دایکێک، ژیانێک، تێکۆشانێک

چیرۆکی ژیانی دایکە سیتی کە لە وان لە ئێشکگریی دادپەروەریدایە، کورتەی ژیانی گەلی کوردە. لەماوەی ٥٥ ساڵی تەمەنیدا ئازارێکی زۆری چەشتووە، ئێستاش دەڵێت 'بۆ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندرێت و گەنجان نەمرن' و لەپێناو دادپەروەریدا ئێشک دەگرێت.

دایکە سیتی کە تەمەنی ٥٥ ساڵە لە ژیانیدا ئازار و مەینەتی زۆری چەشتووە. ئەو کاتەی کە لە ناوچەی مسکێ دەژیان، لەبەر ئەوەی رەتیان کردەوە ببنە جەردەوان و بەکرێگیراو، گوندەکەیان پێچۆڵکرا و بەناچاری روویان کردە وان.

لە شاری وانیش ژیتەم وازیلێنەهێنان و هەڕەشەی کوشتنی لێکردن و ئەشکەنجەیدان. دایکە سیستی کە زۆر یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە دەستداوە و ژمارەیەکی زۆر لە خزم و کەسوکارەکەی لە زیندانن، رایگەیاند، کە رێگەی ئاشتی لە رێگەی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرییەوە مسۆگەر دەبێت، هەربۆیەشە چەندین رۆژی لە ئێشکگریی دادپەروەریدایە.

دایکە سیستی بە وتنی ئەوەی کە 'بۆچەند رۆژ دانیشم باسی ئەو ستەمە بکەم کە لە ئێمە کراوە، هێشا بەش ناکات' بەشێک لە رووداوەکانی ساڵی ١٩٩٠ی گێڕایەوە و وتی، "رۆژێکیان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان، کاتێک چووم دەرگا بکەمەوە بە پێلەقە سەریان شکاندن و رژانە ناوەوە. چەکیان لە ئێمە راکێشا. سەرەتا هاوسەرەکەمیان گرت و بۆ چەندین ساڵ لە زینداندا مایەوە. کوڕەکەم لە ئۆزگور گوندەم کاری دەکرد. کاتێک هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەمان، ئەو جانتایەی کە رۆژنامەکانی تێدا دادەنا لەناو دۆڵابێکی بەردەرگادا داینابوو، کە هاتن دۆزیانەوە، کوڕەکەمیان برد و بۆ چەندین رۆژ ئەشکەنجەیاندا. پێش نەورۆز ئازادیان کرد.

دوای ئازادکردنی کوڕەکەم فەرماندەیەک لە قەرەقۆڵی بوستانجی بە شەو و رۆژ هەڵیدەکوتایە سەر ماڵەکەمان. دەیانگوت منداڵەکانتان لەکوێن. ئەو رۆژانەشی کە منداڵەکانم لە ماڵ نەدەچونە دەر بانگەشەیان دەکرد کە منداڵەکانم بەشدارییان لە چالاکی و خۆپیشاندانەکان کردووە. دەمانزانی کە هەندێک کەس لە دەوروبەرمان سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکەن و هەواڵمان لێدەدەن. هەموو رۆژێک هەڵیاندەکوتایە سەرماڵی ئێمە، دەیانپشکنی، دوای ئەوەی هیچیان نەدەدۆزیەوە دەڕۆیشتن، جارێکیان کوڕەکەم وتی، 'ئەوەی ئێوە ئێستا دەیکەن، رۆژێک دێت ئێمە دەیکەین' بەو قسەیە  زۆر توڕەبوون، ئەوەندەی نەمابوو کوڕەکەم بخنکێنن. رۆژێکی تر سەرلەنوێ بە زرێپۆش چواردەوری ماڵەکەیان گرتین، رووی چەکیان کردە ماڵەکەمان و دەستیان بە پشکنین کردەوە، ئەو کاتە هاوسەرەکەم لە شارەوانی کاری دەکرد".

'لە دژی ستەم ئێمە لە ئێشکگریی دادپەروەریداین'

دایکە سیتی پەیوەست بە ئێشکگریی دادپەروەری وتی: "ئێمە ئەمڕۆ لێرە لە ئێشکگریی دادپەروەریداین، بەڵام دەوڵەت دادپەروەری نەماوە. جەرگی هەموو دایکان دەسوتێت. رۆڵەکانمان لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە. بۆ ئەوەی پشتیوانیان لێبکەین، ئێمە لێرەین. ئەوان ئاشتیان دەوێت، خوازیاری چارەسەرین. با داواکارییەکانیان قەبوڵ بکرێت، گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ئاشتی دەستەبەر بێت. لەبەر ئەوە درێژە بە ئێشکگرییەکەمان دەدەین".

هـ . ب