'چەندە تێبکۆشین، ئەوەندە ئازاد دەبین'

گەریلای هەپەگە عەلی فورات قامیشلۆ باسی لەوەکرد کە بە هێزی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ تێدەکۆشن و وتی، "دوژمن هەموو ساتێک لە هەوڵێ لەناوبردنی ئێمەدایە، هەربۆیە چەندە تێبکۆشین ئەوەندە ئازاد دەبین. ئێمە ناهێڵین دوژمن ئامانجەکەی بپێکێت".

لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر سیاسەتی سیستمە باڵادەستەکان و عەقڵیەتی دەوڵەتپەرست، بزوتنەوەی ئازادی بۆ هەموو گەلانی بندەست بووەتە سەرچاوەی هیوای ژیانێکی ئازاد. ئەوانەی روودەکەنە ناو ریزەکانی، واتای ژیانی راستەقینە دەدۆزنەوە، لەپێناو پاراستنی بەهاکانی مرۆڤایەتیدا شەڕ و تێکۆشان دەکەن. گەریلای هەپەگە عەلی فورات قامیشلۆ هەست و رامانی خۆی لەم لێدوانەیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو.

عەلی فورات قامیشلۆ گەریلایەکە لە نەتەوەی عەرەب و لە هۆزی تاییە. گەریلا عەلی فورات بە هەڵوێستی شەڕڤانانی ئازادیی لە بەرمابەر چەتەکانی داعش کاریگەر دەبێت، بە ناسینی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ ئەو کارگەرییە قووڵتر دەبێت و بڕیاری بەشداربوون لە ناو ریزەکانی تێکۆشانی ئازادیی دەدات. عەلی فورات قامیشلۆ باسی لە رێپێوان و هەنگاوەکانی خۆی لە ناو ریزەکانی گەریلادا کرد و وتی، "لەگەڵ هێرشی چەتەکانی داعش شەڕ لە ناوچەکەمان هاتە ئاراوە و چەندین گروپ بە ناوی جیاجیاوە دەرکەوتن، لەو کاتانەدا ناوی پەکەکەمان بیست، ئێمە و بە گشتی بنەماڵەکەمان لەو بارەوە پەرۆشی زانین بووین".

'بە هاتنی هەڤاڵان تاریکی سەر کۆمەڵگەکان رەوییەوە'

گەریلای ئینترناسیۆناڵ باسی لەوەکرد کە بە بەشداربوونی دوو بڕای لە ناو یەپەگەدا پەرۆشی و تامەزرۆیی بۆ ناسینی بزوتنەوەی ئاپۆیی زیاتر بووە و وتی، کە ئەو لە ساڵی ٢٠١٦دا بڕیاری بەشداربوونی داوە. عەلی فورات ئاماژەی بە دۆخی گەلی هەرێمە، دژواری و ئەو تەنگوچەڵەمانەکرد کە بەهۆی هێرشی چەتەکانەوە تووشیان ببوو و لەو رووەوە وتی، "ئەو بزوتنەوەی کە بە شێوەیەکی ویژدانی خاوەنداری لە گەلانی ناوچەکە کرد پەکەکەیە. گەلانی هەرێمەکە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە پێویستیان بە هێزێک هەبوو کە بێت و ئەو گەلە رزگار بکات. هەربۆیە راستو  دروستترین و دادپەروەرترین بزوتنەوە کە لەپێناو ئازادکردنی گەلان شەڕی کردبێت، بزوتنەوەی ئاپۆیی و پرۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بوو. دەتوانم بڵێم بە هاتنی هەڤاڵان تاریکی سەر کۆمەڵگا رەوییەوە".

'رێگە نادەین دوژمن ئامانجەکەی بپێکێت'

عەلی فورات ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورک بە سیاسەتی داگیرکەریی، چەتەکانی داعش و بەرەی نوسرە سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "وەک گەنجێکی عەرەب لە بەرامبەر ئەو عەقڵیەتە دەجەنگم. ویژدانی ئێمەش ئەو ستەمە قەبوڵ ناکات. ئەو مرۆڤەی پەیوەست و پابەندی خاکی خۆی بێت، بە دڵنیاییەوە قەبوڵی ناکات. هێرشە داگیرکەرییەکانی تورک بۆ سەر چیاکانی کوردستان و گەریلاکان رق ئەستورترمان دەکات. دوژمن سات بە سات و بە بەردەوامی لە هەوڵی لەناوبردنماندایە. هەربۆیە چەندە تێبکۆشین ئەوەندە ئازاد دەبین و ئێمە رێگە نادەین دوژمن ئامانجی خۆی بپێکێت.  کورد و عەرەب شان بە شانی یەکتر لە بەرامبەر چەتەکانی شەڕیان کرد. لە رێگەی ئەو یەکێتیەی سازمان کرد، ئێمە ئەو عەقڵیەتە تاریکەمان تێکشکاند."

'بەهێزی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ تێدەکۆشین'

گەریلا عەلی فورات ئەوەی خستەڕوو کە ژیانی شکۆمەندانە و ئازادی لە رامانەکانی رێبەر ئاپۆدا دەبینن و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "پەکەکە بزوتنەوەیەکی جدییە، هەربۆیە ئەو دەستەی بۆسەر خاکی کوردستان درێژ دەبێت، ئاسودەیی بە خۆیەوە نابینێت. بەهێز پێرسپێکتیڤ و روانگەکانی رێبەر ئاپۆ ئێمە تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەن. پەکەکە بزوتنەوەیەکی دادپەروەرانەیە و لە پێناو ئازادیدا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوەش هەرگیز لەناوناچێت. ئێمە وەک گەنجانی عەرەب لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەوەستینەوە. دەوڵەتی تورک زۆر بەوە تەنگەتاو دەبێت کە دەبینێت ئێمەی گەنجانی عەرەب لە ناو ریزەکانی پەکەکەدا و لە سەر چیا دەجەنگین. مرۆڤ کە خوازیاری ژیانی ئازاد بێت، لە هەر نەتەوەیەک بێت، عەرەب بێت یان کورد و یاخو سوریان، هیچ جیاوازیەکی نییە، هەموویان رێگەی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دەگرنەبەر. ئێستا تێکۆشانی من لەسەر ئەم چیایانە بە هێزی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە. بەڵێن و پەیمانمان ئەوەیە کە تا دوا دڵۆپی خوێنمان، لەپێناو پاراستنی گەلاندا درێژە بە تێکۆشانمان بدەین".