بوڵدان و ئەحمەد تورک: لە دژی ئەردۆغان دەچینە سەر سندووقەکان

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان و سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک بانگەوازیان لە گەلی کورد کرد کە ٢٨ی ئایار لە دژی ئەردۆغان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

رێکخستنی پارتی چەپی سەوزی ئامەد و رێکخستنی هەدەپەی ئامەد بە بەشداری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەروین بوڵدان، سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز مەرال دانش بەشتاش، گیۆرگ ئاسڵان، سەڤلای چەلەنک، جەنگیز چاندار، مەحمود کاماچ، بەڕێوەبەرانی هەدەپە، پارتی چەپی سەوز، دەبەپە لە هۆتێلێکی ناوچەی پەیاسای ئامەد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان ساز کرد.

هاوسەرۆکی گشیی هەدەپە پەروین بوڵدان لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و داوای کرد لەگەل کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

'هەڵوێستمان لە گەڕێ یەکەمدا لە گەڕی دووەمیشدا بەردەوام دەبێت'

بوڵدان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە گەڕی دووەمدا ئەم کۆبوونەوەیان سازکردووە و دەستنیشانی کرد کە سەرباری هەموو رێگرییەکانیش ئەوان وەک پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لەپێناو داهاتوویەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە زۆر گرنگە و وتی: "هەڵبژارندی ٢٨ی ئایار بۆ گۆڕانکاری مێژوو و رێکەوتێکی گرنگە. بڕیار و هەڵوێستی ئێمە لەگەڕی یەکەمدا لە گەڕی دووەمیشدا نیشانی دەدەین. چونکە پەیوەستە بە ئایندەمانەوە. ئەگەر سەرۆککۆماری ئاکەپەیی سەربکەوێت بەو واتایە دێت کە گەلانی تورکیا جارێکیتر ناتوانن هەناسە بدەن. زۆر بە روونی ئەوە دەڵێم. هەربۆیە دەبێت ئەردۆغان بڕوات و ئەگەر ئەو بڕوات کۆمەڵگا ئارام دەبێتەوە. هەموو سیاسەتی هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە لەسەر دوژمنایەتیکردنی کوردانە. دەبێت ئەو دوژمنایەتیکردنە رابگیرێت".

'ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسی تورکیا دەگۆڕێت'

بوڵدان لە پێناو گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا داوای بەشداری لە گەل کرد و بەم جۆرە دووا: "ئەمە هەڵبژاردنێکی زۆر مێژووییە. یان ئێمە رووناکی هەڵبژێرین و بژاردەمان ئەوە بێت یاخود ئێمە تاریکی هەڵبژێرین. فاشیزم هەڵبژێرین یاخود دیموکراسی هەڵبژێرین. بەراستیش ئەم هەڵبژاردن زۆر مێژوویی و گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسی تورکیا دەگۆڕێت. بەتایبەتی سپاسی گەلی ئامەد، گەلی کود و هەموو گەلانی تورکیا دەکەین کە پشتگیرییان لە پارتەکەمان کرد. جارێکی دیکە دەمانەوێت بانگەواز ئاراستەی گەلی کورد و هەموو گەلانی تورکیا بکەین؛ گۆڕینی چارەنوسی تورکیا بە دەست ئێمەیە. ئێمە لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە داهاتووی خۆمان یەکلایی دەکەینەوە. جارێکی دیکە داوا لە گەلانی تورکیا دەکەین بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و خاوەنداری لە سندووقەکان و دەنگەکانیان بکەن".

ئەحمەد تورک: ئێمە لەپێناو ئایندەی گەلی کورد تێدەکۆشین

سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورکیش دەستنیسانی کرد کە ئەوان لە دژی فاشیزم هەڵوێستیان دیموکراسی دەبێت و بۆ گەڕی دووەم داوای پشتیوانیکردن لە کلیچدارئۆغڵوی کرد و وتی، "هەڵبەت بژاردەی ئێمە بۆ کەسەکان نییە. ئێمە بۆ ئایندەی گەلی کورد و تورکیا تێدەکۆشین و ئێمە بە گوێرەی ئەو بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین. هەڵبەت مشتومڕەکان لەسەر نەژادپەرستی سڵکردنەوەیەکی لەلای گەلەکەمان ساز کرد. لێرە بەتایبەتی دەمەوێت داوا لە گەنجە بەنرخەکانمان بکەم، بەهیچ جۆرێک مەکەونە داوی گەمەکانەوە، ئەگەر ئێوە سندووقەکان بایکۆت بکەن و نەچنە سەر سندووقەکان ئەوە دەکەوێتە خزمت ئەردۆغان. دەمەوێت بەو هۆشمەندی و زانابوونەوە بجنە سەر سندووقەکان".

هـ . ب