زیاتر لە ٦٠٠ زیندانیی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادایە. دۆخی تەندروستیی هەموو زیندانییە نەخۆشەکان مەترسیدارە. سەرەڕای ڕاپۆرتی پزیشکان و نەخۆشخانەکان، زیندانییە نەخۆشەکان نە ئازادکراون و نە چارەسەریان بۆ دەکرێت. حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە زیندانیانی نەخۆش ئازاد ناکەن و بەوەش مردنیان بەسەردا دەسەپێنن.
یەکێک لەو زیندانییە نەخۆشانە ئیبراهیم ئالکان-ی تەمەن ٦٧ ساڵە. ماوەی ٣ ساڵە لە زیندانی جۆری ئێف لە وان ڕاگیراوە. نەخۆشیەکانی دڵ، نەخۆشی خوێن، شەکرە، کۆلیسترۆڵ و پرۆستات و چەندین نەخۆشی تری هەیە.
تاوەکو دێت تەندروستی ئالکان بەرەو خراپی دەڕوات و ئەمەش خێزانەکەی نیگەران کردووە، خێزانەکەی دەیانەوێت ئالکان دەستبەجێ ئازاد بکرێت و لە نەخۆشخانە چارەسەر بکرێت.
پنار ئالکان بووکی ئیبراهیم ئالکان ڕایگەیاند، خەزوری لە ٩ی حوزەیراندا قەستەرەی بۆ کراوە و ماوەی سێ ڕۆژ لە بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی توێژینەوەی ناوچەیی و ڕاهێنانی وان مایەوە. ئالکان ڕاشیگەیاند، دوو دەماری دڵی خەزوری بە قەستەرە کراوەتەوە و نەتوانراوە یەکێکی تریان بکرێتەوە، بەو هۆیەوە تەندروستی خەزوری بەرەو خراپی ڕۆیشتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.
تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت
ئالکان ئاماژەی بەوەکرد، هێشتنەوەی خەزوری لەو دۆخەدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و وتی: "خەزورم پێشتر تووشی چەندین نەخۆشی بووە. بەم دواییانە، بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەی کە کردی نەدەبوو لە زیندان بمێنێتەوە. بەهۆی نەخۆشییەوە پێویست بوو لە زیندان نەمایە. بە تایبەتی ڕاپۆرتەکانی نەخۆشخانە و دکتۆرەکان ئەمە پیشان دەدەن، ئەوە تاوانێکە، کە کەسێکی نەخۆشی لەو جۆرە لە زینداندا ڕابگیرێت. ئەوانەی خەزوری من ئازاد ناکەن تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن".
دەبێت زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن
ئالکان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانییە نەخۆشەکان بانگەوازی بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕای گشتی هەبوو و وتی: "ئەو مرۆڤانە بە بەر چاومانەوە گیان لەدەست دەدەن. بەداخەوە ڕای گشتی هەم لە تورکیا و هەم لە جیهاندا بێدەنگە. ئەو دامەزراوانەشی گوێ لە دەنگی ئەو مرۆڤانە دەگرن فریا ناکەون. لەبەر ئەوەش ئێستا مرۆڤ زیاتر لە زیندانەکاندا گیان لە دەست دەدەن. دەبێت وریا بین، چونکە بێدەنگی دەبێتە هۆی ئەوە ڕۆژانە مرۆف لە زیندانەکاندا ژیانیان لە دەست بدەن. بە بەکارهێنانی مافە دیموکراسیەکانمان دەتوانین دەنگی ئەو کەسانە بین. ئێمە دەمانەوێت زیندانییە نەخۆشەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن".
ژ.ت