رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئاسایشی بەرزی جۆری ئێفی ئیمراڵی لە دۆخی گۆشەگیرییەکی دژواردایە. ٣٠ مانگە بە هیچ جۆرێک زانیاری لە عەبدوڵا ئۆجالان وەرناگیرێت. کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی)ش خۆی بێدەنگ کردووە.
ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاند کە پێشێلکاری یاسایی لە ئیمراڵی بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوبووەتەوە و وتی، "لەبەر ئەوەی لە یاسادا شتێک نییە بە ناوی 'دۆخی ریزپەڕ و هەڵاوێرد'، ئەو یاسایانەی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەکراون ئەمڕۆ لە تورکیا بوونە کێشەی گەورە".
'پیلانگێڕیی بە شێوەی گۆشەگیری بەردەوامە'
ئیبراهیم بیلمەز رایگەیاند، کە پیلانگێڕیی لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەنجامدرا، ئێستا لە ئیمراڵی بە شێوەی گۆشەگیری بەردەوامە. بیلمەز ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو سیستمەی لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا ئامادەکرا بۆ ئەوە بوو و وتی، "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە هەڵوێستی خۆی کە سازشی لەسەر ئاشتی نەکرد، بە پێداگری خۆی لەسەر چارەسەری دیموکراتیک ئەو سیستمەی پوچەڵ کردەوە. لە راستیشدا سیستمی گۆشەگیری پوچەڵکردەوە. ئەوەی ئێستا زیاترە لە گۆشەگیری. لەبەر ئەوەی دوو ساڵ و نیوە ئێمە ناتوانین بە هیچ جۆرێک زانیاری لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەستبهێنین. لە جیهاندا نمونەیەک بۆ ئەو دۆخە نییە. لە هیچ وڵاتێک زیندانێک نییە کە پاڕێزەر و بنەماڵە نەتوانن دوو ساڵ و نیو سەردان بکەن. تەواوی جیهان چاوی بەسەر ئەمەدا نوقاندووە و متەقیان لێوە نایات".
'گۆشەگیری کێشەی هەموو ئەوانەیە کە لە تورکیا دەژین'
بیلمەز بەم جۆرە بەردەوام بوو: "کاتێک بۆیەکەم جار چوومە ئیمراڵی، کاتێک کەمترین دیداری پارێزەران ئەنجام دەدرا، کاتێک کە من بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بینی و لێی دابڕام، هەستی من ئەو کاتە بەم جۆرەبوو: تەنیا هەستێکی گەورە. واتە عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئەوە وابوو کە لە بەر هەوڵەکانی لەپێناو ئاشتیدا سزابدرێت. ئەوەی پێیدەڵێین گۆشەگیری ئەوەبوو. تەنیابوون لەوێ، بێدەنگی، هەموو شێوازێکی سزادان بوون. رێبازێک لە دژی ئیرادەی بەڕێز ئۆجالان بوون. بیردەکەمەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو هەلومەرجانەدا بەرگە بگرێت، پێویستی بە ئیرادەیەکی گەورە هەیە. من بە چاوی خۆم بینیم کە ئەو لە ناو هەلومەرجی دژواردا خۆڕاگری دەکات. بەئەنجام گەیاندنی ئەوەش پێویستی بە ئیرادەیەکی یەکجار پتەو، بڕوایەکی قووڵ و لەناخەوە هەیە، هێشتا خۆڕاگری دەکات، درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات و هەوڵ دەدات ئەنجامێک بە دەستبهێنێت. ئەو هێزانەی رۆڵیان لە پیلانگێڕییدا هەبوو ناوەستن، هێشتاش هەوڵ دەدەن رۆڵی خۆیان جێبەجێ بکەن. هۆکاری بێدەنگی ئەمڕۆشیان ئەمەیە. پرۆسەی پیلانگێڕی لە رێگەی گۆشەگیرییەوە بەردەوامە. گۆشەگیری ئێستا، دۆخی وەرنەگرتنی زانیاری ئەوە دەخاتەڕوو. ئەو هێز و دەوڵەتانە هێشتاش نایانەوێت پرسی کورد بە رێگە چارەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، دەیانەوێت قۆناغی شەڕ بەردەوام بێت. ئەگینا ئەو وڵاتانە بەرامبەر بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەوەستانەوە. وەک عەبدوڵا ئۆجالان لە پارێزنامەکەیدا باسی لێوەکردووە، بە بێ چارەسەرهێشتنەوەی پرسی کورد، زیاتر زیان بە گەلان دەگەیەنێت. ناچارەسەرکردنی پرسی کورد و گۆشەگیری کێشەی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە تورکیا دەژین".
'پێشێلکاری لە ئیمراڵی بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوبووەتەوە'
بیلمەز هێمای بۆ ئەوەش کرد، هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی ئابووری تورکیا، چارەسەر نەکردنی پرسی کورد و گۆشەگیرییە و وتی: "چونکە گۆشەگیری بە واتای چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. ھەر بۆیە دەبێت هەمووان لە تورکیا ھەم لەڕووی مرۆیی ھەمیش ویژدانی، ئەخلاقی و یاسایی دژی گۆشەگیری بوەستنەوە و بکەونە جموجۆڵ و چالاکییەوە. ئەو گۆشەگیرییە لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەندی بە ھەموو کەسێکەوە ھەیە. پێشێلکاری لە ئیمراڵی کاریگەری لەسەر هەموو تورکیا ھەیە، لە سەرتاسەری تورکیا بڵاو دەبێتەوە.، چونکە لە یاسادا شتێک بە ناوی 'دۆخی ڕیزپەڕ و ھەڵاوێر' بوونی نییە. ئەو یاسایانەی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەکران، بوونەتە کێشەیەکی گەورە بۆ تورکیا. تورکیا لەو بابەتەدا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە ئیدانە کرا. ھەربۆیە دەبێت هەمووان ناڕەزایەتی دیموکراتیک نیشان بدەن، تورکیا وەک دەوڵەتێک دەبێت لەوە تێبگات کە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیە لە بەرژەوەندی هێزە دەرەکییەکانە. پێویستە تورکیا بانگەوازەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە ھەند وەربگرێت، کە چەندین جار پێش و دوای پرۆسەی ئیمراڵی کردوویەتی. عەبدوڵا ئۆجالان دەیوت، با پرسی کورد لە نێو خۆماندا چارەسەر بکەین، هێزە نێونەتەوەیەکان بەشداری پێ نەکەین. ھەربۆیە دەبێت دەوڵەت دەستبەجێ کۆتایی بەم پێشێلکارییە بهێنێت. دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بھێنێت. چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانە. بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم گرنگی بەو بابەتە بدەن".