بەزنجیرەیەک چالاکی یادی شەهیدانی مانگی گوڵان بەرزڕاگیرا

کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، شەهیدانی مانگی گوڵانیان بەبیرهێنایەوە و ئەو یادەیان بە زنجیرەیەک چالاکی بەرزڕاگرت.

کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی مانگی گوڵان، دوێنێ زنجیرەیەک چالاکییان ڕێکخست، کە پێکهاتبوو لە گەشت و سەردانکردنی چەند شوێنێکی وەکو (مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەمنە سورەکە)ی سلێمانی، هەروەها پێشکەشکردنی سیمینار سەبارەت بە گرنگیی مانگی گوڵان و ئەو قوربانی و بەرخۆدانە مەزنەی شەهیدانی مانگی گوڵان پێشکەشی گەلەکەیان کردووە.

لە چالاکییەکەدا زیاتر لە ٥٠ ئەندامی هەرێمەکانی کەرکوک، گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و شارەزور بەرشداربوون، سەرەتای چالاکییەکە بە سەردانکردنی بینای (ئەمنە سورەکە) لە سلێمانی دەستی پێکرد تا ئەو ستەمە ببینن، کە رژێمی بەعس دژ بە گەلی کورد ئەنجامی دەدا، پاش سەردانکردنی (ئەمنە سورەکە) گەشتەکە بەردەوام بوو بەرەوە شاری هەڵەبجەی شەهید، لەوێشدا سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە و مۆزەخانەی شەهیدانی هەڵەبجە کرا، ئامانج لەم گەشتانەش بینینی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو، کە دوژمنان دژ بە گەلەکەمان ئەنجامیانداوە و تا ئێستاش کۆمەڵکوژی و کیمیابارانکردنی گەلی کورد بەردەوامی هەیە.

پاشان بەڕێکەوتن بۆ سەیرانگای ئەحمەد ئاوا و هەروەها چەند گوندێکی ناوچەکانی شارەزوریان بەسەرکردەوەو وە لە گوندی 'شیرەمەڕ' سیمینارێک پێشکەش کرا، سیمینارەکە لەلایەن محەمەد دانا ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان پێشکەش کرا و تیدا ووتی: "لەم مانگەدا لە کوردستان زۆرترین شەهید دراوە ئێمەش ئامانجمان بوو ئەم یادە بەرزڕابگرین بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا، کە زۆرترین کورد شەهیدبوون، لە ساڵی ١٩٨٨ رژێمی فاشست و شۆڤێنی بەعس گەلی کوردی لە هەڵەبجە کیمیاباران کرد وەکو چۆن ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا گەریلاکانی ئازادی کیمیاباران دەکات،  بینیمان لە عەفرین و سەرێکانێ دەوڵەتی داگیرکەر چەکی قەدەغەکراو و چەکی فسفۆڕی بەکارهێنا، بە هەمان شێوەی کۆمەڵکوژییەکانی باشوری کوردستان کۆمەڵگای جیهانی و نەتەوەیەکگرتووەکان وەکو کاری هەمیشەیان بێ دەنگیان هەڵبژارد".

هەروەها ئەو ئەندامەی گەنجان ووتیشی: "هێڵی ئاپۆچێتی لە ئەمڕۆدا پێشەنگایەتیی هێڵی ئازادیخوازی گەلی کورد و تەواوی گەلانی ناوچەکە دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی بزوتنەوەی ئاپۆچێتی پاراستن و توڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدانە، مانگی گوڵان لە کەسایەتی شەهید (حەقی قەرار، فەرهاد کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجمی ئۆنەر)، کە ئەم شەهیدانە خەتی بەرخۆدانن لەناو پەکەکەدا، هەروەها یەکەم فەرماندەی ژن لەم مانگەدا شەهیدبووە کە فەرماندە (هۆزان مزگین)ە، کە ژنە هونەرمەندە.  شەهید مزگین بەهونەر و گیانی خۆی خەباتی بۆ گەلی کورد کردووە، هەروەها لە کەسایەتیی شەهید (شیرنی عەلەم هولی، مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، شەهید عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان)، کە لە مانگی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠ بەدەستی دەوڵەتی سێدارە لەسێدارەدران و شەهیدبوون، کە بینیمان شەهید (شیرین عەلەم هولی) لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەدا بەرخودانی بێ وێنەی کرد و درێژەی بە کولتوری بەرخودانی بزووتنەوەی ئاپۆیی دا و هێڵی خیانەت و خۆبەدەستەوەدانی بە بەرخودانەکەی خۆی لە زیندانیدا ئیدانە کرد و بە گیانی خۆی خۆی لە پێناو ئازادیی گەلەکەماندا بەختکرد".

لە کۆتایدا ناوبراو ووتی: "ئێمە وەکو گەنجانی ئاپۆیی بەردەوامی ئەو رەنج و خوێنەین، کە شەهیدان بەخشیویانە بە گەلەکەیان، و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی ئەو شەهیدانەمان هەڵگرتووە، گەنجانی ئاپۆچی گەنجانی هێڵی شەهیدانن ئێمەش وەکو گەنجانی ووڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر هێڵی شەهیدان بە بنەما ئەگرین، لێرەوەش ڕایدەگەینین کە تاوەکو خوێنی شەهیدێک لەسەر ئەم خاکە مابێت دەست لەم خەبات و تێکۆشانە بەرنادەین".

لە کۆتایدا گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بە ووتنەوە دروشمەکانی (بژی ڕێبەر ئاپۆ، شەهید نامرن) کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا.

لەلای خۆیەوە سەفوان ئەحمەد ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان سەبارەت بە چالاکییەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ ئێمە وەکو کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، هەستاین بە ڕێکخستنی چالاکییەک، کە پێکهاتبوو لەسەردانکردنی (ئەمنە سورەکە)ی سلێمانی و (مۆنەمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە) تا گەنجانی ئێمە لەبیریان نەچێت، کە گەلەکەمان چ کۆمەڵکوژی کارەساتێکیان بەسەرهاتووە و لەبیری نەکەن، کە کۆمەڵکوژییەکان تا ئەمڕۆ بەردەوامیی هەیە، گرنگ بوو ئەم گەشتە ئەنجامبدەین، چونکە لەم مانگەدا گەلی کورد زۆرترین شەهیدی داوەن کە مانگی گوڵان مانگی شەهیدانە،  ئێمەی گەنجان بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێبازەی، کە شەهیدانی مانگی گوڵان لەپێناویدا شەهید بوون".

ژ.ت