'دەبێت دان بە مافی کورداندا بنرێت، ئێمە نەتەوەیەکین'

ژنانی مەخمور هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەن و داوا لە دەوڵەتانی جیهان دەکەن، دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێن.

ژنان لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم خودی لە مەخمور سەبارەت بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوا قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

روخۆش عەفرین لەسەرەتای قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕ دەبن و وتی، "بە تایبەتی دوای رووخانی رژێمی سوریا ئێمە لە دۆخێکی دژوارداین. ساڵی مان و نەمانمانە. دۆخی رۆژئاوا بەم جۆرەیە، لەلایەکەوە ئەو هێزەی جێگەی رژێمی گرتووەتەوە، لەلایەکی دیکەشە ئەمریکا و روسیا وهتد.. کە گوایە رۆژئاوا دەپارێزن، بەڵام هیج ناکەن و هەمووی سیاسەتە. لەبەر ئەوە دەبێت وەک گەلی کورد باش بیر لەوە بکەینەوە، ئەگەر لەم کاتەدا شتێک پێکەوە بنێین باشە، ئەگەر نا دەیدۆڕێنین. لەو بڕوایەداین کە لە سایەی شەهیدان و شەڕڤانان نەیدۆڕێنین. ئێمە وەک گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان ئەوەی بکەوێتە ئەستۆمان دەیکەین. رەنگە بە جەستە لەوێ نەبین، بەڵام ئێمە بە رۆح و دەنگی خۆمان لەگەڵ رۆژئاواین".

روخۆش عەفرین لە کۆتاییدا وێری دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ ژنان و شەرڤانان لە رۆژئاوا، هیوای سەرکەوتنی بۆخواستن و داواشی کرد کوردان لە هەموو شوێنێک پشتیوانی لە رۆژئاوا بکەن.

' با هەموومان راپەڕین'

رێزبار چەلی لەبارەی هەمان بابەت قسەی کرد و سەرەتا سڵاوی لە بەرخودانی رۆژئاوا کرد و وتی، "ئێمە وەک گەلی لە باکور، باشور، رۆژهەڵاتی کوردستان داواکارین ئێمەش ناسنامەیەکمان هەبێت. چونکە ئێمە نەتەوەیەکین، دەبێت ئێمەش لەسەر ئاستی جیهان بناسرێین و دانمان پێدابنرێت و  ببینە خاوەن ماف. داوا لە سەرجەم دەوڵەتانی جیهان دەکەین، پشتیوانی لە گەلی کورد بکەن. ئەو دەوڵەتانەی پشتیوانی لە ئەردۆغان و هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا دەکەن، شەرمەزار دەکەین. بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و بەتایبەتی لە دژی هێرشەکانی سەر گەلی رۆژئاوا دەبێت هەموو کوردان لە هەموو شوێنێک راپەڕن و هەڵستنە سەرپێ و یەکێتی و یەکڕیزیی خۆیان سازبکەن و کۆتایی بەو ستەم و زۆردارییە بهێنن".