'دەبێت دەستبەجێ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت'

پارێزەر جەمال دەمیر باسی لەوەکرد، کە رێگریی لە دیدار لەگەڵ ئۆجالان پشوودرێژی کۆمەڵگا دەگەیەنێتە کۆتایی و وتی،"دەبێت دەستبەجێ دیدار ئەنجام بدرێت".

پارێزەر جەمال دەمیر و سەرۆکی لقی ئیهەدەی وان محەمەد کاراتاش رایانگەیاند، گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستێک کە لەسەرووی پشوودرێژییەوەیە و مایەی قەبوڵکردن نییە و رایانگەیاند، کە بە بڕیاری یەک لە دوای یەک بۆ قەدەغەکردنی دیدار، هەوڵ دەدرێ کە گۆشەگیری بە یاسایی بکرێت.

پارێزەر جەمال دەمیر قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و بە بیریهێنایەوە، کە ئامانجی گۆشەگیری ئەوەیە کە زیندانی لە جیهان و کۆمەڵگا دووربخرێتەوە و داببڕێنرێت و وتی، "ئەوەی بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا دەسەپێنرێت قوڵتر و جیاوازترە. لە مانیفیستۆی رزگاری گەلانی بەرێز ئۆجالان دەترسن. هۆکاری سەرەکی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان ئەوەیە. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ بەدواوە زانیاری لەسەر بەڕێز ئۆجالان بەردەست نییە. ئەمە هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە پشوودرێژی کۆمەڵگا. گۆڕدراوە بۆ قۆناغێکی بەو جۆرە کە ئیتر مایەی قەبوڵکردن نییە. دەبێت بە دڵنیاییەوە دیدار ئەنجام بدرێت  بۆ رای گشتیش رابگەیەنرێت".

پارێزەر دەمیر هەروەها رەخنەی لە سی پی تیش گرت کە زانیاری و ئەنجامەکانی سەردانەکەی بۆ ئیمڕاڵی بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکات.

پێشێلکردنی مافێکی سەرەتاییە

سەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) محەمەد کاراتاشیش باسی لەوەکرد کە سەرباری ناڕەزایەتی و رەخنەکانیش گۆشەگیری بە پێداگرییەوە بەردەوامە، کە ئەمەش دەریدەخات؛ سیاسەتی دەوڵەتە. کاراتاش وتی، "بە پاساوی ئەو سزایەی کە بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە، پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکان بەردەوامە".

کاراتاش بەبیری هێنایەوە کە لە خاڵە سەرەتاییەکانی یاسای جێبەجێکردنی سزادا هاتووە، نابێت کە جێبەجێکردنی سزا بە شێوەی پێشێلکردنی شکۆی مرۆڤایەتی بێت و وتی، "رێگرییکردن لە دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران، بێبەش کردن لە گۆڤار، رۆژنامە، کتێب، راگەیاندنی بینراو و بیستراو، رێگریی لە بینینی زیندانیانی دیکە، نەهێشتنی چالاکییە وەرزشی/کۆمەڵایەتییەکان و چوونە ناو حەوشە، هەموو کرداری دژ بە شکۆی مرۆڤایەتین. هەر بۆیە بەم جۆرە تاوان ئەنجام دەدرێت".

هەوڵی بەیاساییکردنی گۆشەگیری

کاراتاش بە بیری هێنایەوە کە لەگەڵ جێبەجێکردنی سزا، هەروەها لە چوارچێوەی پەیڕودا هەر زیندانییەک مافی هەیە کە چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت و تی، "رێگری لەو مافە تەنیا بە پێی یاساکان و بە بڕیاری دادگا دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. بە ئامانجی شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەو گۆشەگیرییەی دەکرێت، رێگری لە دیدار لەگەڵ پارێزەران دەکرێت. ئەو بڕیارانە بە پارێزەران و بنەماڵەکان راناگەیەندرێت. بەم جۆرە مافی تانەلێدان لەو بڕیارە و پێشکەشکردنی سکاڵا بە دادگا پێشێل دەکرێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی بە یاساییکردنی گۆشەگیری. هەر بۆیە لایەنێکی جیای گۆشەگیری دەسەپێنرێت".

هـ . ب