دکتۆر فایەق حامید: چیتر پەدەکە بە تیرۆرکردن ناتوانێت خەڵکی بێدەنگ بکات

دکتۆر فایەق حامید، نووسەر و چالاکوان: "لە زیندانەکانی پەدەکە مرۆڤ لە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی بێبەشکراوە و پێشەڵکاری بەرامبەر دەکرێت".

فایەق حامید نووسەر و چالاکوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بەبێ هیچ تۆمەت و تاوانێک بۆ ماوەیەکی چەندین مانگ لە زیندانەکانی پەدەکە زیندانی کراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی بێ بەش کرابوو پێشەڵکراوە بەرامبەر ئەنجام درابوو، ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەکەی و خراپی دۆخی زیندانەکانی پەدەکە و چەند پرسێکی گرێداروی ئەو بابەتە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

نووسەر و چالاکوان مەدەنی و خێرخوازیم

لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەیەدا فایەق حامید نووسەر و چالاکوان خۆی ناساند و ووتی: "من ناوم فایەق حامید-ە تەمەنم ٤٢ ساڵە و لەدایکبووی شاری بۆکانم و ماوەی ١٥ ساڵە دانیشووی شاری پیرانشارم، کاری من پزیشکی ئاژەڵانە و لەپەنای ئەو کارەم کاری نووسەری و وەڕگێریم کردووە بۆ چەند کتێب و بابەت لەگەڵ کاری پێداچوونەوە، هەروەها لە ڕێکخراوەکانی مەدەنی و خێرخوازی چالاکوان بوومە، و ماوەی نزیک پێنج ساڵە بەڕێوبەری و بەرهەمێنەری ڕێکخراوی ئاژەڵپارێزانی بەهارانی پیرانشار-م، بەهۆی ئەو کارانەم دۆستانێک لە هەرێمی کوردستانەوە هاتن بەدوامدا، ووتیان کە ناوبانگی منیان بیستووە و حەزدەکەن پێکەوەکار بکەین، منیش لەپێناو خزمەتکردن چووم".

پۆلیسی پەدەکە زۆر بێ ڕێز و ناشرین مامەلەیان دەکرد

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە چوونی بۆ ناوچەکانی پەدەکە پێشەڵکردنی مافەکانی لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە، ناوبراو ووتی: "دوای تێپەڕاندنی دۆخی پەتای کۆڕۆنا لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ بەداواکاری کەسێک لە هەولێر سەردانی شارەکەم کرد کارتی نیشتەجێبوونمان وەرگرت، لەناو شەقامێکی هەولێردا تێدەپەڕێن تووشی پۆلیسێک بووین کە بەشێوەیەکی زۆر ناشرین پرسیاری کرد کە ئێمە چی دەکەین لەشارەکە، پۆلیسەکە هەوڵی دەدا گێچەڵمان پێبکات، پێم سەیر بوو کە ئەو پۆلیسە چەند بێ رێز بوو بەرامبەرمان و ئێمە بردە بنکەی پۆلیس و لەوێدا پیان ووتی ئەمە چیە و بۆچی ئەوانت هێناون؟ ئەویش لەوەڵامدا ووتی ئەمانە ئێرانین و ئیرانیش سیخوڕن یان قاچاخچین".

لەناو سیستەمی دەسەڵاتی پەدەکە تۆمەت هەڵبەستین زۆر ئاسانە

هەروەها فایەق حامید باسی لە سیستەمی تۆمەت هەڵبەستینی پەدەکەی کرد لەناو زینداندا و ئاشکرای کرد: "لەناو سیستەمی دەسەڵاتی پەدەکە وەکو ئاوخواردن درۆ دەگوترێت، کاتێک ئێمەیان بردە لای دادوەری، داوەری پرسیاری لێمان کرد کە چ کارەین لێرە، پیم ڕاگەیاند کە ئێمە بانگێشت کراوین و کارتی نیشتەجێم پینیشاندا، دواتر گواستراینەوە بۆ زیندانی پۆلیس، پاشان ئاگاداربووینەوە کە دوو کەسی ئێرانی بە بازرگانی مادەی هۆشبەر و خواردنەوە کحولییەکان گیراون، ئەوەی لەو زیندانەی پەدەکە بینیم، لە ژوورێکدا ٤٠ کەسی تێدابوو بە تەمەنە جیاوازەکان، کە خۆم ناساند دوو کەسی بەتەمەنی تێدابوو کە ئەوانیش دکتۆربوون، زۆربەی زیندانیان بە تۆمەتی بچووک یان هیچ دەستگیرکراوبوون، پاشان کەسێک هات تۆمەتمان بۆ هەڵبەستێت، حەبێک لە گیرفانی هاوڕێکەم بوو ووتیان ئەمە مادەی هۆشبەرە ئەویش ووتی لە تاقیگە پشکنینی بۆ بکەن تا بزانن کە ئەمە مادەی هۆشبەر نیە".

پەدەکە لەڕێگەی نمایشی کردنی هێزەکانی هەوڵدەدات خەڵکی بترسێنێت

ئەو چالاکوانە باسی لە ماوەی مانەویە لە زیندانەکانی پەدەکە کرد، ڕایگەیاند: "لە ژیانمادا بێ ڕێزیم نەدیبوو بەڵام ئەوەی لە زیندانی پەدەکە بینیم بۆ من زۆر قورسبوو، دوای ١٧ رۆژ مانەوە لە زیندان بەشێویەکی زۆر ناشارستانی کەلەپچەکراین و لە کەش و هەوایەکی گەرم بەناو شوێنی گشتی و خەڵکدا ئێمەیان دەبرد و دەنگی زۆری ئۆتۆمبیلەکانی ئاسایش دەهات تا خەڵکی پێ بترسێنن کە هێزێکی ئەمنی هەیە، دوای لێکۆڵینەوە کە زانیان هیچ تاوانمان نەکردووە، ووتیان فەرموو دیسانەوە نامانزانی بۆ کوێ دەمانبەن بۆ ئازادی یان زیندان، لە پشتی بیناکە ئێمەیان کردە زیندانێکی سەردەمی سەدام حوسێن، پاشان ئێمەیان کردە ژورێکی زۆر پیسەوە کە درێژی و پانی ژورەکە پێنج بە نۆ مەتر بوو، نزیکەی ٥٠ کەس لەو ژوورەدابووین و سادەترین پێداویستی مرۆڤی تیدانەبوو، هەرکاتێک کە ژمارەی دەستگیرکراوەکان دەگەیشتە ٧٠ کەس ژمارەکەیان کەم دەکردەوە".

بەشێک لە زیندانی کراوان کراون بە زۆردار بەسەر زیندانیانی دیکەوە

هەروەها دەربارەی خراپی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی پەدەکە ووتیشی: "رۆژانە ماوەی پێنج بۆ ١٠خولەک دەرگایان دەکردەوە بۆ هەموو پێداویستەکانمان، ماوەی هەفتەیەک لەوێ گیراین، دوای ماوەی ٢٤ رۆژ لەدەستگیرکردن گواستراینەوە و هاوڕێکەم وایزانی ئازادکران بەڵام بینین کەسێکی زێرەڤانی پەدەکە چاوەڕی ئێمەی بوو و ئێمەیان برد بۆ شوێنێکی نادیار، پاشان گەیشتینە ئاسایشی گشتی هەولێر و کە شوێنێکی زۆر خراپتر و پیستر بوو هەروەها ٧٨کەس لە ژورێکی ٣٥ مەتریدابوو و تەنها یەک فێنککەرەوەی تێدابوو، لەو زیندانەدا کەسانێک کە زیندانی کراون لەلایەن پەدەکەوە کراون بە چاودێر و دەبنە زۆردار بەسەر زیندانیانی دیکەوە کە ئەو زیندانی کراوانەی کار بۆ دەسەڵات دەکەن ژیانی زیندان زۆر ناخۆشتر دەکەن".

ئەگەر تاوانباریش نەبیت ئەشکەنجە دەدریت

لە درێژەی قسەکانی دەربارەی خراپی زیندانەکانی پەدەکە ئەو نووسەر و چالاکوانە ئاشکرای کرد: "هەر کەسێک لە ئاسایشی گشتی پەدەکە بۆ لێکۆڵینەوەی بانگ بکرایە ئەوە ئەشکەنجەیان دەدا ئەگەر تاوانباریش نەبووایە، دوای مانەوەم بۆ ماوەی دوو هەفتە هیچ دەنگ و باسێک نەبوو و پاشان بانگکراین، زۆربەی کەسەکان چاویان دەبەسترا لەکاتی چوونیان بۆ لێکۆڵینەوە، پاش لێکۆڵینەوە گەراێندراینەوە ژوری زیندان، پاشان ١٩ رۆژی دیکە دیسانەوە بانگکراینەوە بۆ چوونە دادگا بەڵام سەردانی کردنی دادوەر تەنها بابەتێکی (شکلییە) تاوەکو بلێن لەبواری بەڕێوبەری کارەکانمان کردووە، لەماوەی ١٠ خولەکدا دادوەر ١٩ کەسی بەڕێدەکرد، لەسەردەمی کۆڕۆنادابووین هیچ ڤاکسینێکیان نەدایە خەڵکی لەکاتی بینینی دادوەریش تەنها یەک دەمامک هەبوو کە ٢٠ دەستگیرکراو بەکاریان دەهێنا، کە ئەمەش پێشەڵکردنی سادەترین مافی مرۆڤە".

حەوت مانگ بەبێ دادگایی کردن لە زیندان بووم

فایەق حامید باسی لەوەش کرد بەبێ دادگایی کردن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پەدەکە خەڵکی زیندانی دەکات، و ڕایگەیاند: "دادوەر کە پرسیاری لێکردم لە وەڵامدا ووتم ماوەی دوو مانگە بەبێ ئەوەی بزانم بۆچی لە سێ زیندان بوومە، هەروەها ووتم ئەگەر دادپەروەری هەبوایە دەبوو من سکاڵا لەو کەسە بکەم کە ئێمەی بە گرتندا، حەوت مانگ دواتر بەبێ سەردانی کردنی دادگا شەوێک لەخەو هەڵیانساندم ووتیان هەستە کەلوپەلت کۆبکەوە و بڕۆ بەبێ ئەوەی پێم بلێن لەسەر چی دەستگیرکراوم".

بەڵگەی ستەم لێکردنم بە هەموو جیهان نیشان دەدەم

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە دوای بێ دەرچوونی بڕیاری بێ تاوانی بەڵام ستەمی پەدەکە بەردەوامی هەبوو، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کات بێ دەنگ نابێت لەبەرامبەر ئەو ستەمەی کە لەخۆی زیندانیانی دیکە کرا و ڕایگەیاند: "پاش دەرچوونی بڕیاری بێ تاوانیم هاتم بۆ فەرمانگەی نشینگە تاوەکو مۆرێکی دەرچوون لە پاسەپۆرتەکەم بدەن، بەڵام ڕەتیانکردەوە کە مۆری دەرچوونم بۆ بکەن چونکە پەدەکە خەڵکی ووڵاتی دیکە ناچار دەکات کە دیپۆڕت بێتەوە یان بە قاچاغ بگەڕێتەوە منیش ناچاربووم بە قاچاغ بگەڕیمەوە، لەکاتی گەڕانەوەم بۆ ئێران دوو بەڵگەی ئاسایش و دادگام لەگەڵ خۆم هێنایەوە، وەکو بەڵگەیەک بە هەموو جیهانی نیشان دەدەم، هەر دادگایەک قەبووڵ بکات ئەو هاوار و سکاڵایەنەی خۆم و ئەوانەی لە زیندان لەگەڵ بوون دەیگەینمە دادگا".

بۆ دانپێدانی ساختە جۆرەها ئەشکەنجە بەکاردەهێنن

فایەق تیشکی خستەسەر لێسەندنی دانپێدانی زۆرەملێ لە زیندانیان لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەو و ئاشکرای کرد: "چیرۆکی دڕندەیی زیندان زۆربوون یەکێک لەو چیرۆکانە ئەشکەنجەدانە، ئەگەر دەسەڵاتی پەدەکە پێویستی بەدان پێدان بێت بە تاوانێک ئەوە ئەشکەنجەت دەدات تا دان بە تاوانەکەت دەنیت یان لە زیندان دەرناچیت تا دان بەو تاوانە دەنیت کە پەدەکە دەیەوێت دانی پیدابنیت، هاوڕێم هەیە کە ماوەی ٣ ساڵە زیندانی کراوە چونکە ئامادەنیە دان بەتاوانێک بنێت کە نەیکردووە، هەروەها جۆرەها ئەشکەنجە بەکاردەهێنن لەوانەش لێدان، لەکارەبا دان و جۆرەها ئەشکەنجەی سایکلۆژی و جەستەیی دیکە، یەکێک لە هاوڕێکانمانیان برد بۆ لێکۆڵینەوە کە هاتەوە شەل و کوت بووبوو".

ئاسایشەکانی پەدەکە هەست بە کەموکوڕی دەکەن و کێشەی دەروونیان هەیە

هەروەها فایەق حامید، باسی لە عەقڵیەتی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە کرد کاتێک کە چێژ لە ئازاردانی مرۆڤ گەورە و دەبینن، و ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر لەلایەنی دەروون ناسییەوە تەمەشای بکەین ئەو ئاسایشانەی پەدەکە بکەین، کە خەڵکی لە زیندانەکان ئەشکەنجە دەدەن کەسانێکن کە بێ نازی دایک و باوک بوونە و هەست بە کەمکوڕی دەکەن و کێشەی دەوورنیان هەیە کە خۆیان بە کەم دەبینن کە مافی ژیان کردن زیادە بۆ ئەو کەسانەی خەریکی ئەشکەنجدانی خەڵکین، ئەو کەسەی کە کاری ئەشکەنجەدان دەکات لە زیندانەکانی پەدەکە شەرم ناکات کە تۆ کێت و کەسایەتی و بنەماڵەت کێیە، بەڵکو پێیخۆشە و دەڵێت کە لە دکتۆر، ئەندازیار یان منداڵ و پیرێکم داوە، کەواتە ئەشکەنجە بۆ ئەوە جۆرێکە لە دەربڕینی نەخۆشی ئەندامانی هێزەکانی پەدەکە".

٧٠٪ی ئەو کەسانەی لەلایەن پەدەکە دەستگیرکرابوون بێ تاوان بوون

ئەو نووسەر و چالاکوانە باسی لە بێ تاوانی بەشێکی زۆری زیندانی کراوانی زیندانەکانی پەدەکەی کرد و ئاشکرای کرد: "زۆربەی دەستگیرکراوەکان کەیسەکانیان گەورە دەکرایەوە تاوەکو نیشانی بدەن کە دەستکەوتیان هەبووە، رۆژنامەنووسێک هەبوو تەمەنی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبوو کە ڕەکابەری کەناڵی ڕووداوی پەدەکە بوو بۆیە ئەندامانی ڕووداو سکاڵایان لەسەری تۆمارکردبوو، کە دەستگیرکرا حەبێکی نەخۆشی سەرعی هەبوو، پیان ووتبوو ئەم حەبە قەدەغە کراوە و قاچاغە بۆیە دەستگیرکرابوو، هەموو ئەم تۆمەتە ساختانە لەپێناو ڕازیکردنی فەرماندەکانیان و بنەماڵە بارزانی بوو، ٧٠٪ی ئەو کەسانەی کە لە ئاسایشی گشتی پەدەکە دەستگیرکرابوون بێ تاوان بوون، نازانم ئەندامانی هێزەکانی پەدەکە بە چ شەرەف و یژدانێک دەژێن و نان دەخۆن".

لە زیندانی پەدەکە مرۆڤ لە تەواوی مافەکانی بێبەشکراوە

حامید باسی خراپی دۆخی مافی مرۆڤ و پێشەڵکارییەکانی پەدەکەی بەرامبەر زیندانی کراوان کرد و ڕایگەیاند: "نامەوێت لایەنگری بۆ هیچ لایەنێک بکەم، بەردەوام لایەنگری ڕاستی بوومە هەرچەندە ڕاستی قورس بووبێت بەڵام ووتوومە لەبارەی ڕاستگۆیی خۆم سەر بڵندم، لەزیندانیش دەرچووم ژیانم هەر بەردەوامە، کەسانێک کە لە زیندانەکانی ئێران، تورکیا، و سوریا بوونە کەس هەبوو کە بۆ ماوەی ١١ ساڵ زیندانی سیاسی عیراق بووە، بەڵام وەکو دوو هەفتەی زیندانەکانی پەدەکە نەبووە، لەهیچ شوێنێکی جیهان شوێنێکی خراپی وەکو ئاسایشی گشتی پەدەکە نیە لە هەولێر کە بە زیندانی کاتی ناوبراو بەڵام بە ساڵان تیدا زیندانت دەکەن و شوێنەکە بۆ ٢٤٠ کەس دروستکراوە بەڵام ٩٠٠کەسی تێدایە، هەموو چرکەکانی رۆژ لەناو ئەو زیندانە ئەشکەنجەیە و مرۆڤ لە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی بێبەشکراوە و پێشێلکاری بەرامبەر دەکرێت".

لە ناوچەی بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆریەتێک هەیە کە لە هیچ ووڵاتێکدا نیە

فایەق حامید بەم شێوەیە باسی دکتاتۆریەتی بنەماڵەی بارزانی کرد: "کاتێک بیردەکەینەوە لە ووشەی دکتاتۆر هەموو کەس زیندانەکانی سەدام حوسێنی بەبیر دێتەوە بەڵام کەسانێک لەگەڵمان زیندانی کرابوون کە لە سەردەمی سەدام حوسێن زیندانی بوونە، دەیانووت زیندانەکانی پەدەکە زۆر خراپترە لە زیندانەکانی رژێمی پێشووی بەعس، پێم وایە هیچ دەوڵەت و کەسێک وەکو بنەماڵەی بارزانی دکتاتۆربن، بنەماڵەی بارزانی کەسی ماستاوچییان لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە پارەی دزراوی مووچەی خەڵک و نەوت هەڵدەگرن و دەیدەنە ماستاوچییەکانیان، خەڵکانێکی زۆر لە بنەماڵەی بارزانی بێزارن بەڵام ناتوانن دەنگی ئەوەیان دەربێت کە تەنانەت ڕەخنەیەکیش بگرن، یەک شتم پێ سەیر بوو کە ئاسایشەکان خەڵکیان ناچار دەکرد کە سوێند بە گۆڕی بارزانی خۆن تاوەکو ئازادبن بەڵام درۆیان لەگەڵ دەکردن و ئازادیان نەدەکردن، لە ناوچەی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆریەتێک هەیە کە تەنانەت لە کۆریای باکور و هیچ ووڵاتێکی دیکەدا نیە".

بنەماڵەی بارزانی هەموو هەوڵیکیان بۆ پارە بووە نەک ئازادی و ماف

هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئامانجی بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی مێژوو هەر پارە بووە و هیچ باوەڕێکیان بە ئازادی و مافی نەتەوە نەبووە و خەڵکیان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بە کوشتداوە و ووتی: "جێگای شەرمەزارییە بۆ بنەماڵەی بارزانی کە ئەو هەموو خەڵکەیان بەکوشت دا تا نیوە حکومەتێک وەربگرن کە هیچ بەدوای ئازادی و مافەوە نەبوونە بەڵکو لەپێناو بەدوای پارەوە بوونە، هیوادارم خەڵکی بچێت بیرەوەرییەکانی (پۆڵ برێمەر) بخوێننەوە کە حاکمی عێراق بوو دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس، دەلێت ' کاتێک مەسعود بارزانی و مام جەلال هاتن زانیم بە پارە هەموو شتێک دەکەن چونکە ئامانجیان تەنها پارەیە ' و خەڵکیشیان هەر بەوە چەوساندۆتەوە کە چاویان لەدوای مووچە بێت، سەڕەڕای بوونی نەوتێکی زۆر بەڵام خەڵکی بێ نەوتن و هەردوو بنەماڵەی دەسەڵات پارەی نەوتی خەڵک بۆخۆیان دەبەن، ئیستا بنەماڵەی بارزانی ناوچەی مەسیفیان بۆخۆیان داگیرکردووە و کردوویانەتە خەتی سور، کە سەرۆکی هیچ ووڵاتێک بەو شێوەیە ناوچەیەکی بۆ خۆی داگیرنەکردووە کە ڕێگا نادات کەس نزیکی بێتەوە".

دەبوو پەدەکە ناوی "پارتی بنەماڵەی بارزانی" بێت

هەروەها ئەو چالاکوانە باسی لە چاوچنۆکی بنەماڵەی بارزانی کرد، ووتی: "پەدەکە ناوخۆی ناوە "پارتی دیموکرات" بەڵام دەبوو ناوخۆی بنێت پارتی بنەماڵەی بارزانی، فریودانی خەڵکی بەسە، ئەوەی بنەماڵەی بارزانی دەیدەنە خەڵکی لە چاکەی خۆیان نیە بەڵکو مافی ئەو خەڵکەیە کە ٩٠٪ی لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە دزراوە، وە چۆن دەبێت ساڵێک دوای سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دێنە ڕێزی دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان، بۆئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بکەن خەڵکیان قڕ کردووە، بە ملیۆنەها کەس برسی و هەژار بێت تا سەدان کەس دەوڵەمەند بوون وە بزانن کە دیکتاتۆریەت چۆنە".

رۆژی بنەماڵەی بارزانی تەواوبووە، دەبێت چاوەڕوانی رۆژی ڕەش بن

لە کۆتایی قسەکانیدا، حامید فایەق نووسەر و چالاکوان، باسی لە بێ دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی کرد کە سەرەڕای بوونی هێزێکی زۆر و هەوڵدەدات کە خۆی بە‌هێز نیشان بدات لە ڕێگەی هێزە سەرکوتکەرەکانی، ووتی: "ئاسایشەکەیان تەواوی شانازی بنەماڵەی بارزانییە، لە کاتێکدا کە تەواوی ووڵاتەکانی دەوروبەر و جیهان هاتوونەتە سەر خاکی باشوری کوردستان پەدەکە نەیتوانیوە پارێزگاری لە باشوری کوردستان بکات، بەڵام کاتێک کەسێک دەبەیەکی ئاو بداتە گەریلاکانی پەکەکە ئەوە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بە تومەتی سیخوری و خیانەت دەستگیری دەکەن، من یەکەم کەس نیم کە ڕەخنە لە بنەماڵەی بارزانی دەگرم لەسەرتاسەری جیهان کەسانێکی زۆر هەن ڕەخنە لە بنەماڵەی بارزانی دەگرن، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیش کەسانی بەکرێگیراو دەگرن بۆ تیرۆرکردنی ڕەخنەگران، چیتر ئەو رۆژانە نەما پەدەکە خەڵکی بە تیرۆرکردن بێدەنگ بکەن، رۆژی بنەماڵەی بارزانی تەواوبوو، دەبێت بنەماڵەی بارزانی چاوەڕوانی رۆژی ڕەشی خۆیان بن".

هـ . ب