«دەخوازین ڕێکخراوە ئەنتەرناسیۆنالەکان لە تاوانەکانی چەکی کیمایی ئاگادار بکەینەوە»

بەشداربوویەکی کۆنفرانسی گفتوگۆ دەربارەی کاروباری ڕێکخراوی (OPCW)، هەژار نورەدین کاکەیی ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوە ئەنتەرناسیۆنالەکان پتەوتر بکەن، هەروەها گفتوگۆ بکەن دەربارەی تاوانەکان دژی گەلی کورد.

پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و پارێزەر، هەژار نورەدین کاکەیی، بەناوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤەوە (RMT) بەشدارە لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمایی (OPCW) لە شاری لاهای هۆڵەندا، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

کاکەیی ڕایگەیاند، کۆنفرانسی پێنجەمی ڕێکخراوی (OPCW) لە ١٥ ی ئایار دەستیپێکرد و تا ١٩ی ئایار بەردەوام دەبێت، دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکە گفتوگۆی گەرموگوڕی بەخۆوە دیت.

کۆنفرانسەکە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاروبارەکانی (OPCW)

سەبارەت بە کۆنفرانسەکە، پارێزەر کاکەیی گوتی: «ئەم کۆنفرانسە جیاوازە لە ساڵانی تر، تایبەتە بە ڕێکخستنی کاروبارەکانی ڕێکخراوی (OPCW) و کۆتاییهێنان بە چەکی قەدەغەکراو لە وڵاتان، لە هەمان کاتدا، کۆبوونەوەی ڕێکخراوە جیاوازەکانە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەم پرسە، ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کاروبار و شێوازی کارکردنی ڕێکخراوەکە.

هەوڵدەدەین بەکارهێنانی چەکی کیمایی و تاوانەکان لەڕێگەی ئەم چەکەوە، لەم کۆنفرانسە بکەینە ڕۆژەڤ

«ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە، چەندەها کەسی بە ئەزموون و پیشەگەر لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشدارن. بەشدارییەکان لەسەر دوو ئاستن، یەکەمیان لەسەر ئاستی نوێنەری حکومەتی دەوڵەتان، دووەمیان لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە جیاوازەکان؛ ئێمە لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکان بەشداربووین. ئەم کۆنفرانسانە بۆ ئێمە گرنگن، دەرفەتێکە تا ئەو پێشێلکارییانە ڕوون بکەینەوە کە لەڕێگەی چەکی کیمایی و قەدەغەکراوەوە دەکرێتە سەر گەلەکەمان. هەرچەند کۆنفرانسەکە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاروباری ڕێکخراوەکە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ئەنتەرناسیۆنال و نێودەوڵەتییەکان ئەو چەکە کیمیاییانە دەستنیشان بکەین کە دژی گەلی کورد بەکارهاتوون. هەرچەند گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەباشی تێدەگات لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سەردەمی سەدام حوسێن؛ بەڵام ئێمە ئێستە زیاتر کاردەکەین پەیوەست بە دۆسیەی پێشێلکارییەکان و بەکار‌هێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر باشوری کوردستان و گەلی کورد. بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر باشوری کوردستان و ڕۆژئاوا بابەتی سەرەکیمانە لەم کۆنفرانسە، دەمانەوێت لە ئایندەدا ئەم بابەتە و بابەتەکانی تر بکەینە ناوەڕۆکی ئەم کۆنفرانسە.

بەو بەڵگانەی لەبەردەستمانە دەمانەوێت گفتوگۆکان لەگەڵ ڕێکخراوە ئەنتەرناسیۆنالەکان پتەوتر بکەین

لە کۆنفرانسەکانی پێشوو، گفتوگۆمان کرد دەربارەی چەندین بەڵگە و وێنە، سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر باشوری کوردستان و گەریلا، هەرچەند کۆنفرانسەکە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاروباری ڕێکخراوەکە، بەڵام چەندین بەڵگەمان لەگەڵ خۆمان هێناوە تا گفتوگۆی لەسەر بکەین لەگەڵ دامەزراوەکانی تر».

«دەخوازین ڕۆڵی دامەزراوەکان زیاتر بێت لە بڕیارەکانی (OPCW

پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و پارێزەر، هەژار نورەدین کاکەیی ڕوونی کردەوە، کۆنفرانسەکە ماوەی دوو ڕۆژە بەردەوامە، گفتوگۆکان بەباشی بەڕێوە دەچن، گوتی: «لەبەرئەوەی ئێمە وەک ڕێکخراوەکان ڕۆڵی چاودێر دەگێڕین. لەم کۆنفرانسە باس لەوە دەکرێت، پێویستە ڕێکخراو و دامەزراوەکان ڕۆڵیان هەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەم مژارە. ئەمە بۆ ڕێکخراوەکان گرنگە، چونکە بەم شێوەیە چالاکتر دەبن و دەتوانن کاریگەری دابنێن لەسەر بڕیارەکانی ڕێکخراوی (OPCW)، لەوکاتەوەی دەوڵەتان بڕیاریانداوە بە دامەزراندنی ڕێکخراوی (OPCW)، تا ئێستا هەر خۆیان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان بڕیار دەدەن، بۆیە بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتەکانییانەوە، چاودەپۆشن لە تاوانەکان لەڕێگەی چەکی کیماییەوە. ئێستە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دامەزراوەکانی تر، تاوەکو پەیوەندییەکی باشترمان لەگەڵیان هەبێت، هەروەها گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین سەبارەت بەو تاوانانەی دژی گەلی کورد ئەنجامدراون، لەپێناو بەدەستهێنانی هاوکاری نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکان».

«ڕێکخراوی (OPCW) کەوتۆتە ژێر کاریگەری دەوڵەتەکان»

لەکۆتایی قسەکانیدا، کاکەیی ئاماژەی بە کاریگەری دەوڵەتەکان کرد لەسەر بڕیارەکانی ڕێکخراوی (OPCW) و گوتی: «زۆرێک لە دەوڵەتان کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕێکخراوی (OPCW)، ئامانجی ئەم کۆنفرانسانە سنووردارکردنی کاریگەری ئەم دەوڵەتانەیە لەسەر ڕێکخراوەکە. پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداربن لە بڕیارەکانی ڕێکخراوی (OPCW). ئێمە سەبارەت بە مژارە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێکخراوە ئەنتەرناسیۆنالەکان دەکەین و بانگهێشتیان دەکەین بۆ کوردستان و ڕۆژئاوا. ئەگەر ئەم ڕێکخراوانە بیانەوێت لێکۆڵینەوە بکەن، بەهۆی ڕەوشی ئەمنییەوە ناتوانن سەردان بکەن. بۆیە پەیوەندی دەبەستن لەگەڵ حکومەتی عێراقی. لەلایەکی ترەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە، لەبەرئەوەی نەیدەویست ئەم لێکۆڵینەوەیە بکرێت، بۆیە بەشداری لەم گفتوگۆیەدا نەکرد».

هـ . ب