"بەشداری ئەو چالاکییانە مەکەن کە بەرهەمی شەڕی تایبەتە"

هاوسەرۆکی دەم پارتی جولەمێرگ حومەیرا ئارموت ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر ئەو دوو سەربازە تورکەی گێچەڵی سێکسییان بە ٢ مناڵ کرد و گوتی: "بەشداری ئەو چالاکییانە مەکەن لەژێر ناوی فیستیڤاڵ ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەبنەڕەتدا کەرەستەی شەڕی تایبەتن".

سیاسەتی شەڕی تایبەت

پارێزگای جولەمێرگ بە ناونیشانی "فیستیڤاڵی وێنە و سەفاری و وەرزش" لە ناوەندی چەلێ چالاکییەکی ئەنجامدا، تێیدا ئەفسەرانی تورک لە کۆنسێرتێکدا گێچەڵی سێکسیان بە ٢ مناڵ کرد کە تەمەنیان ١٦-١٧ ساڵ بوو، گەنجانی بەشداربوو دەستوەردانیان کرد بۆ ڕێگری لەم کارەی سەربازەکان. لەم بارەیەوە دەم پارتی و تەڤگەری ژنانی ئازادی چەلێ ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

"تاکتیکی شەڕی تایبەتە"

هاوسەرۆکی دەم پارتی جولەمێرگ، حومەیرا ئارموت ڕایگەیاند ئەم کارێکی ئاسایی نییە بەڵکو تاکتیکی شەڕی تایبەتی سیستەماتیکە، سەدان تاوانی وا لەلایەن هێزەکانی دەوڵەت کراون و شاردراونەتەوە، ئەگەریش ئاشکرا بووبێت بەبێ سزا دەربازبوون، گوتی: " بانگەواز دەکەین، بەشدار مەبن لەم چالاکییانەی لەژێر ناوی فیستیڤاڵ ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەبنەڕەتدا ئامرازی شەڕی تایبەتن. چونکە ئەم چالاکییانە وەک ئامرازی ئاسمیلەکردن بەکاردەهێنرێن بۆ لەناوبردنی چاندی دێرینی کورد. ئێمە وەک دەم پارتی ڕێگە نادەین ئەو چالاکییانەی کە چاندەکەمان تێکدەدەن و حیساب بۆ بەهاکانی گەلەکەمان ناکەن و مرۆڤەکانمان هەراسان دەکەن جارێکی تر لە شارەکەمان ئەنجام بدرێن و دژی ئەمە تێدەکۆشین".