مامۆستا ڕەحمان ئەندامی دەستەی ئازادی ئۆجالان لەبارەی پلانگێڕی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دواو وتی:" ڕێبەر ئۆجالان خاوەنی پڕۆژەیە بۆ چارەسەری کێشەی گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەو سیستمەی کە وەک مۆدێلێک پێشکەشی دەکات کە کۆنفدڕاڵیزمی دیموکراتیکە ئەڵتەرنەیتڤی ئەو سیستمەیە کە ئێستا لە جیهاندا و لەدڵی سەرمایەداری کە ئەوروپا و ئەمریکایە لە قەیراندایە و بۆتە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوەی گەلان و ئازادیخوازان، دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان بەتەنها لەبەر دامەزراندنی پارتێک نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەو خاوەن فکر و فەلسەفەی خۆیەتی و ئەمڕۆ لەجیهاندا بەشێک لە بیرمەندان فەلسەفەکەی ئەو وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی جیهان دەبینن، هەربۆیە دەسەڵاتداران ڕێبەر ئاپۆ بە مەترسی بۆ خۆیان دەبینن."
هەروەها سەبارەت بە خەباتی مەدەنی و بەردەوامی لە چالاکی و مانگرتن و ڕێپێوانەکان ئەو وتی:" ئەم چالاکی و ڕێپێوانانە دۆزی کوردی زیاتر بە جیهان ناساند و کاریگەری پۆزەتیڤی هەبووە، هەر بۆیە ئێمە لە چالاکییەکان بەردەوام دەبین و ناوەستین تا وەکو ئازادی فیزیکی و هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەرمان بەئەنجام نەگات."
ئەبوبەکر مەجید ئەندامی کۆمیتەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان باسی لەوە کرد کە ئەم کۆمیتەیە چەند ساڵێکە لە ئاستی کوردستان و جیهاندا بە مەبەستی داکۆکیکردن لە پرسی گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ و ڕزگارکردنی فیزیکی ئەو دامەزراوە و سەبارەت بە خیانەتی دەوڵەتان و پیلانگێڕیی پانزەی شوبات بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی راگەیاند: " ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە سیاسەت و فەلسەفەکەی سەلماندی کە پڕۆژەکەی بەتەنها بۆ چارەسەری کێشەی کورد نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری کێشە جیهانییەکانە و وەک دەبینن لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا خەڵک بە ڕێبەرایەتی فەلسەفەکەی ڕێبەرمان خەبات و تێکۆشان دەکەن، بە بڕوای من ڕێبەر ئۆجالان بووە مەترسییەک بۆ دەسەڵاتداران و نەیانتوانی نکۆڵی لێبکەن، هەربۆیە لە چوارچێوەی ئەم پیلانگێڕییەدا ویستیان فەلسەفە و خەباتەکەی لە کەسایەتی خۆیدا کۆتایی پێ بهێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون."
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە بزوتنەوەی پارتی کرێکارانی کوردوستان بزوتنەوەیتکی ئازادیخواز و دیموکراتیکە و پێویستی بە خەبات و چالاکی مەدەنی هەیە بۆ چارەسەری پرسی مرۆڤایەتی بە گشتی و وتیشی:" بێگومان پێویستە ئەم چالاکییانە بەردەوام هەبن و کاریگەرییشیان لەسەر هەموو جیهان دیارە."
هـ . ب