ناڕەزایەتیی و هەڵوێستەکان لە دژی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی میدیای ئازاد، شەهید (گوڵستان تارا) و شەهید (هێرۆ بەهادین) بەردەوامە، کە لە 23ی مانگی ڕابردوو، لە ناوچەی سەیدسادق بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرانە ئامانج و تیرۆرکران.
لەم بارەیەوە کازم (تاکۆر زەردەشت)، باوکی شەهید هەڵمەت دێرەلوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک مێشک و بڕبڕەی پشتی کورد، کە میدیا و دەنگی ئازادە دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی بێدەنگمان بکات، ئەو کەسانەی بەڕاستی پێویستی ئەم کۆمەڵگایەن کە قەڵەمبەدەستانی ڕاگەیاندنی ئازادن تیرۆر دەکات، بەڵام ئەمانە مردنی ڕاستی نین، مردنی ڕاستی ئەو کاتەیە کە بێدەنگ دەبین بەرامبەر بەو کردەوانە، گەلی کورد ناخی پڕ ئاگرە بەرامبەر بە داگیرکاری، بەڵام دەسەڵاتی کوردی بە جۆرێکە کە ناهێڵێت گەل هەڵوێستی تەواو پیشان بدات."
ئەو سەبارەت بە دەزگای پاراستن و بەناو دژەتیرۆری پەدەکە و کردەوەکانی، پێیوابوو ئەمە نەک هەر دەزگای پاراستنی گەل نییە، بەڵکو بە دژی گەلەکەی خۆیەتی و وتیشی: "دەبێ گەل بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەڵوێستە بکات، نابێت ڕێبدرێت بەم جۆرە ببنە چاوساغی دوژمن و هێڵی خیانەت، پەیامم بۆ هەمووان ئەوەیە کە لە بەرامبەر داگیرکاری بێدەنگ مەبن و هەڵوێست وەربگرن."
هەر سەبارەت بەم پرسە، ڕۆژنامەنووس ئازاد سنور ڕەحمان وتی: "تیرۆرکردنی ئەم شەهیدانە لە ناو باشوری کوردستان گرێدراوی دۆخی سیاسییە و مانای شکستی سی و سێ ساڵەی حوکمڕانی کوردییە، ئێمە دوو شەهیدمان لەدەستداوە، بەڵام بە هەزاران ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە شوێنەکەیان بە گڕوتینێکی زیاترەوە بەردەوام دەبن و درێژە بە ڕێگە و ڕێبازیان دەدرێت."