بەرخودانی شەنگال لە ٥٧هەمین رۆژدایە

بەرخودانی گەلی شەنگال بۆ پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدخان لە ٥٧هەمین رۆژدایە.

شەنگالییەکان لە دژی رێککەوتنی بەغدا و پەدەکە لەسەر شەنگال و بە ئامانجی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدخان لە بەردەم ناوەندی ئاسایش لە شەنگال چادریان هەڵداوە.

چالاکییەکە بە دروشمی "ئێمە هەموومان ئاسایشین" دەستیپێکردووە و لە ٥٧هەمین رۆژدایە و چالاکییەکە لەلایەن ئەنجوومەن و رێکخراوەکانی شەنگالەوە بەڕێوەدەچێت.

خەڵکی شەنگال دەستە دەستە سەردانی چادری بەرخودانەکە دەکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ چالاکییەکە دووپات دەکەنەوە.

عەدولێ شەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دیگۆر لەبارەی هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بۆ سەر شەنگال وتی، "بە بەرخودانی پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئێزدخان، شەنگال بووەتە قەڵای بەرخودان. عەگید و جوامێرەکانی وەک زەردەشت، حەمید، عیزەدین و وەک زۆرێک لە شەهیدانی تر کە خوێنی خۆیان بۆ شەنگال داوە، لە شەنگادا هەن و بەرەنگاری و پارێزگاری دەکەن. شەنگال لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان سەری دانانەوێنێت. شەنگال لەسەر بیر و هزری رێبەر ئاپۆ بونیاتنراوە. بە خوێنی شەهیدان رزگار کراوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان هەر وا بە ئاسانی ناتوانێت بێتە شنگال".

لوقمان حسێن ئەندامی ئەنجوومەنی شەنگال لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر شەنگال وتی، "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئەردۆغان بۆ سەر شەنگال نوێ نییە. باو و باپیرانی ئەردۆغان لە کاتی عوسمانییەکاندا، خواستیان ئایین و کولتور و رۆشنبیریی ئێزدییەکان لەناو ببەن و بیسڕنەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەدا لە بەرخوداندایە و لە بەرامبەر سیاسەتە فاشیستییەکانی ئەردۆغانیش دا بەرخودان دەکەین".

ژ.ت