دانیشتنى دادگا لەبارەى دۆسیەى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دواخرا

دوای ٢٥٠ رۆژ لە رفاندنی لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە بریاربوو ئەمڕۆ رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ببرێتە بەردەم دادگا لەپای ئەو تۆمەتە بێ بنەمایەی ئاراستەی کراوە، بەڵام بە جەند بیانوویەک دانیشتنەکە بۆ ماوەی مانگێک دواخرا.

کەمێک پێش ئێستا دانیشتنى دادگاى دهۆک سەبارەت بە دۆسیەى ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بۆ ڕۆژى ٢٩ـی مانگى داهاتوو دواخرا.

بەپێى زانیارییەکان، ئاسایشى پەدەکە پێداویستیە ڕۆژنامەوانیەکانى سلێمان ئەحمەدى بۆ دادگا نەناردوو و هەروەها، دادوەرى دۆسێیەکەش بە بیانوى نەخۆشى ئامادەى پڕۆسەکە نەبووە.

ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بۆ بەشدارییکردن لە پرسەی باوکی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆسەر کارەکەی بۆ باشووری کوردستان، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندرا و ئەمڕۆ ٢٥٠ ڕۆژە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەستبەسەرکراوە.

هەروەها لە دوای ٢١١ ڕۆژ پارێزەرانی توانیان بۆ یەکەمجار لە کاتی ڕفاندنەکەیەوە چاویان پێی بکەوێت، ئەمەش جارێکی دیکە پێشێلکردنی یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، چونکە بەپێی مادده‌ی (١٢٣) له‌ یاسای هه‌مواركراوی ژماره‌ (٢٣)ـی ئوسوڵی موحاكه‌مه‌ سزاییه‌كانی ساڵی ١٩٧١، هەر زیندانییەک دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت.

لە بارەی دەستبەسەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەوە، بەشدار حەسەن یەکێک لە پارێزەرانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: سلێمان ئەحمەد، لە ئێستادا بەپێی مادەی (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی و بە وتەی خۆی هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە و لە لێپرسینەوەکانیشدا، دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی فەرمی چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و گەڕاوەتەوە و مافى مانەوەى هەیە.

رفاندن و داتاشینی تۆمەتی بێ بنەما بۆ ئەو رۆژنامەنووسە لە چوارچێوەی گوشارەکانی پەدەکەیە بۆ سەر رۆژنامەنووسان ودەنگە ئازادەکان لە هەولێر و بادینان و ئەوەس لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی رووبەڕووی کاردانەوەی توند بووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ سەرکوت کردن و دەمکوت کردنی رەخنەگران و بەرتەسککردنەوەی تەواوەتی ئازادی رادەربرین دادەنرێت.

هـ . ب