کێشەی کورد و کوردستان بە زۆری لە چوارچێوەیەکی تەسکدا وەک دابەشکردن و داگیرکەری لەنێوان چوار دەوڵەتدا باسی لێدەکرێت، بەڵام لە لایەنە جیهانی و سیستەمەوە بە وردی و بە باشی باسی لەسەر ناکرێت.
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا باسی کێشەى کورد و کوردستان کرد، کە لەسەر بنەما و زەمینەیەک سەریهەڵداوە و چۆن بووەتە کۆلۆنییەک و داگیرکراوێک، چۆن پەیوەندیی بە هەژموونی سەرمایەداری و سیستەمی دەوڵەتەوە هەیە. کاڵکان باسی لە پرۆسەی مێژوویی پرسی کورد، زەمینەی دروستبوونی ئەو کێشەیە، نزیکایەتیی سیستمی هێزە جیهانییەکان و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەروەها باسی پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد. کاڵکان لە بەشی یەکەمدا شیکاریی بۆ بەستێن و زەمینەی دروستبوونی پرسی کورد کرد.
کێشەی کورد لە سیستمی مۆدێرنیتەی دێموکراتیک دا، پرۆسەیەکی مێژووییە، کە ئەو سیستمەی دامەزراندووە و لە شانبەشانی سیستمی دەسەڵاتداری و دەوڵەت دا، کە پشتی پێبەستووە، هیچ جیاوازییەکی نییە. ئەم کێشەیە لەلایەن ئەو هێزانەوە دروست بووە. کێشەی کورد هەمیشە لە مێژوودا بوونی نەبووە. وەک ئەوەی ئەم کێشەیە بە درێژایی مێژوو هەمیشە بوونی هەبووە، تێگەیشتنێک بڵاوکراوەتەوە، بەڵام تێگەیشتنێکی لەو شێوەیە هەڵەیە. بەشێوازی جیاواز جیاواز کێشە و گرفت هەبووە، بەڵام نەک وەک ئەوەی کێشەکان کورد بوون، کە ئێستا ئێمە لێی تێدەگەین. کێشەی کورد لە هەندێک بەشی مێژوودا لەسەر هەندێک ناکۆکی و شەڕ و ڕێککەوتن دروستبووە.
کێشەیەکی سەدەیە
بەڕوونترین و ئاشکراترین شێوە، ئەوە کێشەیەکی سەدەیە، پێش ئەوە بەمشێوەیە نەبووە. لە بنەڕەتەوە لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم و دوای ئەوە دروستبوو. بوو بە پرۆسەیەکی مێژوویی، کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دروستبوو. بۆ ئەوەش هەر چۆن پرۆسەیەکی مێژوویی جەنگی یەکەمی جیهانیی دروستکرد و بووە هۆی دروستبوونی کێشەیەک وەک کێشەی کورد. هەر چۆن جەنگی جیهانی یەکەم بە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریەوە بەستراوەتەوە و سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دوا سیستەمی دەوڵەتپارێزی دەسەڵاتخوازە، کێشەی کورد بەگشتی گرفتێکە، کە سیستەمی دەسەڵاتدار - دەوڵەتپارێز دروستیکردووە. ئەم کێشەیە لەلایەن دەسەڵاتخوازی و سیستەمی دەوڵەتەوە دروست بووە. بۆیە کێشەکی پێش پێنج هەزار ساڵ نییە.
کێشەیەکی وەهایە، کە لە پرۆسەی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتنەکانی مۆدێرنیتەی ئەمدواییەی ئەم سیستمە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دروستبووە. ئەمەش پەیوەندیی لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتدا بەوشێوەیەیە. لە بنچینەدا بەستراوە بە دوا مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ئەوروپا و شوێنەکانی تر ماوەی ٥٠٠ ساڵە گەشەی کردووە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە تا ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم هەوڵی بڵاوبونەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، لە ڕووی ئایدۆلۆژی و فەلسەفی و سەربازی و سیاسییەوە هەوڵ دەدا کاریگەری دروست بکات و بەم شێوەیە بچێتە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ئێمە ناتوانین بە دڵنیاییەوە شتی وا بڵێین، ئەگەر کێشەی کورد کێشەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بێت، ئەوا ناتوانین بڵێین، لەبەر ئەوەی ٥٠٠ ساڵة سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست هەیە، ئەوا ئەم کێشەیە ماوەی ٥٠٠ ساڵە هەیە. بەڵێ، سیستمێکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پەیوەندیی بە هەوڵەکانی بۆ بڵاوبونەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بەڵام ئەو پرۆسەیە، کە سەری هەڵداوە پرۆسەی جەنگی جیهانی یەکەمە. لێرە، دەبێت دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی جەنگی جیهانی یەکەم بناسرێنەوە. یەکەم؛ سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی، لە کەسایەتیی دەسەڵاتداریی مێژوویی و سیستەمی دەوڵەتدا، بۆ یەکەم جار دەبێتە هێزێکی جیهانی. تا ئەو کاتە لەم جیهانە دەوڵەت هەیە. ڕێبەر ئاپۆ وتی: "لە ژێر ناسنامە و ناوی جیاواز جیاوازدا چەندین دەوڵەت هەیە. ئەو دەوڵەتانە تێکشکێنران و هی تازە بە ناوی جیاواز جیاوازەوە بنیادنراون، بەڵام دەوڵەت دەوڵەتە. ئەوە ماوەی ٥٠٠٠ ساڵە وەک تۆپەڵە بەفر گەورە بووە. ئێستا وەک نەهەنگێکی (لیڤیاتان) لێهاتووە و بەسەسەر جیهاندا زاڵە"، ئەوە ڕاستییەکە.
لە نێو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا لە جیهاندا چەندین دەوڵەت هەیە، بەڵام پێش جەنگی جیهانی یەکەم، هیچ دەوڵەتێک لە هەموو جیهاندا نەبوو. ئەم جیهانە دەوڵەتپارێزە دەستی بەسەر هەموو جیهاندا نەگرتووە، لە هەندێک شوێناندا هەیە، لە هەندێک شوێنیشدا هیچ دەوڵەتێک نییە. ئێمە دەزانین، ئە دیاردەیە، کە پێی دەوترێت دەوڵەت لە سۆمەر و لە ٤٠٠٠ و ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە دەستی پێکردووە. سومەر لە نێوان بەغدا و بەسرە لەو دۆڵێکدا لە نێوان ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دا دروستبوو. شاری زۆری هەیە. ناوی شارەکانیان ئود، ئوروک و... هتدن. لەم شارانەدا سیستەمێکی نوێی سەردەستی و زاڵبوون ڕێکخراوەیی نوێ هەبوون و بەوە بەڕێوەدەبران. ئەمە سیستمێکی چەتە، تاڵانکاری و زۆرداری و ستەمە، کە کەسانێک دەیانهەوێت هەموو شتێک بخەنە دەستی خۆیان و بۆ خۆیان بەکاری بهێنن.
لە ماوەی ٥ بۆ ٦ هەزار ساڵدا لەوێوە دەستیپێکرد و بە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بڵاوبوویەوە. لەوێوە بە میزۆپۆتامیای سەروودا بڵاوبوویەوە. بوو بە بابل، بوو بە ئاشوور، بە هەردوو لادا بڵاو بوویەوە. پەڕییەوە بۆ ڕۆژئاوا، لە دۆڵی نیل بوو بە میسر. پەڕییەوە بۆ ڕۆژهەڵات، لە زاگرۆس و لە ڕۆژهەڵاتیشدا بوو بە مەد (مەدیا / میدیا) و زۆری و چڕی بوو بە پەرس (پارس / فارس). لەوێوە چوو بۆ ئیجە لە گریک – یونان بوو بە باڵادەست و فەرمانڕەوا. بۆ کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و لە باشوری ئەوروپا بڵاوبوویەوە و تاوەکو ڕۆما ڕۆیشت. یەکەم سەردەم بەوشێوەیە بنیات نراوە. دەوڵەت لەم شوێنانەدا هەبوو، هیچ شوێنێکی تر نەبوو. لەڕۆژهەڵاتی ئاسیا تاوەکو چین بڵاوبوویەوە. لە باکووری ئەفریقا بڵاوبوویەوە، بوون بە هەندێک ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتەکانی سەدەکانی ناوەڕاست. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو بە ئیمپراتۆری. لە پرۆسەیەکی ئاوادا سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕۆژئاوای ئەوروپا گەشە دەکات.
ناوی داگیرکەرییان کرد بە 'ئازادیی بازرگانی'
بەڵێ دەوڵەت هێزی داگیرکاری و چەوساندنەوە و گوشار بوو، بەڵام ئەخلاقی کۆمەڵایەتی ئەم یاسایەی دەوڵەتی سەرکوت کرد و چەند سنوورێکی بۆ داگیرکردنی کۆمەڵگا دادەنا. پێشکەوتنی سەرمایەداری لە ئەوروپادا بەو مانایە دێت، کە ئەو بەربەستانەی کە ناهێڵین ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی داگیرکاری بەسەر کۆمەڵگادا قبوڵ بکرێت لە ناو ببەن، بۆ ئەوەش سیستەمێکی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم دامەزرێنرا. سیستمێکی داگیرکەری و چەوساندنەوەی وەها دروست بکرێت، کە هەموو جۆرە داگیرکەرییەک و کۆلۆنیالیزمێک قبوڵ بکات و وەک هونەر سەیر بکرێت. بەو جۆرە تێگەیشتن و فەلسەفەیە جیهان تاڵانکرا. بەهۆی ئەوەی ئەو شتانە، کە لە ڕێگەی سەرکوت و داگیرکارییەوە بەدەست دەهاتن، یەکدەست بوون، سیستەمی دەوڵەت بۆ کۆلۆنیالیزمی سەرمایەداری لە ئەوروپادا کراووە بوو، بە سوودوەرگرتن لەو ڕاستییە پێشکەوتنی زانستی و تەکنیکی لە بواری زاڵبوون و قووڵکردنەوەدا وایکرد، کە زیاتر تاڵانی بکات و بەو شێوەیە هەموو دونیای تاڵانکرد. بەم شێوەیە داگیرکەری دەستی پێکرد. بێگومان کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری مانای ئەوەیە، کە هەموو سامان و دەوڵەمەندیی جیهان تاڵان بکرێت و بدرێت بە ئەوروپا. ئەوان هەموو دەوڵەمەندی و سامانی ئەفریقایان تاڵانکرد، ئەمریکا و ئاسیایان بۆ خۆیان هەڵگرت، بەتایبەتی بە سوود وەرگرتن لە هێزی تەکنیکی، توانییان لە زەریاکان و ئۆقیانوسەکان بپەڕنەوە. ئەوان ناوی ئەمەیان نا "ئازادی بازرگانی" و بە ئازادی ناوزەدیان کرد.
دەبێت تێگەیشتن دروست لە ئازادی هەبێت
لەژێر ناوی ئازادییەوە گەلیان خستە ژێر هەموو جۆرە گوشار و کۆیلایەتیەک. ئێستاس دەڵێن کۆمەڵگا لە ئاسیا و ئەفریقاوە دەچنە دەرەوە و شەپۆلی کۆچبەران دێن. پۆل پۆل روودەکەنە ئەوروپا و ئەمریکا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی هەموو بەهاکانی ئەو ناوچانە لەسەرەتای دروستبوونی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە تاڵان کران. هەموو ئەو گەشەسەندنانەی لەوێ روویاندا، نایەکسانی هێزەکان لەوێ روویدا. لەلایەکەوە مرۆڤ تووشی برسێتی دەبن. ئەو سیستمە لە ٥٠٠ ساڵدا جیهانێکی بەو جۆرەی خوڵقاند. ئەمە هاوسەنگی جیهانی تێکدا. لەبەر ئەوە سیستمی دەوڵەتپارێز بە سودوەرگرتن لە پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا هەموو جیهانی دۆزیەوە. سەرەتا وەک تاڵانی کۆلۆنیالیستی دروستی کرد. دواتر ئەو کۆلۆنیالیستییە وەک تاڵان بەس نییە. ویستی ئەو شوێنانە بە باڵادەستبوونی سیاسی و سەربازی دەستیان بەسەردا بگرێت. دواتر سەرمایەی بەرهەمهێنا و کۆلۆنیالیزمی نوێی دامەزراند. بەم جۆرە سیستمەکانی دەوڵەت بڵاوبوونەوە، هەموو جیهان بۆ کۆلۆنیازم کرایەوە و هەموو دنیایان خستە ژێر باڵادەستی دەوڵەتپارێزەوە.
بەجیهانیبوونی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری
شەڕی یەکەمی جیهانی بە واتای دوو شت دێت. یەکەم؛ هەموو جیهان بکەوێتە ژێر باڵادەستی دەسەڵاتداری و سیستمی دەوڵەتپارێز و جگە لە سەروەری دەوڵەت بستێک خاکیش نەمێنێتەوە و لە ئاستی گەردونیدا دەسەڵاتدا و سیستمی دەوڵەت یەکدەست بن. واتە دەوڵەت و سیستمی دەسەڵاتدا هەموو جیهانی گرتووەتە دەستی خۆی. بەر لەوە لە هەموو شوێنێکی جیهان دەوڵەت بوونی نەبوو. لە زۆر ناوچەی ئەمریکا، کۆمەڵگاکان خاوەنی ژیانی ئازادی خۆیان بوون. سیستم هەیە کە تیایدا پێکهاتەی ئیتنیکی، کۆمەڵی گەل، عەشیرەت و گەل لە بەکۆمەڵایەتیبوونیدا دەژین. لە ئەفریقا و ئاسیا هەیە. سیستمی دەوڵەتپارێز هەموو ئەوانەی هەڵوەشاندەوە. لە هەموو شوێنێک دەوڵەت و باڵادەستی دەوڵەتی دامەزراند. خۆبەرێوەبەری کۆمەڵگاکانی هەڵوەشاندەوە. نەک هەر خاک، دەستی بە سەر کۆمەڵگاشدا گرت. تەنیا ئەوشتانەی لەگەڵ خۆیدا نەبرد کە دەستی بەسەردا گرتبوون، هەموو جیهانی خستە ژێر باڵادەستی خۆیەوە. دنیا بەر لە سەد ساڵ کەوتە بن باڵادەستی دەوڵەتەوە. ئەم جیهانە بەر لە سەد ساڵ بەم جۆرە نەبوو. نابێت بەم جۆرە تێبگەن کە پێشتر بەردەوام بەم جۆرە بووە. نابێت بوترێت خۆ لە مێژوودا لە هەموو شوێنێکی دنیادا دەوڵەت هەبووە و ناوچەیەکی بێدەوڵەت بوونی نەبووە. وا نییە. دەوڵەت لەهەندێک ناوچەی جیهان هەبوو. لەهەندێک شوێنیش کۆمەڵگا هەبوون. لەناو سیستمی کولتوری خۆیاندا کۆمەڵگا هەبوون کە دەوڵەت نەبوون. لەگەڵ شەڕی یەکەمی جیهانی دۆخەکە گۆڕدرا. یەک لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی ئەوەیە کە سیستمی دەوڵەت پارێز دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرت، یاخود لە سەر ئاستی جیهاندا بووە باڵادەست. ئەمە لەسەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا دەستەبەر بوو. هەربۆیە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە جیهانی دەبێت.
بەرژەوەندییەکانی بەریتنیا
تایبەتمەندی دووەم ئەمەیە؛ دەوڵەت لە نێوان هەندێک گروپی یەک دەست و هەندێک دەوڵەتدا دابەش دەکرێت. شەڕەکە شەڕی دابەشکارییەکی بەم جۆرەیە. شەڕ شەڕی دەوڵەتە کە دنیا بخاتە ژێردەستیەوە. ئەمە شەڕێکە بۆ پارچەکردن و دابەشکردنی جیهان لە نێوان هەندێک گروپی یەکدەست و دەوڵەتان. هاوپەیمانیان دروست کرد. پێیان دەگوت 'هاوپەیمانی سێ قۆڵی'. لە چەقی هێزە ناکۆکەکاندا بەریتانیا و ئەڵمانیا هەن. شەڕی جیهانی یەکەم شەڕی ئەو دوو هێزەیە. لەسەر بنەمای بەرەوپێشچونی سەرەتایی ئەوە، دەوڵەتی بەریتانیا تا هیندستانی خستبووە ژێر دەستی خۆیەوە. بووە دەوڵەتێک کە پێیان دەوت ئەو ئیپراتۆریەتەی 'خۆر تیایدا ئاوا نابێت'. ئەڵمانیا دژی ئەوە ناڕەزایەتی نیشاندا. ئەڵمانیا دەیگوت کە منیش دەمەوێت بەشێک لەوەم بەربکەوێت. کاتێک ئەو بەشەی داوای دەکرد پێینەدرا وتی 'من تێکیدەدەم و دەبمە هێزی یەکەم'. ناکۆکی و ململانێی ئەوەی کە کێ ببێتە گەورەترین هێزی دنیا و کێ زیاتر لە دنیا داگیر بکات، شەڕی یەکەمی جیهانی لێکەوتەوە. ئەڵمانیا بەدەوری خۆیەوە هاوپەیمانێتییەکی دروست کرد. نەمسا، هەنگاریا و ئیمپراتۆری عوسمانی بوونە هاوپەیمانی. بەریتانیاس لەگەڵ فەرەنسا و روسیا هاوپەیمانی سازکرد. چوار ساڵ شەڕیان کرد. لە کۆتایی شەڕدا بەرەی ئەڵمانیا تێکچوو. بەرەی بەریتانیا سەرکەوت. سیستمی جیهان لەدوای ئەوە بە گوێرەی روانین، پلان و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی بەریتانیا دروست بوو. لەسەر ئەو بنەمایە بە گوێرەی بەرژەوەندی بەریتانیا سیستمێکی نوێی باڵادەستی بەدەست خست.
شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧
لەکاتی شەڕدا گۆڕانکارییەک روویدا؛ لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ١٩١٧دا و سەرەتای تشرینی دووەمدا لە رووسیا شۆڕشێک روویدا. پێی دەڵێن "شۆڕشی سۆسیالیست، شۆڕشی بۆلشیڤیک". وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەر ناودێر کراوە. کاتێک شۆڕشێکی بەم جۆرە هاتەئاراوە، روسیا لە شەڕەکە کشایەوە. لەبەر ئەوە، ئەو لە هاوپەیمانی بەریتانیا –فەرەنسا کشایەوە. کاتێک رووسیای سۆڤیەت لە شەڕ و هاوپەیمانی کشایەوە بەریتانیا و فەرەنسا وەک هێزی هاوپەیمان لە دژی ئەڵمانیا مانەوە. ئەو هێزانە ئەڵمانیایان بەرەو شکست برد. لە هاوپەیمانی بەریتانیا و فەرەنسادا بەریتانیا هێزی ناوەندی بوو. دوای شەڕەکە بەریتانیا و فەرەنسا جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد و بە گوێرەی پەیمان و بەرژەوەندی خۆیان سیستمێکیان دامەزراند.
دەبێت ئەوەی لێزیاد بکرێت کە لەسەدەکانی پێشوودا، لەسەدەی ١٣ و ١٤ەوە لە کاتی تاڵانکردنی ئەمریکا و ئەفریقادا، ئەو شوێنانە هەمووی لەلایەن دەوڵەتانەوە دەستیان بەسەردا گیرا. لەوێ باڵادەستی دەوڵەتپارێز دامەزرابوون. لە چارەکی کۆتایی سەدەی ١٨دا ئەمریکا دامەزرا. دەوڵەتێکی ٢٠٠ ساڵەیە. ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەشەڕێکی لەم جۆرە و دامەزراندنی سیستمی دەوڵەتپارێزی جیهانییەوە نییە. لە ئەنجامی ململانێ و شەڕەکانی شەڕی جیهانی دووەمەوە سیستمەکە لەسەر ئەو مایەوە، بەڵام بە قورسی سەرمایە و سیاسەتی بەریتانیایە کە سیستمەکەی گەیاندە ئاستی جیهانی و ئیمپراتۆریەکی جیهانی دامەزراند. فەرەنساش لەوەدا بەشداربوو. خۆی لە خۆیدا لە سەدەکانی پێشوودا لە ژێرناوی دۆزینەوە و دروستکردنی جیهاندا ناوچەکانی دیکەیان تاڵان کردبوو و باڵادەستیان پێکهێنابوو. کێشەکە ئەوە بوو کە کێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باڵادەست بێت.
دەوڵەتی نوێی کۆلۆنیالیستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوو هۆکار پێویستی بە باڵادەستی هەبوو. یەک؛ بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی یەکدەستخوازی جیهانی دەبوایە بناغەیەکی مێژوویی هەبوایە. مێژووی سیستمی دەوڵەت پارێزیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد. لەبر ئەوەی لە سومەر دەستیپێکرد. ریشەی دەوڵەت لە سومەرە. سیستمێکی دەوڵەتپارێز کەنەتوانێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبهێنێت ناتوانێت هەژمۆنی جیهانی هەبێت. لەبر ئەوەی رابردوویەکی مێژوویی نییە. لەبەر ئەوەی خۆی وەک مێژوو بێنێتەئاراوە، دەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبهێنێت. دەبێت ئەو شوێنەی کە دەوڵەت تیایدا دامەزراوە و بەرەوپێشچووە بەدەست بهێنێت.
دوو; سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگ بوون. لە ژێر زەوی و سەر زەویدا دەوڵەمەندی زۆر هەبوو. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەبوو. کانی ژێر زەوی هەبوو. لەو کاتەدا زۆرێکیان دەرهێنران و بەکارهێنران. ئامرازێکی نوێ بەناوی بەنزین دروستکرا. سەرچاوەیەکی گەورەی وزە بوو. بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆزرایەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکانی عەرەبی گۆڕەپانی سەرەکی بوون. بۆیە پێویست بوو دەست بەسەر ئەو سەرچاوە وزەیەدا بگیرێت. لە راستیدا بەشەکانی تری جیهان دەستی بەسەردا گیرابوو، ئەو هێزانەی کە دەیانویست بەسەر جیهاندا زاڵ بن، بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی وزە و دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ بەدەستهێنانی سیستمی دەوڵەتپارێ، لەنێو خۆیاندا شەڕیان کرد. شەڕی نێوان ئەڵمانیا و بەریتانیا بەردەوام بوو، بەڵام ناوەندی شەڕەکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.
لە راستیدا جەنگی جیهانی یەکەم شەڕێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. کاتێک دەسەڵات و سیستمی دەوڵەتپارێز ببێتە هێزی هەژموونی جیهانی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوتە ژێر هەژموونی کام لایەن؟ کام هێز سیستمی دەوڵەتپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیات دەنایەوە؟ ئەوە پرسیار بوو و لەپێناویدا شەڕ روویدا. ئەڵمانیا کە هاوپەیمانی دەوڵەتی عوسمانی بوو کە کاریگەرترین دەسەڵات بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێی وابوو لەسەر بنەمای خۆی ئەو پەیوەندیە سەردەکەویت، بەڵام شەڕەکەی دۆڕاند. بەرەی ئەڵمانی – عوسمانی شکستی هێنا. بۆیە دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا بەپێی بەرژەوەندییەکانیان پێکهاتەیەکی نوێیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد. نەخشەیەکی سیاسی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرا. به پێی بەرژەوەندییەکانیان دابەشیان کرد و بڵاوەیان پێکرد و لەسەر سیستمی هەژموونی خۆیان سیستمێکی دەوڵەتپارێزیان دروست کرد. سەرەتا سیستەمی 'ماندا' دامەزرێنرا، و کران بە نیو داگیرکراو. دواتر بەڕێوەبەرایەتیەکان (ماندا) گۆڕدران بۆ دەوڵەت و بوون بە دەوڵەتی وابەستەی ئەوان. بوون بە دەوڵەتی ستەمکاری نوێ. هەندێک دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزران، بەڵام بەپێی بەرژەوەندییەکانیان لەسەر ئەو سنوورانەی کە بەریتانیا و فەرەنسا کێشابوویان دامەزران. پەیوەست بەوانەوە. وەک دەوڵەتی عەرەبی سەریان هەڵدا، بەڵام لە جەوهەریاندا دەوڵەتێکی لەو شێوەیە نین. بەگوێرەی بەرژەوەندی بەریتانیا و فەڕەنسا دەجووڵێنەوە.
لۆزان: پێناسەی تورکیایەکی نوێ
هەرچەندە تێکشکان، بەڵام کەمالیستەکان لەدژی پارچەبوونی تورکیا وەستانەوە. لەسەر بناغەی کەلتوری کۆنی دەوڵەتپارێزی، سوپای عوسمانی لەژێر سەرۆکایەتی مستەفا کەمالدا، لەدژی سیستمی فەڕەنسا و بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیڤەر هێڵی خۆیان کێشابوو، نارەزایەتیان پیشاندا و دەستیان بە شەڕ کرد. ئەوانیش لەوە سوودیان وەرگرت کە لە روسیا شۆڕشێکی سۆسیالیستی هەبوو. ئەوانیش خۆیان بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیف خۆیان دەسپاردە ئەوە. پشتگیریان لە شۆڕشی روسیا وەرگەت. بەو هێزە، ئەو نەخشەیەی کە بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ ئەنادۆڵ کێشابوویان رەدیان کردەوە و لەدژی وەستانەوە. هەبوونی خۆیان وەک هەبوونی تورک و کورد پێناسە کرد.کۆمەڵگەی ئیسلامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە عەرەبەکان وەک دەوڵەتی خۆیان پێناسە کرد. ئەوان شەڕەکەیان بە پشتگیری بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، سیستمی عەشایەتی کوردی ئەو کاتە، گروپەکانی دیکەی ئەنادۆڵ و هێزی چەپ بەڕێوە برد و خۆیان لەلای فەڕەنسا و بەریتانیا والێکرد کە قبوڵ بکرێن. پەیمانی لۆزان لە جێگەی تورکیای بچوک کە لە رۆژئاوای ئەنادۆڵ بوو و بەگوێرەی پەیمانی سیڤەر دروستکرابوو، بە پێناسەیەکی نوێی تورکیا کە کوردستانیش لەنێویدا بوو بە پەیمانی میساقی میللی نوێ نەخشەکەی کێشرابوو. دواتر لە ساڵی ١٩٢١ فەڕەنسا قبوڵی کرد. دواتر لە لۆزان پێکەوە پەیمانیان بەست. لە ساڵی ١٩٢٦ بە ۆەیمانی ئەنقەرە سنوری تورکیا و عێراق دیاری کرا. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک دامەزرێنرا. دەرئەنجامەکەی ئەوە نەبوو کە بەریتانیا و فەرەنسا لە کۆتایی جەنگدا پێشبینیان کردبوو. دوای ئەوە، ئەو شەڕەی لە ساڵی ١٩١٨ کۆتایی هات، لە ڕاستیدا تا ساڵی ١٩٢٦ لە کوردستان بەردەوام بوو. دابەشبوون و پارچەکردنی ئەم دواییەی کوردستان لە نێوان بەریتانیا و تورکیا لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٢٦ ڕوویدا. لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەنقەرە کە لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرابوو، سنورەکان دانران. ئەو سیستمە سیاسییەی کە پێشبینی دەکرا لە دوای جەنگەوە سەریهەڵدا. ئەو نەخشانەی ئەمڕۆ دەیبینین، سنوورەکانی دەوڵەت، ئەو کاتە کێشراون.
گۆڕەپانی عەرەبی دابەشکرابوو بەسەر ٢٢ دەوڵەتدا، سنوورەکانیان بە جەدوەل لەسەر مێز کێشرابوو. لەسەر بنەمای دابەشکردنی سەرچاوەکانی وزە ئەم کارەیان کرد. لەو شوێنانەی سەروەت و سامان و نەوت هەیە، بەریتانیا و فەرەنسا بەپێی بەرژەوەندیەکانیان ئەم شوێنانەیان دابەش کردووە. یەکەم; بە تێکۆشان لەنێو یەکدیدا دابەشکران. دوو; پارچە پارچەیان کردن و لاوازیان کرد، بەجۆرێک کە هەموویان سەربە ئەوان بن. لەو کاتەدا گۆڕەپانی عەرەبی بەم شێوەیە دابەش بوو. پێش ئەوە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەبوو. دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی هەبوون. پاشان عوسمانیەکان بوونە دەسەڵاتدار. لە جیهانی عەرەبیدا ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی هەبووە. راستیەکی عەرەبی بە ٢٢ دەوڵەتی نەتەوەییەوە وەک ئێستا نەبوو. لە لایەکی ترەوە ململانێ لەسەر کوردستان وەک مەیدانی ململانێی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێران لە سەدەکانی ناوەڕاستدا جارجارە بەردەوام بوو. هەندێک جار عوسمانییەکان زاڵ دەبوون و هەندێک جاریش ئیمپراتۆریەتی فارس زاڵ دەبوو. ئێرانییەکان تاوەکو روحا و تەنانەت بۆ ماوەیەک تاوەکو لوبنان رویشتن. لەو سەردەمانەدا هەندێک جار بەسەر هەموو کوردستان باڵادەست دەبوون.
سبەینێ: کوردستان چۆن داگیرکرا؟
ف.ق/ژ.ت/هـ.ب