بێریڤان ئەیوب ووتی؛ هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمكرابوو، ناڕاست دەرچوون و منیش بەبێ تاوان دەركەوتم.
لەسەر چۆنیەتی دەستگیركردن و مامەڵەكردنی هێزە ئەمنیەكان لەگەڵدا؛ رایگەیاند؛ هێزە ئەمنیەكان نامرۆڤانە لەگەڵم هەڵسوكەوتیان كرد بەتایبەتی لە 15 رۆژی سەرەتای دەستبەسەركردنەكەم كە لەژووری تاكەكەسیدا راگیرابووم.
لەكۆنگرە رۆژنانووسیەكەدا، بێریڤان ووتی؛ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم كرابوون هیچیان راست دەرنەچوون، چونكە من تەنیا رەخنەم لەدەسەڵات گرتبوو و داوای ماف و مووچەی هاووڵاتیانم كردبوو.
لەسەر بارودۆخی تەندروستیشی رایگەیاند؛ لەرووی تەندروستیەوە، تووشی نەخۆشی شەكەرە بووم، چاوەكانم بەباشی نابینن، هەشت جاران مانم لەخواردن گرت بۆ ئەوەی كەیسەكەم یەكلایی بكرێتەوە.
لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەشدا، پارێزەر بەشدار حەسەن ئامادە بوو و رایگەیاند؛ لەسەرەتاوە مامەڵەیەكی تەندروست و یاساییان لەگەڵ بێریڤان نەكردوە.
بێریڤان ئەیوب حەسەن، چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠٢٠ی پارێزگای دھۆك كە دایكی پێنج منداڵە، لە ١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ەوە، لە پارێزگای ھەولێر بەپێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ كە تایبەتە بە “تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی” دەستگیركرا.
بێریڤان ئەیوب، چالاكوانی بادینان، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ساڵێك و شەش مانگ لە زینداندا، ڕۆژی ٦ی مارس بەپێی بە دوو ساڵ زیندانیكردن سزادرا و ئەمڕۆش بە ئازادكردنی مەرجدار، كە بڕگەیەكی یاساییە و لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا كاری پێدەكرێت، ئازاد كرا.
ف.ق