دەم پارتی دەستی بە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی خۆجێی کرد
دەم پارتی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ جەماوەردا کرد و لەو چوارچێوەیەدا بە بەشداری هاوسەرۆکان لە شەمزینان و ئەردەخان دەست بە زنجیرە دیدارێکی جەماوەری کرا.
دەم پارتی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ جەماوەردا کرد و لەو چوارچێوەیەدا بە بەشداری هاوسەرۆکان لە شەمزینان و ئەردەخان دەست بە زنجیرە دیدارێکی جەماوەری کرا.
هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان و تولای حاتم ئۆگیولاری لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵباژردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار لە دوو قۆڵەوە دەستیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ جەماوەر کرد. وێستگەی یەکەمی تولای حاتم ئۆگیولاری و شاندی یاوەری ئەردەخان بوو. باقرخان و ئەو شاندەی لەگەڵیدابوو چوونە شەمزینانی جۆلەمێرگ.
شەمزینان
تونجەر باقرخان لە ناوچەی شەمزینان، دوای ئەوەی بە گەرمی پێشوازی لێکرا، لەگەڵ جەماوەر کۆبووەوە و لە وتەیەکدا باسی لەوەکرد، کە لەم هەڵبژاردنەدا قەیومەکان دەنێرنەوە و دەبێت خەڵکی شەمزینان وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە بە زمانی ٣٠ ملیۆن کورد دەڵێن "زمانێک کە نەناسراوە".
باقرخان ئاماژەی بە فرت و فێڵە جیاجیاکانی دەسەڵات کرد کە لە رێگەیانەوە دەیەوێت دەنگ بە دەستبهێنێت و لەو رووەوە باسی لەوەکرد، کە دوو هەزار دەنگدەر لە ناوچەکانی دیکەی تورکیاوە گواستراونەتەوە بۆ شەمزینان بۆ ئەوەی دواتر بڵێن لە هەڵبژاردندا سەرکەوتووین. هاوسەرۆکی دەم پارتی روو لە لایەنگرانی ئاکەپەش وتی، "ویژدانتان قەبوڵی دەکات بە گزی و ساختەکاری شارەوانی بەدەستبهێنن، چۆن رێگە بە خۆتان دەدەن دەنگ بدەنە ئەقڵیەتێکی دز؟ بڕوابکەن دۆخی ئێمە لەو پەڕی بەهێزیدایە و بە پشتیوانی ژنان و گەنجان وانەیەکی باش بەوانە دەدەین کە نکۆڵی لەبوونی کورد دەکەن و کوردان لە زیندانەکاندا توند دەکەن" جەختیشی کردەوە، کە لەم هەڵبژاردنەدا لە شەمزینان سەردەکەون.
دوای پێشکەشکردنی وتارەکان بنکەی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەم پارتی لە شەمزینان کرایەوە و پاشان باقخان و شاندی یاوەری روویانکردە ناوچەی گەڤەر.
ئەردەخان
هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتم ئۆگیولاریش لە گۆڕەپانی هاپتانی ناوچەی مێردنکێی ئەردەخان دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کرد. تولای حاتم ئۆگیولاری دوای ئەوەی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە پێشوازی لێکرا لە وتەیەکدا رایگەیاند، "ئێمە لێرەین. ئێمە لێرە سەردەکەوین. هاوسەرۆکانی شارەداریمان شارەوانی گەل، ژنان، ئیکۆلۆژی و دیموکراسی بە دانیشتوانی ناوچەکە نیشان دەدەن".
حاتم ئۆگیولاری دواتر دانیشتوانی ناوچەکەی بەسەرکردەوە.
هـ . ب