داود محەمەد: "ئامارەکان پێمان دەڵێن، خراپترین کابینە، کابینەی مەسرور بارزانییە"

مامۆستا و چالاکوان داود محەمەد، لەسەر پرسی بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد؛ کە خراپترین کابینە، لە توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەوانان کابینەی مەسرور بارزانییە.

 چالاکوان داود محەمەد، لە سەر پرسی ئازادی ڕۆژنامەوانی و گرتنی ڕۆژنامەنوسان لە باشوری کوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی فورات نیوز (ANF) کرد و وتی: "لە هەرێمی کوردستان، پرسی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، کە تەمەنامان دەکرد باشتربێ، کەچی خراپتردەبێت".

'ئەم کابینە کۆی پرسی ئازادی و پرەنسیپەکانمانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە'

داود محمەد، لە سەر کابینەی نۆیەم قسەیکرد و وتی: "ئەبوایە حکومەتی هەرێم، بە شێوەیەکی باش و یاسایانە کار بە یاسایی ڕۆژنامەگەری بکات لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ ڕۆژناماواندا بکات، نەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و ئەجیندای حزبی، کە زاڵبوە بەسەر یاسا گشتیەکەی ڕۆژنامەگەرییدا، و گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانانی ئەم دواییەی بادینان؛ شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، هێندەی تر ڕووی حکومەتی هەرێمی بەرامبەر بە ڕای گشتی ناشرینکردوە، بۆیە هەموو ئەو خەبات و ماندوبونەی لە ڕابردودا کردومانە، کە یەکێک لە ئامانجەکانمان کارکردن بووە بۆ جێبەجێکردنی پرسە دیمکراسیەکان و مافی مرۆڤ، دەخاتە ژێرپرسیارەوە، وە بەداخەوە ئێستا ئەم حزبانە دژی بنەما دیموکراسییەکانی خۆیان وەستاونەتەوە، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان  کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا نمونەیەکی ناشرینی پیشانداوە".

'ئەم کابینەیە خراپترین کابینە لە توندتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان'

هەر وەها داود محەمەد باسی لەو دۆخی ڕۆژنامەنوسانکرد لە باشوری کوردستان و وتی: "لە کابینە یەک لە دوای یەکەکاندا، ڕۆژنامەنوسان بەدەر نەبوون لە ئەشکەنجە و توندوتیژی، بەڵام خراپترین ئەشکەنجە و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان لەم کابینەیی مەسرور بارزانیدایە، ئەمە ناشاردرێتەوە و ئامارەکان قسەمان بۆ دەکەن".

'پەدەکە ئەجیندای هەرێمی و دوژمنانمان جێبەجێ دەکات'

دەربارەی دیموکراسی لە باشوری کوردستان، چالاکوان داود محمەد وتی: "دیموکراسی کە پیادەدەکرێت، بۆ گەشەی کۆمەڵگایە، کە دیموکراسی لە هەر وڵاتێکدا هەبوو، ئەوا لەسەرجەم سێکتەرەکانەوە پێشدەکەوێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەجیندای هەرێمی و دوژمنانمان جێبەجێدەکات، بۆیە حەز بە پێشکەوتنی ئەم وڵاتە ناکات، نایەوێت تاکی کورد خاوەن شکۆ و کەرامەتی خۆیی بێت، بۆ بە دڵنیاییەوە ئەوە دەڵێم تا پەدەکە حکومڕانبێت، دۆزی ڕۆژنامەواناوان لە ئێستا باشترنابێت".

'مێژوو پێمان دەڵێت، سەرکەوتن هەر بۆ گەلە'

داود محەمەد، باسی لە دروشمەکانی پەدەکە کرد و وتی: "حزبێک لە ناوەڕاستی چلەکانی ڕابردوەوە دروستبووە، یەکێک لە دروشمەکانی دیموکراسییە، بەڵام دەبینین بە پێچەوانەی ئەوەوە ڕێگە بە خۆپیشاندانێک نادات، لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا و بە ترساندن وەڵامی ئەو خواستانە دەداتەوە، بۆیە دەڵێین ئەو دروشمانە دروشمی ڕواڵەتین، تەنها ئەوکاتەنە هەیە کە بەرژەوەندی خۆی تێدابێت، بۆیە دەڵێین ئەمە بڕیارە و مێژوو داوێتی، هەر حزب و لایەنێک هەنگاوبنێت بەرەو دیکتاتۆرێت کۆتایەکەی بۆ زبڵدانی مێژووە و گەل و دیموکراسی سەردەکەوێت".

هـ . ب