داواکاری گشتی تورکیا داوای ١٥ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس جانۆزەر دەکات

داواکاری گشتی دەوڵەتی تورک داوای سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس بێریتان جانۆزەر دەکات.

 داواکاری گشتی ئامەد بە پشتبەستن بە وتەکانی دانپێدانەر ئومید ئەکبییک لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و لە ٢٥ی نیسانیش سەبارەت بەلێکۆڵینەوەکان ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردنی لە ٢١ شار دەستیپێکرد. لەوکاتەدا ڕۆژنامەنووس بێریتان جانۆزەریش دەستبەسەر کرا و یەکەم دانیشتنی دۆسیەکەی لە دەیەمین دادگای تاوانە قورسەکانی ئامەد بەئامادە بوونی پارێزەرەکەی و شاێەتحاڵ ئومید ئەکبییک بەڕێوەچوو.

نوێنەرانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە)، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات (دەفەگە) و کۆمەڵەی میدیا و کاروباری یاسایی (مەلەسەئا) بەدواداچوونیان بۆ دانیشتنەکە کرد.

لە دانیشتنەکە ڕۆژنامەنووس جانۆزەر بەرگری لە خۆی کرد و ڕایگەیاند کە شایەتحاڵ ئومید ئەکبییک ناناسێت و لەو هەواڵەوە زانیویەتی کە ئەندامی (هەدەپە)یە. جانۆزەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جگە لەوەش لە تۆمەتبارکردنەکەدا ئەو هەواڵەی کە کردوومە وەک تاوان نیشان دراوە. سەرچاوەکانی ئەم هەواڵانە ڕوونن. من ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوم و کارەکانم ناشارمەوە. لە ڕابردوودا بەهۆی هەواڵەکانمەوە دادگایی کراوم و بێتاوانیم دەرکەوتووە. هەواڵی سەبارەت بە ژن و منداڵ دروست دەکەم. بوومە بە دەنگی ئەو ژن و منداڵانەی کوژران، تووشی توندوتیژی هاتوون، تووشی دەستدرێژی و ئازاردان هاتوون. بەبێ فەرق و جیاوازی ، مایکەکەم بۆ ژنە سیاسییەکان گرتووە. ڕۆژنامەنووسی و دروستکردنی هەواڵ تاوان نییە. من ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم کراوە قبوڵ ناکەم”.

بەڵام داواکاری گشتی زیاتر گوێ بە دانپێدانانەکانی شاێەتحاڵەکە داوە و داوای کردووە کە ڕۆژنامەنووس جانۆزەر بە پاساوی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ تا ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.

 پارێزەری جانۆزەر موحەرەم ئەربی، داوای کاتی بۆ بەرگریکردن لە موەکیلەکەی کرد.

دادگا داواکارییەکەی ئەربی قبوڵ کرد و دانیشتنەکەی بۆ ٨ی کانوونی دووەم دواخست.