دەوڵەتی تورک ئاگری لە چیای مەتینا بەردا

بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر چیای مەتینا ئاگر لەناوچەکە کەوتووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنیوز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کاتژمێر ١١:٠٠ بە کاتی ناوچەکە لە رێگەی فرۆکەی شەڕەوە چیای مەتینای بۆردومان کردووە، کە دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدیی سەر بە پارێزگای دهۆک.

راگەیەندرا کە بە هۆی بۆردومانەکەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە. تائێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە نەناوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رۆژانی رابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر چیای مەتینا چڕتر کردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر سەرباز، چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆسی لە هەرێمەکە جێگیرکردووە. بەهۆی هێرشەکانەوە چەندین گوند چۆڵکراون، بەغدا و هەولێریش لەبەرامبەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک تائێستاش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

هـ. ب