە تونێلەکانی شەڕی بەرەکانی قەرەقەزاقیشدا پەیامی 'بەردەوام خۆڕاگری دەکەین و هەرگیز خاکەکەمان بۆ داگیرکەران و چەتەکان جێناهێڵین' دەدرێت. ئەگەر ئێمە بە گشتی بڕوانین لەکۆی ئەو وێنانە یەک دیمەن شاراوەتەوە. وێنەی بەرخودان و وێنای سەرکەوتنە. هەربۆیە کچ و کوڕانی گەلی کورد هەتاهەتایە لەپێناو ئازادیدا چ قوربانییەک پێویست بکات و لە کوێ بێت ئامادەی بیبەخشن.

هەربۆیە هەڵوێستی سەرەحەدەکان، زنارینەکان لە سەنگەرەکانی چیادا چۆن بێت، هەڵوێستی هارون و بێریتانەکانیش لە تونێلەکانی رۆژئاوادا هەمان هەڵوێست و هەمان رۆحە. بۆیەش ئەنجامەکە هێندەی هەڵوێستی ئەوان شکۆدار و رێزدارە. چیاکانی کوردستان دەبنە قەڵای تێکشکاندنی ستەمکاران، شەڕی رۆژئاواش بەرزکردنەوە و پاراستنی شۆڕشی رۆژئاوایە.