چواردەی ئایار و بەرکەوتەکانی

بەوشێوازەی کە چاوەروان دەکرا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکۆماری لە باکوری کوردستان و تورکیا لە ئاستی هەرێمی و ناوخۆیی و جیهانی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. هەموو لایەک لە نزیکەوە ئەم پرۆسەیەیان چاودێری کرد.

گەلی کورد و گەلانی دیموکراتیکخواز لە تورکیا کە لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوز کەوتنە نێو ئەم پرۆسەیەوە، زۆرتر لە هەمووان لە بەر چاو بوون و تەنانەت وەهای کرد کە چاوەروانی کەوتنی ئەردۆغان لە دەوری یەکەمی هەڵبژاردنەکان و دەستپکردنی قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەکەن.

 دروست بوونی دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و لە سەر پاشماوەکانی ئێمپراتووریەتی عوسمانی هیچ کات روانگەیەکی دیموکراتیکی نەبوو و لە سەر بنەمای درووست کردنی دەوڵەت – نەتەوە و پەرەدان بە فاشیزمی نەتەوەیی پێش کەوتووە و دەنگی ئازادیخوازان و رەنگە جیاوازەکانی  نەتەوەیی و مەزهەبی ئەم جۆگرافیایەی خستۆتە پەراوێزو بووەتە هۆی ژینۆسایدی گەلان. ئەگەر دەوڵەتی عوسمانی لە دوایین ساتەکانی خۆی گەلی ئەرمەنی لە سەر ناوی موسڵمان بوون لە نێو برد و رابردوویەکی پراوپڕ لە جینۆسایدی ئێزدیەکان و سۆریانیەکانی بۆ خۆی تۆمار کردوە. لە سەردەمی دەوڵەت مۆدێڕنی تورکیادا فاشیزمی سپی زۆرترین کۆمەڵکووژی دژ به گەلی کوردی پێک هیێناوە و تاکوو لێواری سڕینەوە بردوویەتی.

تێکۆشانی پەنجا ساڵەی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بەرەنگار بوونەوە بوو لە بەرامبەر ئەم عەقڵیەتە. پارتی چەپی سەوز بە هەمان شێواز و لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی گەلان و هێنانەدی ئاشتی و ئازادی ومسۆگەر کردنی دیموکراسی هاتە گۆڕەپانەکە. کۆمەڵگە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە پێکەوە ژیانی گەلان تاکە رێگای ئاشتی و ئازادیە بەرێکخستمن کردوە. ئەم گوتارە تەنیا لە تورکیا و باکووری کورستان نەبووە بە تاکە رێگا چارە بەڵکوو بە دەستپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو تاکە گوتار بۆ دەرکەوتن لەم بەرزەخە خۆی بەرجستە کردوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دووژمنانی ئەم گوتارەش کە روانگەی دەوڵەتپارێزیان هەیە دژاییەتی دەکەن و لە بەرامبەریدا بوونەتە ئاستەنگ.

هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار نیشانیدا کە بەو رادەیە فاشیزمی مەزهەبی لە بەرامبەر گۆتاری پێکەوە ژیانی گەلان دەبێتە ئاستەنگ، بە هەمان شێوە فاشیزمی لاییک لە بەرامبەر بەم یەکە لەمپەرێکی گەورەیە. پارتی چەپی سەوز لە سەر بنەمای تێکشکاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و چەمکی سۆڵتان هەوڵیدا لە گەل هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەی دەسەڵات بە تۆلێرانس نزیک بێتەوە و لە پەیمانێکی تاکتیکی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەردۆغان بەرەیێک درووست بکات.

دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن جێگای تێڕامان و بایەخن بۆ هەموو لایەک. پارتی چەپی سەوز سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە رووبەرووی بوونەوە توانی  بە مسۆگەر کردنی ٦٣ پەرلەمانتار کورسیەکانی خۆی لە پەرلمان زۆرتر بکات و بە ڕەوانە کردنی ٣١ پەرلەمانتاری ژن وەکوو تاکە پارت کە توانیویەتی سەدی پەنجای ژن بباتە پەرلەمان، نوێنەرایەتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە نێو تورکیا بکات.  هەر وەها بە هەموو ئەو شەڕە تایبەتە کە دژی کراوە بە قووت کردنەوەی پارتە ئێسلامگەرا وەکوو هوداپار و نەتەوە پەرەستی وەک هاکپار لە ئاستی کوردستاندا پارتی یەکەمە، ئەمەیش نیشان دەدات گەلی کورد سیاسەتەکان و ستراتژی پێکەوە ژیانی گەلانی وەکوو پرۆژەی تورکیای داهاتوو پەسەند کردووە. هەر وەها بە وەرگرتنی پەرلەمانتار لە چەندین شاری دەرەوەی کوردستان لە ئێزمیر و مێرسین دەتوانێت قۆناخێکی نوێ بێت لە تێکۆشانی پەرلمانی بۆ دیموکراسی. ئاکەپە بە هەموو ئەو دەرفەتانەی کە لە دەستیدا بوون، هەر وەها فرت و فێڵی کە کردی نزیک ١٩ کورسی لە دەست داوەو لە ٢٨٥ کورسی بوەتە ٢٦٦ کورسی؛ هەر وەها مەهەپەیش یەک کورسی زیادی کردوە. لێرەدا ئەوەی لە هەموان زیاتر تووشی شکەست هاتووە ئاکەپەیە و ئەمەیش نیشان دەدات کۆمەڵگە چیدی ئەو پارتە وسیاسەتەکانی پەسەند ناکات.

هەموو لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا نەیتوانیەوە سیستەمی دیموکراتیک پەیرەو بکات، بەتایبەت دوای هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە دۆخی وڵاتی بەرەو فاشیزم بردوە، هەر وەها ئەو سیاسەتانەی کە لە ئاستی هەرێمی و جیهانی پەیرەوی کردون خۆری ئاکەپە و مەهەپەی بەرەو ئاوابوون بردوە. لە خۆلی یەکەمدا دەکرا ئەردۆغان لە کۆشکی چانکایا دەرخەن بە مەرجێ کە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا قۆناخەکەو داخوازی گەلانی تورکیا بە باشی بخوێنێتەوە.

بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە هەرێمەکە پێکبێت پێویستە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان گۆتاری خۆیان لە بەر چاو بگرنەوە. لە تورکیا وەکوو هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین ئۆپۆزسیۆنی کلاسیکی تورکیاش خاوەن روانگەی ناوەندگەرا و دەوڵەت پارێزە و لەگەڵیا بووەتە یەک. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵکووژی زیلان و ئاگری و درسیم و... لە بیری نەچوونەتەوە. پارتی چەپی سەوز بە هەموو ئەمانەوە دڵفراوانی نیشانداوەو توانیویەتی بەرەیەکی تاکتیکی دژی دیکتاتۆر درووست بکات. ئەمە گەورەترین بوێری تەڤگەریی ئاپۆیی و پارتی چەپی سەوز بوو لەم هەڵبژاردنانەدا.

پارتی چەپی سەوز بە بەشداری کردنی زۆرینەی گەنجان و ژنان هەروەها بە بەرزکردنەوەی درووشمی ژن ژیان ئازادی هاتە ناو کەرنەڤاڵی هەڵبژاردنەکانەوەو ئەم گووتارەی بردە پەرلمان.

ئەو گرفتەی کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ تێکۆشان دژی دیکتاتۆر رووبەرووی بووە، لە تورکیاش بە شێوەیەکی دیکە دەبینرێت.  بە جۆرێک دوای هەشت مانگ لە تێپەڕ بوونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئێستاش لە سەر هەمان گووتاری ناوەندگەرایی دەڕوات  و زیاتر لەوەی یەکیێتی کۆمەڵایەتی درووست بکات نابێتە هیوایێک بۆ تێپەڕ بوون لە دەسەلاتی دیکتاتۆری، گووتارێ کە هەڵیگرتووەو سیاسەتێ کە پەیڕەوی دەکات بەردەوام مەترسی هاتنەوە دیکتاتۆرێکی دیکە درووست دەکات.

هەرچەند ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە پێچەوانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە پەرتەوازەیە و دەروەی وڵاتە، لە تورکیا ئۆپۆزسیۆن تۆکمەو رێکخراوترە و لە نێو زەمینی خۆیدایە؛ بەڵام گرفتەکە ئەو گووتارەیە کە هەڵی گرتوە. تاکو ئێستا جەهەپە کە خۆی وەکوو ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدات نەیتوانیوە دەست لەو گووتارەی رابردووی هەڵگرێت و سەبارەت بە پرسی گەلان و دیمۆکراسی چارەسەری ریشەیی پیشنیار بکات و پلان و پرۆژەی خۆی هەبن. ئەگەر قلچدار ئۆغلۆ بیەوێ لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن دەست بخات، پێویستە گووتاری خۆی سەباەرت بە پێشخستنی دیمۆکراسی رادیکاڵتر بکاتەوە، چونکە پرسی دیمۆکراسی لە تورکیا گرێدراوە بە پرسی ناسنامەی پێکهاتەکانی نێو ئەم جۆغرافیایە. ناکرێت تەنیا باس لە دیمۆکراسی پارلمانی و مافی هاوشاری بوون  بکرێت. دیمۆکراسی لە ژێر یاسای بنەڕەتی تورکیا کە لە سەر بنەمای یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵای راوەستاوە، ناتوانێت بەرچاو روونییەک بدات بە گەلی کورد وگەلانی دیکە، بە پێچەوانەوە مەترسیش درووست دەکات و رەوایی دەدات بە زۆرینە کە زۆرتر مافەکانت پێشێل بکات. ئەمە هەمان رەوتە کە تاکوو ئێستا لە تورکیا پەیڕەو کراوە. وەکوو دەزانین بەشێکی زۆری پرسی کورد دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی جەهەپەیە لە رابردوویەکی نزیکدا و قلچدار ئۆغلۆیش سەرۆکی ئەم پارتەیە و ئەگەر دەیهەوێ لە چوار ساڵی داهاتوودا بگاتە کۆشکی چانکایا، پێویستی هەیە لە سەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی ئەم دەنگانە پلان و بەرنامەی هەبێت.

دوو هەفتەی داهاتوو دەتوانن چارەنووس ساز بن بۆ هەردوولا، چوونکه گۆڕانکاری لە تورکیا پەیوەست بووە بە گۆڕینی سەرۆک کۆمار و ئەو تێکۆشانە پارلمانیە کە دەبێ لە داهاتوودا بکرێت. ئۆپۆزسیۆن کە ئێستا نەیتوانیوە لە پارلمان ببێتە یەکەم، پێویستە هەوڵ بدات بۆ کۆ کردنەوەی ئەو دەنگانەی کە نەهاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هۆکارەکانیان بزانێت و بۆ وەڵامدانەوە بەو رەخنانە هەنگاوی بەرچاو هەڵبگرێت. ئەوان خۆیشیان باش دەزانن کە بەو گوتارەوە ناتوانن متمانەی درووست کردنی دیمۆکراسی راستەقینە بدەن، بۆیه دەبێ گووتاری خۆیان بگۆڕن.

تەڤگەری ئازادی بە تایبەت لەم بوارەدا هەوڵی زۆریدا کە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەروە ئەم گوتارە هان بدات و پێیان رابگەیێنێ کە پاکێجی دیمۆکراسی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوین هەڵگری چارەسەری پرسی رێوەبەری، ژینگە، ژنان و نەتەوەکانە. ئەوەی کە کورد و گەلانی دیکەی تورکیا پێ دەچەوسێنرێنەوە مژاری ناسنامەی نەتەوەییە، هەر وەها تێپەڕ بوون لە رەگەز گەرایی و نەتەوگەرایی و ناوەندگرایی، هەنگاوی یەکەمە بۆ تێکۆشان دژی فاشیزم.

ف.ق