'دەسەڵات ئایینی ئیسلام بەکاردەهێنێت'
ئەکادیمیسیان و زانایانی ئایینی بەشداربووی کۆنفڕانسی ئیسلامی دیموکراتیک، رایانگەیاند، کە ئایین وەک ئامراز و هێز لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە کاردەهێندرێت، هەربۆیە لە ئامانجەکانی دوورخراوەتەوە.
ئەکادیمیسیان و زانایانی ئایینی بەشداربووی کۆنفڕانسی ئیسلامی دیموکراتیک، رایانگەیاند، کە ئایین وەک ئامراز و هێز لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە کاردەهێندرێت، هەربۆیە لە ئامانجەکانی دوورخراوەتەوە.
ئەکادیمیسیان فازیل بەدرەدینئۆغڵو باسی لەوەکرد، دەوڵەت هەوڵ دەدات لە رێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە ئامانجەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، هەر بۆیە هۆشداری بە کوردانی مسوڵمان دا.
بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاریکاری زانایانی ئامەد کۆنفڕانسی 'ئیسلامی دیموکراتیک' لەو شارە سازکرا. کۆنفڕانسەکە لە بینای خزمەتگوزاری یەکێتی ژووری پیشەسازان و دوکاندارانی ئامەد بەڕێوەچوو و تیایدا ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی لە کوردستان و تورکیا، نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان و هەروەها ژمارەیەک ئەکادیمیسیان ئامادەبوون. ژمارەیەک لە زانایانی ئایینی و ئەکادیمیەکان قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.
ئەکادیمیسیان فازیل بەدرەدینئۆغڵو ئەوەی خستەڕوو، کە دەوڵەت ئایین وەک ئامراز و کەرستەیەکی دەسەڵاتداری بەکاردەهێنێت و وتی، "دەوڵەت هەوڵ دەدات لە ئایینەوە هێز بەدەستبهێنێت و بە بەکاری دەهێنێت و بەم جۆرە ئامانجەکانی دەپێکێت. نیازێکی بەو جۆرەی نییە کە لە رێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە شتێکی باش بکات. تاکە ئامانجەکەی ئەوەیە کە لە رێگەی ئایینەوە خۆی بەهێزبکات و ئایینی ئیسلام وەک ئامرازێکی هێز بەکاردەهێنێت، لەگەڵ ئەوەش ستەم و نادادی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدات. ئیسلام بە واتای خۆرادەستکردنە بە راستی. ئایینی ئیسلام زۆرترین گرنگی بە شکۆ و کەسایەتی مرۆڤەکان دەدات. شکاندنی شکۆمەندی مرۆڤەکان بە گوێرەی ئایین رێگەپێدراو نییە. دەبێت گەلی کورد نەکەونە ژێر کاریگەری و دەسەڵاتداری کەس، راستی لەکوێ بوو دەبێت لەوێ بن. گەلی کورد دەبێت بە گوێرەی یەکێتی و یەکگرتوویی بجوڵێتەوە، کێ یەکڕیزی بۆ کورد دەستەبەر دەکات، کێ داوای مافەکانی دەکات و لەپێناو ئەودا تێدەکۆشێت، دەبێت لەگەڵ ئەو هێزەدا یەکبگرن و ستەم لەناو ببەن. لە دۆخێکی پێچەوانەدا هەرخۆیان باجەکەی دەدەن و بەردەوام رووبەڕووی نادادی و ستەم دەبنەوە".
'ئاشکرایە چەندە بەها بە ژنان دەدات'
ئەندامی کۆمسیۆنی گەل و ئایینەکانی دەم پارتی خەدیجە شەکەر سەرنجی بۆ سەر شوێنی ژنان لە ناو ئەندێشەی ئیسلامی دیموکراتیک راکێشا و وتی، "هۆشمەندی ئیسلام، فرەرەهەندە، دەبێت سەرەتا ئەوە دەستنیشان بکرێت. لەسەر بنەمای پێشوازیکردن لە فرەرەنگیەکان، ژیانێک کە مرۆڤ دەتوانێت تیایدا رای خۆی دەرببڕێت، ژیانێکی لەو جۆرەمان پێشکەش دەکات. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە مێژووی ئیسلام دەداتەوە زۆر نمونەی لەو چەشنە دەبینێت. کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە سەر مێژووی ئایینی ئیسلام و مێژووی پێش ئەویش کەسایەتیەکانی وەک حەزرەتی ئایشە، حەزرەتی زەینەب، حەزرەتی خەدیجە و حەزرەتی مریەم بوونیان هەیە. کاتێک بەراورد لەگەڵ هەلومەرج و دۆخی ئەو سەردەمەدا هەڵیدەسەنگێنین، بەراستیش دەبینین کە ئەوان رۆڵی پێشەنگایەتیان گێڕاوە. لەسەردەمی جاهیلیەتدا حەزرەتی خەدیجە لەو جوگرافیایەدا پێشەنگایەتی بۆ بازرگانی دەکرد و لە کاتی پێغەمبەرایەتی حەزرەتی محەمەد پشتیوانی زۆری لێکرد. روانینی ئیسلام بۆ ژنان بەم جۆرە دیار و بەرچاوە. ئەمڕۆ ئیسلام و ئایینەکانی دیکە لە ژێر دەستی دەسەڵاتدا کراونەتە ئامێرێک بۆ ئاراستەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا. بەتایبەتیش ئەوە لە کەسایەتی ژناندا دەیکەن. مامەڵەیەک کە ژن وەک کاڵا دەبینێت، هەرگیز ئێمە قەبوڵی ناکەین. کاتێک لێکۆڵینەوەیەکی راستەقینە لە مێژووی ئیسلام بکرێت، دەبینرێت کە چ بەها و گرنگیەک بە ژنان دەدرێت".
ژیانێک لە سەر بنەمای ماف و دادپەروەری
ئایەتوڵا ئاشتی، سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی کە یەک لە زانا ئایینیە بەشداربووەکانی کۆنفڕانسەکە بوو ئاماژەی بەوەکرد، "ئامانجی سەرەکی و بنچینەیی ئایین ئەوەیە کە مرۆڤەکان ئازاد بکات. مرۆڤ بە ئیرادەی خۆیەوە دەبێتە مرۆڤ. خوداوەند ئایینی بۆ مرۆڤەکان ناردووە، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی خاوەن ئیرادە بێت. ئایین بریتی نییە لە زۆرداری و دژواری، ئایین ئازادییە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیدا ئایین وەک ئامرازێکی زۆرداری بەکاردەهێندرێت. گەلی کورد دەبێت بەر لەهەموو شتێک ئامانج و ئەندێشەی ئایین تێبگات. ئامانجی ئایین تەنیا نوێژ و رۆژوو نییە، ئامانجی ئایینی ئیسلام ژیانێکی شکۆمەندانەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی. ئایینی ئیسلام داکۆکی لە ژیانێک لە سەر بنەمای ماف و دادپەروەری دەکات. بە داخەوە دەسەڵاتداری بە گوێرەی ئایدۆلۆژیای خۆی مامەڵە دەکات. لەمرۆدا هەموو ئایینزا، ئایدۆلۆژیا و تەریقەتەکان ئایین بە گوێرەی خۆیان شی دەکەنەوە. ئەوە بە دڵنیاییەوە راست نییە. دەبێ بە باشی لەوە تێبگەین".
لە بەرامبەر ئیسلامی دەسەڵاتداری، ئیسلامی دیموکراتیک بوونی هەیە
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەویەکان پیر زەینەڵ کەتە باسی لەوەکرد کە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن چەندین کولتور و ئایینە و وتی، "ناسنامە جیاوازە ئەتنیکییەکان رووبەڕووی قڕکردن و کۆمەڵکوژی دەبنەوە، ناسنامە جیاوازەکان دانیان پێدانانرێت. بە ئایین و قورئان پاساو بۆ ئەوە دەهێننەوە، ئیسلامی دەسەڵات رێک بەو جۆرەیە. هەربۆیە دەبێت ئیسلامی دیموکراتیک جێگیربکرێت و بچەسپێندرێت".
هـ . ب