"دەبێت خاوەنداری لە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا بکەین"

خەباتکارانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور داوای یەکێتی و یەکڕیزی دەکەن و رایدەگەیەنن: "هەموو لێکدانەوەکانی ئێستا لەسەر کوردانە. ئەوەی لەئێستادا چارەنووسی کوردان دیاریدەکات، یەکێتی گەلی کوردە".

دوای ٨ی کانونی یەکەم کە حکومەتی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی بەرەی تەحریر شام یاخود هەتەشەوە رووخا، حکومەتێکی نوێ دامەزرا. دوای ئەوە گفتوگۆکان لەسەر مافەکانی گەلی کورد کەوتنە رۆژەڤەوە. لەسەر ئەو بنەمایە لایەنە سیاسیەکان کە لە ئێستادا باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبەن، دەستیان بە دیالۆگی یەکێتی گەلی کورد کرد و بۆ ئەوەش چەندین دیداریان سازکردووە.

سەبارەت بەو بابەتە و سازکردنی یەکێتیی گەلی کورد، خەباتکارانی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

'لەپێناو کوردبووندا یەکبگرن'

هاوتەبێژی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخمور ساریا مارینۆس بە ئاماژەدان بەوەی سەرجەم پارتەکانی تورک کاتێک بابەتەکە دێتە سەر کورد یەکهەڵوێستن، داوای کرد لەم قۆناغەدا کوردەکانیش سەرجەم کارە حزبی، کەسی و بنەماڵەییەکانیان بخەنە لایەک و لەپێناو کوردبووندا یەکبگرن. وتیشی: "هەموو ئەو لێکدانەوانەی لەئێستادا دەکرێن لەسەر کوردەکانن. دەیانەوێت بە دەستی خۆفرۆش و خائینان ئەو تروسکاییەی لە رۆژئاوا داگیرساوە بکوژێننەوە و تاریکی بکەن. ئەو پارتە کوردیانەی لە پێناو کوردایەتیدا کاردەکەن دەبێت دەست بخەنە دەستی یەکتر و خاوەنداری لە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا بکەن. گەر خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا نەمێنێت، ناوی کورد و کوردستانیش دەسڕدرێتەوە. ئێستا دەیانەوێت بە دەستی ئەنەکەسە و بنەماڵەی بارزانی کوردان لەناوببەن. بنەماڵەی بارزانی لەلایەکەوە بۆسە لەبەردەم گەریلا دادەنێت، لەولاشەوە دەڵێت کوردم، ئەمە چ کوردایەتیەکە؟ دەڵێن باشوری کوردستان ئازادە، بەڵام دەوڵەتی تورک بارەگاکانی خۆی هێناوەتە ناو خاکی دهۆکەوە".

' پێویستە کورد هاوپەیمانی خۆی ساز بکات'

ساریا مارینۆس بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانیدا: "لە رۆژئاوای کوردستان دەیان هەزار شەهیدمان داوە. ئەو شەهیدانە لە پێناو کوردستاندا دراون. هەموو رۆژێک هاکان فیدان خۆی دەخاتە بەر قاچی دەوڵەتان بۆ ئەوەی کوردان لەناو ببات. دەبێت کوردەکان بەخۆیاندا بچنەوە رۆژ رۆژی یەکێتی و بەرخودانە. وەک دایکێک لە کەمپی پەنابەرانی مەخمورەوە داوا لە هەموو کوردێکی خاوەن شەرەف و ناموس دەکەم کە خاوەنداری لە رۆژئاوا بکەن. لەبەر ئەوەی رۆژئاوا رووناکی ئێمەیە".

'رێگە نادەن یەکێتیی کوردان ساز بکرێت'

جێگری هاوسەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی گەلی مەخمور فەیات کاچان لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە گرنگی ئەو قۆناغەکرد کە ئێستا کورد پێیدا تێپەڕدەبێت و وتی، "ململانێکانی ئێستا دەرەنجامی قەیرانی سیستمی سەرمایەدارییە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمەکەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوەندەکەی کوردستانە شەڕێکیان دەستپێکردووە. لەم دۆخەدا مشتومڕ لەسەر هەبوون و لەناوچوونی کوردانە. ئەوەی لەمڕۆدا چارەنووسی کوردان دیاریدەکات، یەکێتی گەلی کوردە. . بێگومان بۆ نەهێشتنی یەکریزی گەلی کورد لە ئەنجامی شەڕی جیهانی سێهەمدا گەلی کورد پەراوێزخرا و نکۆڵی لێکرا. ئێستاش دوژمن لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد. هێز، پارتەکان و لایەنە کۆمەڵایەتیە کوردییەکان پێویستە لەو رووەوە وریابن. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی کەموکورتی نەبینەوە و لەم سەدەیەدا ببنینە خاوەن قەوارە، پێویستە دەستبەجێ یەکێتی خۆمان ساز بکەین. دەستی دوژمنەکەمان زۆر چەپەڵە، دەستی بۆ هەندێک لایەنی کوردی درێژ دەکات و ناهێڵێت یەکێتی کوردان ساز بکرێت".

'رۆژ رۆژی نەتەوەییبوونە'

فەیات کاچان لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی ئاراستەی هەموو کوردان کرد کە یەکێتی خۆیان سازبکەن و وتی، "ئەوانەی خۆیان لە یەکڕیزی و هاوپەیمانی کوردی بدزنەوە، پێویستە گەلی کورد بەرامبەریان هەڵوێستی توندی هەبێت. ئێمەش مافمان هەیە، وەک گەلانی جیهان ببینە خاوەن قەوارەی خۆمان، بە زمان، کولتور و پەروەردەمانەوە بژین. هەڵوێستی ئەنەکەسە بە گونجاو نابینین. پێویستە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەواندا خاوەن هەڵوێست بێت. لەبەر ئەوەی رۆژ رۆژی حزبایەتی نییە، رۆژی نەتەوەبوونە".