دەوڵەتی تورک لە ٦ شار ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی ئەنجامدا

لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیدا بە لانیکەمەوە لە شرنەخ و ناوچەکانی، لە ناوچەى بازیدی ئاگری ٢٣ کەس دەستگیرکران. لە شاری ئامەدیش میکائیل یامان لەبەر ئەوەى پارەی بۆ برا گەورە زیندانیکراوەکەى ناردووە، دەستگیرکرا.

ئەم بەیانییە پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى بازیدی ئاگری هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان و دەستی بە پشکنینی ماڵەکان کرد. پۆلیس دوای پشکنینی ماڵەکان و تێک و پێکدانی کەلوپەلی ناو ماڵەکان، تالها کایا ئەندامی ئەنجوومەنی هەدەپە، ئەحمەد یاشمش بەڕێوەبەریی رێخستنەکانی هەدەپە لە بازید، جەمیل چۆک نوێنەری کۆمەڵەى بنەماڵەى زیندانیان و دەستگیرکراوان (توهای دەر / TUHAY-DER)  و رەحیم گۆنەن ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی بازید و بە گشتی ١٣ کەسیان دەستگیرکرد.

هاوکات هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى رێزانی ئامەد میکائیل یامان-یان بە پاساوی ئەوەى لە ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٠ پارەى بۆ ئیبراهیم خەلیل یامانی برای زیندانکیراوی ناردووە، کە هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپە لە ئەرغەنیی ئامەد بووە، دەستگیریان کرد و تۆمەتی "یارمەتیدانی رێکخستن"یان خستووەتە پاڵی.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک لە بەردەوامیی تاوانەکانیان دژ بە چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورد لە ناوەندی پارێزگای شرنەخ و شاری شرنەخ و لە ناوچەکانی هەزەخ، جزیر و قلەبان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان. لەو هەڵکوتانەدا عەگید یگیت بەڕێوەبەری هەدەپە، هاووڵاتییان فاتمە ئاجە، فرات ئاکیۆڵ، جەمیل بیلیک، نیهاد کوجوک، مەعسوم کورامی، سەرحەد چاتوک، موستەفا دال، عومەر کاراڤیش و عەبدوڵا یامان-یان دەستگیرکرد.

پۆلیس تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی رانگەیاندووە و باس لەوە دەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی کەسە دەستگیرکراوەکان زیاتر بن.

ژ.ت