بەهۆی بۆردوومانە نامرۆڤایەتیەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر گەشتیارانی عێراق، خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک رۆژ لەدوای رۆژ ڕوو لەفراوانبوونە و جگە لە داخستنی باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک لە بەغدا و داگرتنی ئاڵای تورکیا، ناوەندەکانی سەر بەدەوڵەتی داگیرکەری تورک وەکو ناوەندەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا لە سەرجەم شارەکانی عێراق داخران.
هەروەها خۆپیشاندانەکانی تا دێت فراوانتر دەبێت دژی دەوڵەتی تورک، و فشارەکانی شەقامی عێراقی بەگشتی بۆسەر حکومت زیادی کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی بۆردوومانەکانی تورکیا، هەروەها لە شارەکانی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ بایکۆت کردنی کاڵای تورکی دەستپێکردووە، لەئیستاشدا عێراق بڕیاری داوە بۆ یەکەم جار سکاڵای فەرمی لەدژی تورکیا ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات و داوای ٣٠ ملیار دۆلار قەرەبوو لە تورکیا دەکات.
سەبارەت بە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان دژی هێرش و بۆردوومانەکانی دهوڵهتی تورک، چالاکوانی مەدەنی و رۆژانامەنووسانی کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوان و داوای هەڵوێستی زیاتر لە هاووڵاتیان حکومەت دەکەن بۆ ڕێگری کردن لەدووبارە کردنەوە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر هاووڵاتیانی بێ تاوانی عێراق.
پێویستبوو ئەم هەڵوێستانە لەکاتی یەکەم پێشەڵکاری بوونی هەبووایە
هاوار محەمەد، رۆژنامەووانی دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە بۆردوومانەکەی دهوڵهتی و بە ئەمانجکردنی گەشتیارانی عێراقی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەو بۆردوومانەی لەسنوری زاخۆ ڕوویدا کە لەئەنجامدا دەیان گەشتیاری عێراقی بوونە ئامانج، یەکەم جار نیە هێرشێکی لەو جۆرە ڕووبدات، بەڵکو ئەمە درێژەپێدەری ئەو پێشەڵکاریانەیە کە هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران لەدژی خاکی هەرێمی کوردستان و بەشێکی خاکی عێراق ئەنجامی دەدەن، لەدوو رژی ڕابردوو ناڕەزای و خۆپیشاندان هەڵوێست وەرگرتن هەبووە بەڵام پێویستبوو ئەم هەڵوێستانە لەکاتی یەکەم پێشەڵکاری بوونی هەبووایە، چونکە لەو ناوچەیە تەنها هاووڵاتیانی مەدەنی بوونەتە قوربانی و هیچ هێز لایەنەنێکی چەکداری لەو ناوچانە نەبوونەتە قوربانی چونکە ناوچەی گەشتیارین".
تائیستا حکومەتی عێراق ئەجیندانی ڕاستەقینەی تورکیا تێناگات
هەروەها سەبارەت بە ئامانجی پشت بۆردوومانی گەشتیاران، ئەو رۆژنامەنووسەی شاری کەرکوک ڕایگەیاند: "بە ئامانج گرتنی ناوچەی گەشتیاری ئەوە دەسەلمێنێت کە ئامانجی تورکیا و ئێران دروستکرنی ئاژاوەگێڕییە و تێکدانی ئاشایشی ناوچەکەیە نەک لێدان لە هیچ هێزێک، ئەو هێرشەی کرایە سەرناوچەیەکی گەشتیاری و دەیان گەشتیار بوونە قوربانی، سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە گەشتیارییە و گهریلاكانی پەکەکە بوونیان نیە لەو ناوچانە، ئامانج لەم هێرش بۆروومانانە نانەوەی پشێوییە لە عێراق و تائیستا حکومەتی عێراق نیەتی تورکیا تێناگات کە پلانی و ئەجیندای دیکە لەپشت ئەم بۆردوومانانەیە".
پێویستە پەرچەکردار هەبێت بۆ وەڵامی بۆردوومانەکانی تورکیا
لە کۆتایدا هاوار محەمەد رۆژنامەنووسی شاری کەرکوک ووتی: "پێویستە تەواوی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی عێراق بەیەکەوە هەڵوێست نیشان بدەن بەرامبەر ئەو پێشەڵکاریانە، داواش لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم کە هەڵوێستی جدی بنوێنن تا جارێکی دیکە ستەم و تاوانی لەم جۆرە بەرامبەر هاووڵاتانی عێراق دووبارە نەبێتەوە، وە پێویستە پەرچەکردار هەبێت بۆ وەڵامی بۆردوومانەکانی تورکیا تا ڕێگە بگرن لە دووبارەکردنەوەی شەهیدبوونی هاووڵاتانی بێ تاوان".
ئەوەی سەلماند کە خوێنی کورد چەندە هەرزانە
عەلی عەبدولڕەحمان چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە هێڕشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ووتی: "بەداخەوە لەماوەی ڕابردوو تورکیا دەستی نەپاراستووە لە شەهیدکردنی هاوولاتیانی باشوری کوردستان، لەدواین هێرشی دەوڵەتی تورکدا دەیان گەشتیاری عەرەبی ناوەند و خواری عێراق بوونە قوربانی، ئەوەی زیاتر جێگای داخە ئەوەیە کە هەڵوێستی گەلی عێراق لەپێناو قوربانیەکانیان ئەوەی سەلماند کە خوێنی کورد چەندە هەرزانە لە باشوری کە بینیمان گەلی عێراق چەندە توڕەبوو لەو هێرشە نامرۆڤیەی کە تورکیا کردی دژی گەشتیارانی عێراق، بەڵام بەردەوام خەڵکی کورد شەهید دەبن بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بەڵام کورد و حکومەتی کوردی لەباشوری کوردستان بێ دەنگن، بەڵام گەلی ناوەڕاست و خواری عێراق هەڵوێستی توندیان گرت بەرامبەر تورکیا".
شەقامی عێراقی حکومەتی ناچارکرد کە هەڵوێست بنوێنێت لەدژی تورکیا
هەروها سەبارەت بەهەڵوێستی شەرمنانەی حکومەتی عێراق بەرامبەر بۆردوومانەکەی تورکیا، ئەو چالاکوانە ووتی: " بەداخەوە لە سەرەتای ڕوودانی کارەساتی بۆردوومانەکەی تورکیا، لەبری حکومەت موقەتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و پاشان شەقامی عێراقی هەڵوێستی توندیان دژی تورکیا گرت، پاشان شەقامی عێراقی حکومەتی عێراقی ناچارکرد کە هەڵوێست بنوێنێت لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا، تائیستا لەو ناوچانە ١٣٨کەس بوونەتە قوربانی هێرشە رۆژانەکانی دەوڵەتی تورکیا".
حکومەت لە پەیامی بۆردوومانەکەی تورکیا تێناگات
هەروەها ئەو چالاکوانە مەدەنییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتیشی: "هیوادارم هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وعیراق لە مەرامی ڕاستەقینەی تورکیا تێبگەن کە ئامانجی چیە لەو بۆردوومان و لەشکرکێشیانەی کە ئەنجامی دەدات، بۆردوومانەکانی تورکیا پەیامێکی روونە بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق زۆری ماوە لەو پەیامەی تورکیا تێبگات".
دەبێت هاووڵاتیانی باشوری کوردستان کە چاو لە هاووڵاتیانی عێراق
لەکۆتایدا سەبارەت بەهەڵوێستی چالاکوانان بەرامبەر هێرشە درندەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، عەلی عەبدولڕەحمان چالاکوانی مەدەنی ووتی: "ئێمە پێشتر لە شاری کەرکوک چەندین گردبوونەوەمان ئەنجامداوە و ناڕەزایەتیمان لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕیوە، داواکارم لە هاووڵاتیانی باشوری کوردستان کە چاو لە هاووڵاتیانی عێراق بکەن کە چۆن دکی ئەم بۆردوومانانەی تورکیا هەڵوێستیان هەبێت تا حکومەتیش ناچار بکرێت سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنرێت".
هـ . ب